سەلیم كۆیی: كۆمەڵ‌و گۆڕان‌و هاوپەیمانی كار لەسەر پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەكەن

کوردستان

07/01/2018‌ 888 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەلیم كۆیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە هەرسێ لایەنی كۆمەڵ، بزووتنەوەی گۆڕان‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كار لەسەر پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەكەن.

سەلیم كۆیی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژە بەوەش دەكات "بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكەشدا دەكەین"و جەختیشدەكاتەوە باشترین چارەسەر بۆ ھەرێمی كوردستان، رێككەوتنە لەگەڵ عێراق لەگەڵ شەڕی جێبەجێكردنی دەستوور. 

پێش چەند رۆژێك كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كشانەوە، چاوەڕێی ئەمە دەكەن بۆ یەكگرتووی ئیسلامیش كە مۆڵەتی داوە بە حكوومەت بۆ مانەوە یان نەمانەوە؟ 

سەلیم كۆیی: ئێمە ئەو بڕیارەی كە داومانە دیارە پێشتریش لە رابردوودا ھەمان ھەڵوێستمان ھەبووە، ئێمە كە لە سەرەتاوە چووینە ناو حكوومەت مەرجمان ئەوە بووە كە چاكسازی بكرێت و لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونماندا لە رابردوو شەش پاكێجمان داوە بە حكوومەت بۆ ئەوەی چاكسازی بكات. لە سەرەتای دروستكردنی ئەم كابینەیەش بڕیاریان دا كە ئەو شەش پاكێجە جێبەجێ بكەن، بەڵام دیار بوو نەیانكرد، ئێمەش داماننابوو ئەگەر لە دووساڵی یەكەمی تەمەنی كابینەكە ئەو چاكسازییانە نەكرێت لە حكوومەت بكشێینەوە، بەڵام بە ھۆی ھێرش و شەڕی داعش بە چاكمان نەزانی پشتی حكوومەت بەربدەین و بكشێینەوە، بەڵام ئێستا ھیچ بیانوویەك نەماوە بۆ مانەوەمان لەناو حكوومەت، چونكە حكوومەتێك نەتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەكانی خەڵك جێبەجێ بكات، جگە لەوەی چاكسازی نەكرابێت و خزمەتی خەڵك نەكرابێت ئەوا ھیچ بیانوویەك بۆ مانەوە لەو حكوومەتە نەماوە. 

سەبارەت بە لایەنەكانی دیكەش ھەر لایەنێكی سیاسی كە بەشدارە لەو حكوومەتە بۆ چاكسازی و بۆ خزمەتكردنی خەڵكە، ئەگەر كاتێك ئەوانە نەكران و پێداویستییەكانی خەڵك جێبەجێ نەكران، ئەو كات باشترین چارەسەر ئەوەیە بەشدار نەبیت لەوەی نەتوانیت خزمەت بكەیت و بكشێیتەوە باشترە، پێم وایە لایەنەكانی تر درەنگ یان زوو دەگەنە ئەو قەناعەتە، بەڵام زووتر بێت باشتر بێت بۆ ئەوەی چارەسەری بكەین بە ھەموومانەوە. 

كەواتە پێشبینی دەكەن یەكگرتوو لە حكوومەت بكشێتەوە؟ 

سەلیم كۆیی: یەكگرتوو بە پێی ئەو مەرجانەی بۆخۆیان دایانناوە ئەگەر جێبەجێ نەكرێت دەكشێنەوە، ئەگەر مەرجەكانییان جێبەجێ بكرێت و حكوومەت بتوانێت ئەو ھەنگاوانە بنێت شتی باشە، بەڵام پێم وا نییە حكوومەت بتوانێت، چونكە حكوومەت مەرجی ئەو دوو لایەنەی تری جێبەجێ نەكردووە نەوەك ھی یەكگرتوو جێبەجێ بكات، تا ئێستا حكوومەت دان بەوەدا نانێت كە ھەڵەی كردووە و نەیانتوانیوە خزمەتی ئەو خەڵكە بكات و غەدریی لێ كردووە و ھیچێكی وا نەكراوە داوای لێبوردن لەو خەڵكە بكات، ئێستا سێ چوار مانگ بۆ ھەڵبژاردن ماوە و دڵی خۆیان بەوە خۆش دەكەن، بەڵام بە ھەمان شێوە دەبێت وەكو رابردوو. لە چەند رۆژی داھاتوو دەردەكەوێت، ئەگەر بە پێی داواكارییەكان بێت داواكارییەكانی برایانی یەكگرتوو جێبەجێی ناكات، پێشی ناكرێت، بۆیە ئەگەر ئەوە نەكرا ئەوا یەكگرتووش دەكشێتەوە. 

ئێوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە نیازی دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنن كارەكانتان بە كوێ گەیشتوون؟ 
سەلیم كۆیی: ئێمە لە رابردووشدا ھەوڵمان داوە و بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنیش ھەر ھەبوو و لەناو حكوومەتیش ھەر بەو رووحییەتە بووین، لەبەر ئەوەی خەڵك زۆر ستەملێكراوە، بۆیە ئەم بەرەیەش دەبێت ھەموو لایەنەكان ھەماھەنگ و ھاوكار بن بۆ ئەوەی بتوانیین چاكسازی بكەین، ئێمە لەگەڵ ھیچ لایەنێك كێشەمان نییە، بەڵكو كێشەمان لەگەڵ چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەم وڵاتە ھەیە، بە دانپێدانانی خۆیان و دەرەوەش ئەم حكوومەتە نەیتوانیوە خزمەت بكات. 

بۆیە بۆ ئەوەی چاكسازی بكەین دەبێت بەرەیەك ھەبێت و لەگەڵ لایەنەكانی ناوخۆ و دەرەوە و عێراقیش دەبێت بەرچاو روونییەك ھەبێت كە ئێمە چیمان دەوێت، بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە بەلا رێدا نەبرێت، چونكە دەگوترێت گوایە لە پێناوی رازیكردنی خەڵك یان ھەڵبژاردنە ئێمە كشاوینەتەوە، بۆیە پڕۆژەیەكمان ھەیە و ئەگەر ھەر پێنج لایەنەكە بەشدار بن تیایدا باشتر دەبێت و بە پێی پڕۆژەیەكی چاكسازی دەبێت بڕۆین، ئێستا لە سەروبەندی ئەوەداین ئەو سێ لایەنە پڕۆژەیەكمان ھەبێت بۆ بەرچاو روونیی ھەمووان. 

ئێمە لەگەڵ لایەنەكانی تریش ھەوڵی گفتوگۆ دەدەین بۆ ئەوەی بگەین بەوەی لەسەر ئەو پڕۆژەیە یەكدەنگ بین و ھەنگاو بنێین، رێككەوتووین كە بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەین، بەڵام شێوازی كاركردن و وردەكاری ئەوە كاتی زیاتری دەوێت، ئەو بەرەیەی ئێمە بەرەیەكی جەماوەرییە و پەیوەندیی بە خەڵكی كوردستانە و دەبێت لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت، بۆیە داواكاریی لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كراوە كە لە حكوومەت بكشێینەوە و ھەوڵ بدەین زیاتر ئەم بەرەیە زیاتر كارا بێت، ئێمە لە رابردووشدا ھەوێنی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بووین و جەماوەری كوردستان دڵی بەوە خۆشە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ ھەر لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوون و بەو روحیەتە كارمان كردووە ئەگەر لەناو حكوومەتەیشدا بووبێتین. 

ئێوە بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو بەیەك لیست بەشداریی ھەڵبژاردن دەكەن؟ 

سەلیم كۆیی: ئەوەش شێوازی كاركردن ئەوانەشی تێدایە كە بەیەك لیست دابەزین یان بەجیا، ئێستاش بۆ رزگاركردنی ھەرێمی كوردستان كار لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەین، چونكە خەڵك خزمەتگوزاریی نییە و دەمانەوێت لەگەڵ حكوومەتی عێراقیش رێگەچارەیەك بدۆزینەوە، ناكۆكییمان لەسەر ئەو دابەزینە لە ھەڵبژاردن نییە، ئەو لایەنانە بە لای ئێمە ھەر یەك لیستی و رێككەوتنێك بكەین گرنگ ئەوەیە ھەرێمی كوردستان لەو قەیرانانە رزگار بكەین. 

 چاوەڕێی چی لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی ھەرێمی كوردستان دەكەن؟ نەخشەی سیاسی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت؟ 

سەلیم كۆیی: ھەڵبژاردنەكان ئەگەر لە كەشێكی لەبار بكرێت و پاكسازی و چاكسازی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكرێت ئەوا باش دەبێت، دەمانەوێت ھەڵبژاردنی پاك و بێگەرد بێت، ئێستا بە لای خەڵكەوە مووچە و قوتی گرنگە، دواتر ھەڵبژاردنەكان بۆ سیستەمی حوكمڕانی داھاتوو دەبێت بەرچاوی روون بێت، دەبێت كۆمیسیۆنیش خەڵك دڵنیا بكاتەوە گۆڕانكاریی دەكرێت و ساختەكاری ناكرێت. 

ئێمە نامانەوێت ھەڵبژاردنەكان وەكو جاران تێپەڕێنێت، دەبێت خەڵك و لایەنەكان دڵنیاببنەوە كە ھەڵبژاردن بە پاكی بەڕێوەدەچێت. 

دەوترێت دەنگەكانی كۆمەڵی ئیسلامی وەكو یەكێك لە لایەنە سیاسییەكان زیاد دەبێت، ئێوە پێشبینی و توێژینەوەتان بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو و ئەنجامەكانی چیین؟ 

سەلیم كۆیی: بە لای ئێمەوە ئێستا گرنگە ھەڵبژاردن پاك و بێگەرد بێت، ساختەكاری تیادا نەبێت، قۆرخكاری تیادا نەبێت وەكو ھەڵبژاردنەكانی پێشتر، بۆیە ھەموو گۆڕانكارییەكان لە ھەڵبژاردن دەبێت رووبدات، ئیتر ئەو كات كێ كورسی زیاد دەكات یان نا ئەوە خەڵك بڕیار دەدات، ئێمە ئێستا لە بری كودەتا و راپەڕین پێمان باشە ھەڵبژاردنێكی پاك بكرێت. 

سیستەم و شێواز و كاتی ھەڵبژاردنەكە كاریگەریی زۆری ھەیە، چونكە ماقووڵ نییە لە ٢٦ ساڵی رابردوو ھاوسەنگی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ھەر وەكو خۆی بێت، ئێستا دەرفەتی باشمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەك بێت دەنگی راستەقینە بەدەربكەوێت. ئێستا ساختەكاری و دەنگی مردوو و دووبارە و ئەو كێشانەی لە تۆماری دەنگدەران ھەیە وایكردووە دەنگی راستەقینە دەرنەكەوێت، بۆیە ئێمە كار لەسەر ئەمە دەكەین ھەڵبژاردن بە پاكی بێت. پێشبینی دەكەین ئەگەر ھەڵبژاردن پاك و بێگەرد بێت یەكێتی و پارتی دەنگی خۆیان ناھێننەوە، ساختەكاری زۆر دەكرێت و دەنگی مردوو و دووبارە زۆرە، ھەڵبژاردن بووە بە بێزاركەر و ئەگەر خەڵك دڵنیابێت و ھەڵبژاردن پاك بێت دەنگی راستەقینەی لایەنەكان دەردەكەوێت. ئێستا حكوومەتی عێراق سیستەمی ئەلیكترۆنی بەكاردەھێنێت و ئەمە كارێكی باشە ئەگەر ساختەكاریش بكرێت كەم دەبێت. 

پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھێشتا ناجێگیرە، پێشبینی دەكەن كرانەوەیە رووبدات؟ 

سەلیم كۆیی: پێموایە پەیوەندییەكان لە رابردوودا لە ئاستی سەربەخۆیی كوردستان بێتە سەر فیدڕاڵییەكی شێوە حوكمی زاتی لە شێوەی جوگرافی وەكو حوكمی زاتی كۆنە، ئەمەش پێویستی بەوە ھەیە ھەرێمی كوردستان بەخۆدا بچێتەوە و باجی ئەو ھەڵەیە بدات كە كردوویەتی، ئێستا رای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئیقلیمی جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە، ھەروەھا گەڕانەوە بۆ دەستوور، گەڕانەوەمان بۆ دەستوور و رێككەوتن لەگەڵ عێراق لە بەرژەوەندیی خەڵك و ھەموو لایەكە تا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ھەرێمی كوردستانیش لە دەنگی نێودەوڵەتی بگات و ناكرێت پێچەوانەی ئەوەبین و ئێستا رای نێودەوڵەتی لەگەڵ یەكپارچەیی عێراقن، ئەگەر پابەندبین بەو دەستوورەوە ئەوە بەرەو باشتر دەڕۆین. 

پێشبینی دەكەن پەیوەندییەكان باشتر ببنەوە؟ 

سەلیم كۆیی: ئێستا لە سەروبەندی ھەڵبژاردنەكانداین، ھەرێمی كوردستان تاكە رێگەی بەردەمی رێككەوتنە لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی مووچە و بوودجەی بۆ بنێرێت، حكوومەتی ھەرێم زۆر پابەندبوونی خۆیان بە دەستوور و یەكپارچەیی عێراقەوە نیشانداوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر زۆر مەودایەكی دوور لە نێوان سەربەخۆیی و پابەندبوون بەدەستوورەوە ھەبووە، بۆیە كاتی دەوێت تا دەگەڕێینەوە سەر نزیك بوونەوەی ئەو دوورییە، بەڵام ئێستا ئاماژەكان لەسەر ئەوە ماوە رێكخستنی دانیشتنێكی دەوێت و دەگەنە ئەنجام. 

دەوترێت حەیدەر عەبادی تا دوای ھەڵبژاردن وەڵامی كورد ناداتەوە، ئەمە راستە؟ 

سەلیم كۆیی: عەبادی ئەگەر كورد پابەند بكات بە دەستوور و بوودجە و مووچەی بۆ بنێرێت ھەر براوەیە، چونكە ئەوە كۆنتڕۆڵكردنی ھەرێمی كوردستانە و سەروەرییەك دەبێت بۆ عەبادی، بەداخەوە لەناو بەغداش بۆچوونێك ھەیە كێ لە كورد دەنگی نزیك بێت دەنگی كەم دەكات، بۆیە ئێستا ئەگەر مووچەش بدات دەنگی ئەو زیاتر دەبێت بۆ مانەوەی لە داھاتوو. 

قسەیەك ھەیە كورد دووبارە ھاوپەیمانی لەگەڵ نوری مالكی بكاتەوە، ئەمە شتێكی باشە جگە لەوەی كە لە سیاسەتدا دۆستی بەردەوام و دوژمنی بەردەوام نییە، بەڵكو بەرژەوەندیی بەردەوام ھەیە؟ 

سەلیم كۆیی: حاڵەتی رابردوو حاڵەتێكی نا سروشتی بوو، مامەڵەكردنی كورد لەگەڵ نوری مالكی و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، مالكی ئێستاش لەسەر قسەی خۆیەتی كە ئەگەر كورد پابەند بێت بە دەستوورەوە بەتایبەت لە بەڕێكردنی نەوت و شتی تر كە كورد رێژەیان دانابوو ٣١ ھەزار پێشمەرگەی ھەبێت لەنێو سیستەمی بەرگری، بۆیە ھەندێك شتی بچووك مابوو پێشتر بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئەوانە نەكراوە، ئێستا سروشتییە ئەگەر رێكبكەون ھەر لایەنێك لەگەڵ لایەنێكی تر، بەڵام ئەوەی وتراوە پێشتر ناواقیعی بووە، چونكە جەعفەری و مالكی ھەر بە قسەی كورد لابران، بەڵام عەبادی ئەمریكا پشتیوانی زیاتری لێ دەكات و براوەی جەنگە. لە راستیدا ھاتنی داعش زۆر پەیوەندیی بە مالكی نەبووە، بەڵكو پەیوەندیی بەو ناڕێكی و ناتەباییەوە ھەبوو كە لە عێراقدا ھەبوو، داعش كە ھاتنە ناوچە سوننییەكان ئەوەبوو كە زیاتر ژینگەكە بۆ داعش لەبار بوو، بۆیە لە ھەر شوێنێك كە ناڕێكی و ناتەبایی ھەبێت ھێزێك دێت زۆر نەگونجاوە، بۆیە ئەگەر كورد لە رابردوودا پابەند بایە بە دەستوورەوە باشتر دەبوو و شەڕی داعشیشمان بە تووشەوە نەدەبوو كە لە ئەنجامی كێشەكان و شەڕی سوننە و شیعە دروست بوو، بۆیە ئاساییە مامەڵە لەگەڵ مالكی، بەڵام تاچەند لە بەرژەوەندیی كوردە، ئەوە دیاریی دەكات، نابێت رەتی بەرەیەك بكەین كە سوننە یان شیعەیە، یان شتی تر، بۆیە ئیتر سیاسەت دەكرێت و گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان پارێزراو بێت. بۆیە باشترین رێگەچارە بۆ كورد لەدوای شكستی ریفراندۆم و رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە شەڕی پابەندبوونە بە دەستوورەوە. پێشتریش ئەگەر كورد جەختی لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری بكردبایەتەوە دەستكەوتمان زیاتر بوو، بەڵام یەكێتی و پارتی زیاتر كەڵكەڵەی سەربەخۆییان ھەبوو و ئێمەش پێمان گونجاو نەبوو كە كاتەكەی و پاڵپشتیی نییە، بۆیە ئێمە پێمان وابوو كە پاڵپشتی نییە ئەگەرچی دەیانگوت كە پاڵپشتی ھەیە و ئەو شتانە بەردەستن، پێمان وابوو ئەگەر جیاببینەوە و بە رێككەوتن بێت لەگەڵ عێراق ئەوكات دەكرا و ئەگەر ھەموو وڵاتانیش پێیان ناخۆش با، بەڵام ئێمە لەگەڵ عێراق زۆر ناتەبا بووین و بەتایبەت لەگەڵ مالكی، كێشەی سەرەكیش لە مەسەلەی بەڕێكردنی نەوت دەستی پێكرد، ئێستا بوودجەكەمان بڕا و نەوتەكەشمان دەڕوات و قەرزاریشین، بۆیە نەوت بۆ كوردستان نیقمەت بووە نەك نیعمەت، ئێستا باس لە ٣٠ ملیار دۆلار قەرز لەسەر ھەرێمی كوردستان دەكرێت. لێرەدا كۆمپانیاكان قازانجییان كرد و كورد زەرەری كرد و لە ھەموو لایەكیشەوە زەرەرمان كرد، ئێمە ترسمان ھەبوو لەگەڵ سوننە نەگەین بە چارەسەر كەچی لەگەڵ شیعەش تێكچووین، ئەی چیمان كرد.