وردەكاری هەوڵی پارتی‌و یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان

کوردستان

07/01/2019‌ 2651 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، كە رۆژی یەكشەممە 6/1/2018 لە سلێمانی كرا، تاوتوێی چەند پرسێكی جیاوازی كردووە، لەوانەش، وردەكارییەكانی دانانی وەزیرە كوردەكەی بەغدا، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەیەكی نوێ، كە لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتییەوە ئامادەكراوە، بەڵام ئەوەی زۆرتر گفتوگۆی لەبارەوە كرابوو، پرسی پارێزگای كەركوك و كۆبوونەوەی داهاتوویانە لەگەڵ پارتی.

هەفتەنامەی رووداو ئەمڕۆ دوو شەممە لەزاری ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بڵاویكردووەتەوەو رایگەیاندووە "ئێستا چارەسەر ئەوەیە لەنێوان ئێمە و پارتیدا، پرۆژەیەكی مامناوەندی بێتە ئاراوە و ئێمەش پرۆژەیەكی نوێمان ئامادە كردووە".

هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێ، پارتی و یەكێتی گێڕایەوە بۆ ساڵانی كۆتایی دەیەی نەوەتەكان، كە كادرێكی پارتی لە سلێمانی دەستگیركرا، وەك كاردانەوە ئاسایشی هەولێریش كادرێكی یەكێتی دەستگیر كرد لەكاتێكدا دەبوو دوای كۆتایی پشووی سەری ساڵ، شاندی دانوستاندنكاری هەردوولا كۆببنەوە، بۆ ئەوەی بچنە نێو وردەكارییەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت و یەكلاكردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، چەند شەعاتێك دوای دەستگیركردنی ئەو دوو كادرەی یەكێتی‌و پارتی، پەیوەندی بەسەركردەكانی هەردوولاوە كردووە و داوای كردووە دۆخەكە هێوربكەنەوە و بە زووترین كات دەستگیركراوەكان ئازاد بكەن. 

سەرچاوەیەكی نزیك لە سكرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان بەهەفتەنامەكەی راگەیاندووە "محەمەدی حاجی مەحمود، خۆی پەیوەندی بە هەردوولاوە كردووە، لەگەڵ كاك كۆسرەت كۆبووەوە و كاك كۆسرەت بەڵێنی پێدابوو لەماوەیەكی كورتدا كێشەكە چارەسەر بكرێت و دۆخەكە هێور بكرێتەوە".

لەو كۆبوونەوانەی پێشتر پارتی لەگەڵ یەكێتی كردبوونی، هیچ بەرەوپێشچوونێك وەدی نەهاتبوون بۆ پێكهێنانی حكومەت، چونكە داواكارییەكانی یەكێتی بۆ ئەوەی پارتی بگەڕێتەوە بۆ كەركوك و پارێزگارێك دیاری بكەن بۆ شارەكە، لەگەڵ وردەكارییەكانی تەواوكردنی كابینەی حكومەتی بەغدا، وەك یەك پاكێج لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، لەلایەن پارتییەوە رەتكرابوونەوە، بۆیە راگەیەندراوی دواتری هیچكام لەو كۆبوونەوانە ئاماژەیەكیان تێدا نەبوو بۆ نزیكبوونەوەیان لە رێككەوتن. 

عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ئومێدەوارە لەكۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ پارتی بگەنە قۆناخێكی باشی لێكتێگەیشتن‌و هەنگاوی باش بنێن، "بەڵام هێشتا روون نییە كۆبوونەوەكە بە دیاریكراوی كەی دەبێت و دەگەینە رێككەوتنێكی باش یان نا".

بەڵام وەك ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی یەكێتی باسی كرد، لەكۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ پارتی، كەشی پەیوەندییەكانی نێوانیان بە تەواوی هێور دەكرێتەوە و هەوڵدەدرێت لەیەكتێگەیشتن بێتە ئاراوە، "عاقڵمەندەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هاتوونەتە سەر هێڵ، هەرچەندە ئاسان نییە لە كۆبوونەوەی داهاتوو رێككەوتنی تەواوەتی بێتە ئاراوە، بەڵام ئێمە داوامان كردووە رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی بكەین كە كێشەكانمان لەهەموو جێگایەك چارەسەر بكەین نەك تەنیا حكومەتی هەرێمی كوردستان".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت: راستە پارتی داواكارییەكانی ئێمەی رەتكردووەتەوە و رازی نەبووە كێشەكانی بەغدا و كەركوك و پێكهێنانی حكومەت بكرێنە یەك پاكێج، "بەڵام بە پارتیمان وتووە، چۆن دەكرێت لە كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت رێكبكەوین و كێشەمان نەمێنێ، بەڵام لە كەركووك و بەغدا تیمەكانمان و فراكسیۆنەكانمان دژی یەك بن و هیچ هەماهەنگییەكیان نەبێت".

بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی پرۆژەیەكی نوێیان ئامادە كردووە و پرۆژەكە هەندێك رێگاچارەی نوێی پێشنیازكردووە لە نێوان داواكارییەكانی یەكێتی و پارتی بۆ پرسی بەغدا و كەركوك و كوردستان. 

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی، كە بۆ خۆی یەكێكە لەوانەی بەشداریی لە ئامادەكردنی پڕۆژەكە كردووە، دەڵێت: "ئەو پرۆژە نوێیەمان داوەتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەپێی پرۆژەكە خاڵە جیاوازەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كەمدەبێتەوە و چارەسەری ناوەندی دۆزیوەتەوە، لە دانیشتنی ئەمجارەی پارتی و یەكێتی، پێشكەش بە پارتی دەكرێت و ئەوكات دەردەكەوێ كە ئاخۆ رێكدەكەون یان نا".

پارتی دیموكرات، دەیەوێت لە دانیشتنی داهاتوویدا لەگەڵ یەكێتی، بەشاندی یەكێتی بڵێ مامەڵەی 21 كورسیان لەگەڵ ناكەن، "بەڵام 50 بە 50شیان لەگەڵ ناكرێت و هەوڵیش دەدرێت دۆخێك بهێندرێتە پێشەوە، یەكێتی رازی ببێت و لەوە زۆرتر بەربەست بۆ كۆبوونەوەكان دروستنەكات، پێشبینی دەكەم ئەمجارە لەگەڵ یەكێتی بەئەنجامێكی باشتر لە كۆبوونەوە بێینە دەرەوە". 

نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی، وتیشی "ئارامی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری و دەستكەوتەكانی لە پۆست و پشكەكان گەورەترن و هەوڵدەدەین بگەینە چارەسەرێك".

هەروەها سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتی، دەڵێت: لە دانیشتنەكانی پێشوودا، پارتی داوای ناوی بەربژێرەكانی یەكێتی كردووە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت، بەڵام یەكێتی وتوویانە هێشتا ئەوە لەنێوخۆمان یەكلانەكراوەتەوە، "بۆ پرسی كەركوكیش پارتی دەیەوێت یەكێتی تێبگەیەنێت، كە ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركووك تەنیا گەڕانەوەی پارتی و دانانی پارێزگارێك نییە، بەڵكو ئاساییبوونەوە بەمانای چوونە دەرەوەی ئەو هێزە زۆرانە دێت لەناو شاری كەركوكن".

بەرپرسێكی یەكێتیش وتی: "پارتی داوای لە یەكێتی كردووە لە چوار ساڵی داهاتوودا حكومەت رووبەرووی موفاجەئە نەكرێتەوە وەك ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوو روویدا".

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی پارتی، باسی كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات و دەڵێت:  "رۆژی سێشەممەی داهاتوو شاندی یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆدەبنەوە و پێدەچێت بارزانی سەرپەرشتی كۆبوونەوە هاوبەشەكە بكات، یەكێتی 5 وەزارەت و گۆڕان 3 وەزارەتیان بەردەكەوێت و دەبێت پرسی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلابكرێتەوە، بۆ ئەوەی هەر لەو مانگەدا حكومەت پێكبهێندرێت".

ئەمجارە شاندی یەكێتی لەلایەن كۆسرەت رەسوولەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی، پێیوایە پارتی پێویستی بە رێككەوتن هەیە لەگەڵ یەكێتی بۆ ئەوەی لەكاتی دەنگدان بە كابینەی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەنگەكان بە شێوەیەك نەبن "دواتر بگوترێ سەرۆكی هەرێم بە دەنگی پەرلەمانتارانی هەولێر و دهۆك بووەتە سەرۆكی هەرێم و تەنیا 50 دەنگ نەهێنێ، پێشبینی دەكەم بگەینە ئەنجامێك كە لە رێككەوتن نزیكمان بكاتەوە، بەڵام یەكێتی زۆر مەبەستییەتی كەركووك نەخرێتە دەرەوەی ئەو رێككەوتنەوە".

هـ ـ ح