پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كاتی زۆری دەوێت

کوردستان

23/11/2018‌ 1285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە دانوستاندن و وتووێژكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵام رەنگە كاتێكی زۆریان بوێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

بەپێی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی ڕۆژی 30 ی مانگی نۆدا پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و بەمەش پارتی بووەتە زۆرینە لە پەرلەماندا و هەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە 21 كورسی پەرلەمانی هەیە.

لە ساڵی 1992 ، كە یەكەم حكومەتی هەرێم پێكهێنرا پارتی‌و یەكێتی پێكڕا بە 50 بە 50 حكومەتیان پێكهێنا و هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەم دوو هێزە فەرمانڕەوای هەرێمی كوردستانن، یان هەر هیچ نەبێت لە ناوچەكانی قەڵمڕەوی خۆیاندا (زۆنی زەرد و زۆنی سەوز) دەسەڵاتی یەكەمن.

هەرچۆنێك بێت لە نێوەندی قەیران‌و گرژی سیاسیدا هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كرا و ئێستا لە قۆناغی پاش هەڵبژاردندا هەر یەكێك لە لایەنە سیاسییەكان بێ لەپارتی‌و یەكێتی لە دووڕیانی ئەگەر و نەگەری بەشداریكردندان لە كابینەی نۆی هەرێمی كوردستاندا.

بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، زۆرێك لە شیكەرەوە لەوبڕوایەدان دەشێت پێكهێنانی كابینەی نۆی هەرێم زیاد لەجارانی پێشتر كاتی بوێت، چونكە وەك دەڵێن هێشتا پەرلەمانی هەرێم نەیتوانیوە دەستەی سەرۆكایەتی خۆی هەڵبژێرێت، واتە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بە كراوەیی ماوەتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پێكهێنانی ئەم كابینەیە لە كاتێكدایە كە ئاڵۆزی و ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان هەر لە هەمان ئاستی خۆیاندان و بێ متمانەییەكی زۆریش لە نێوان لایەنەكاندا هەیە.

ئەمانە بێ لەوەی هێشتا كابینەی پێشووی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە بە ئەندازەی پێویست موچەی كارمەندان و فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، وەك دەڵێت هێشتا قەیرانی دارایی نەڕەویوەتەوە.

لەئێستادا زۆربەی قسەی شەقام لەسەر ئەگەر و نەگەرەكانی بەشداری بزووتنەوەی گۆڕانە لەم كابینە نوێیەدا. 

بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر بەشداری لە كابینەی هەشتدا هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پدك ڕێی لە دكتۆر یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمان گرت لەوەی بچێتە هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو كێشانەی لەسەر بەرنوسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هاتنە ئاراوە،نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی هەشت كە پێدەچێت كابینەی نۆش هەر بە سەرۆكایەتی خۆی بێت، وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕانی لەكار لادا.

ئەوەی جێی سەرنجە هێشتا هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ پڕۆژەیەك یان هەر هیچ نەبێت ڕوانینی خۆیان لەسەر پێكهێنانی كابینەكە ڕانەگەیاندووە، زیاتر قسەیان لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵا و سەرەكییەكانی ناو حكومەتە و بەڵام هەر هەمووشیان داوای هاوبەشییەكی ڕاستەقینە دەكەن لەو كابینەیەدا نەك هەر بەشداربوون.

هـ ـ ح