قەرزاوی "باوكی ڕۆحی" ئەنجامدەرانی تەقینەوەكانی سریلانكایە

جیهان

27/04/2019‌ 4643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وێنەیەكی ی یوسف قەڕزاوی سەركردەی ئیخوانی لەگەڵ زەهران هاشمی تۆمەتبار بەتەقینەوە خۆكوژییەكەی سریلانكا، پرسیارگەلێكی ورژاندن سەبارەت بە ڕۆڵی قەڕزاوی و بیرۆكە و پەرتووك و ووتارەكانی لە جۆشدانی ئەو گروپانەی قەڕزاوی بە موڕشید و سەركردەی ڕۆحی خۆیان دەزانن. 

ئەم دیدارە دووبارە تیشك دەخاتەوەسەر ئەو ڕۆڵەی ئیخوان موسلمین دەیبینن، چ وەك ڕێكخرا و چ وەك كەسایەتییە ڕەمزەكانیان، وەك یەكەم باوەشی گەرم بۆ نەشونماكردنی توندڕەووی و ڕقلێبوونەوەی ئەوی دیكە و ئامادەكردنی توندڕەوەكان و موریدەكانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان لەژێر سایە و سێبەر و دروشمی جیهاد و حاكمیەت و گروپە دەربازبووەكەدا‌( الفرقە الناجیە).

هێشتا ڕوون نەبۆتەوە شوێن و بەرواری وێنەكە كوێیە و كەیە، بەڵام بەڵگەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن كە وێنەكە لە نووسینگەی زەڕقاوی‌ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر گیراوه ، ئەمەش دوای سەردانێكی زەهران هاشم بۆ قەتەر.

ئەم وێنەیە دەمەتقێی پێشووی هێنایەوە ئارا كە دەوڵەتی قەتەر پشتیوانی گروپە توندڕەووەكانە، ئەمەش‌ ڕەوایی دەدات بەو تۆمەتانەی 4 دەوڵەتە عەرەبییەكە (كە پەیوەندییان لەگەڵ قەتەر پچڕاندووە)  ئاراستەی دەوحەی دەكەن بە هۆی پشتیوانیكردن و پارەداركردن و پەنادانی ئەو گروپانەی لە لیستی تیرۆردان، چ‌ ئەوانەی لە لیستی تیرۆری هەرێمیدان یان ئەوانەی لە لیستی تیرۆری جیهانیدان.

سەرۆكایەتی ڕێكخراوی ئیخوان لە ئەستۆی قەڕزاوی دابوو كە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە قەتەر پشتیوانی لێدەكرد، دواتر سەرۆكایەتییەكە كەوتە دەست ئەحمەد بەسیونی.

ئەو ڕێكخراوە ئەو سەندیكا و ڕێكخراوە ئیسلامییانە لەخۆ دەگرێت كە باوەڕیان بە سیاسەتی ئیخوان موسلمین هەیە لە جیهاندا، بۆیە پشتیان دەگرێت و پارەداریشیان دەكات.

چاودێران دیدارەكەی قەڕزاوی لەگەڵ هاشم كە سەرۆكایەتی گروپی تەوحید و نور دەكات  و تۆمەتباری سەرەكی تەقینەوەكانی سریلانكایە، دەبەستنەوە بەو گریمانەی كە هزر و ئاراستەی ئیخوان كاریگەر‌ی لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوە تیرۆرستیانە هەبووە كە 359 كەسیان كرده قوربانی.

چاودێرە سیاسییەكان دەپرسن كە ئاخۆ پەیوەندی قەڕزاوی بە هاشمەوە چی بێت ، چ پەیوەندییەكیش ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین دەبەستێتەوە بە ڕێكخراوی تەوحید و نورەوە؟

ئەم وێنەیەی باوكی ڕوحی ئیخوانەكان لەگەڵ تۆمەتباری تەقینەوه تیرۆرستییە‌كانی سریلانكا كە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە میدیاكاندا قسەوباسی لەبارەوەكرا، لە لایەن قەڕزاوی و یەكیەتی جیهانی زانایانی موسوڵمانەوە هیچ قسەی لەسەر نەكرا.

وێنەكەی فەتوا بەناوبانگەكانی قەڕزاویمان بیردەخاتەوە كە تەقینەوە تیرۆرستییەكانی ڕیكخراوی حەماسی ئیسلامی فەڵەستینی  حەلاڵ كردبوو كە لە گۆرەپانی سیاسی فەڵەستینی پەنایان بۆ دەبات و ئەنجامیان دەدات، پێش ئەوەی لەم بۆچوونەی پەشیمان ببێتەوە و بە پێچەوانەوە فەتوا بدات. هەروەها فەتواكانی پشتیوانیكردن لە جوڵانەوە توندڕەوەكانی سوریا، یانە ئەو گروپە ئیخوانییە توندڕەوانەی لە شۆرشی میسری ساڵی 2013 سەقامگیری ئەمنی ئەو ووڵاتەیان بەئامانج گرتبوو.

شارەزایانی بزاوتی ئیسلامی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن ئەو وێنەی قەڕزاوی و زەهران بەیەكەوە كۆدەكاتەوە، دەرگاكانی لێكۆڵینەوە واڵادەكەن سەبارەت بە پەیوەندی ئیخوان موسلمین بەو‌ گروپە توندڕەوانەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسایا سەریانهەڵداوە، كە لە 11 ی سێبتێمبەرەوە دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی كردەی تیرۆرستی دژ بە خەڵكانی مەدەنی بێ تاوان.

ئەو چاودێرانە پێیان وایە وێنەكە پەیامیكی بەهێزە بۆ هەندێك دەوڵەتی عەرەبی كە بەردەوامن لە جیاكردنەوەی بێهودەی نێوان ڕەووتەكانی ئیسلامی توندڕەوو لە ڕەو‌وتی دیكەی مەدەنی و دیموكراسی وەك ئیخوان موسلمین، ئەمەش ڕێگە بۆ ئەو ڕێكخراوە خۆشدەكات چالاكییە بانگخوازی و پەروەردەییەكان بخاتەگەڕ بۆ كردەكانی ڕاكیشانی ئەندامانی ڕەوەندی عەرەبی و ئامادەكردنیان بۆ وەبەرهێنانیان لە پڕۆژە تیرۆرییەكاندا، بە جۆشدانیان بە بیرۆكەی كەنارگیری و دووركەوتنەوە لە كۆمەڵگا و ڕقلێبوونەوەی لە بەها ڕۆژئاواییەكان كە تۆمەتباری دەكەن بەوەی‌ بەرپرسە لە داتەپینی بەها جوانەكان.

چەند ڕاپۆرت و لێكۆڵینەوەیەكی ڕۆژئاوایی و لەوانەش ڕاپۆرتەكەی پەیمانگای تۆنی بلێر بۆ گۆڕانكاری لە جیهاندا لە ساڵی 2017 ، هۆشداری ئەوەیان داوە سەبارەت بەو ڕۆڵەی قوتابخانە تایبەتەكان و سەنتەرە ئیسلامییەكان دەیگێڕن كە لە ڕواڵەتدا وادەردەكەون كە توندڕەوونین، وە پێویستی دروستكردنی ژینگەیەكی فێركاری لە بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەووی.
 
دەسەڵاتدارانی سریلاكاناش ڕایانگەیاندبوو كە ڕێوشوێنی پێویست گیراونەبەر بۆ لێكۆڵینەوە لە ووردەكاری ئەو كردە تیرۆرستییانە، وە زەهران هاشم ئەندامی گروپی تەوحیدە، ئەو گروپەش یەكێكە لەو لایەنە سەرەكییانەی تێوەگلاوی ئەو تەقینەوانەیە، ئاماژەی بەوەشداوە كە مانگی ڕابردوو پلانی داڕشتووە بۆ هێرشكردنەسەر كۆمیسیۆنی باڵای هندستان لە كۆڵۆمبۆی پایتەخت، بەڵام پلانەكە پوچەڵكراوەتەوە.

مەغریب ڕۆڵی هەبووە لە ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەنجامدەری ئەو تەقینەوانە. ڕاپۆرتە میدیاییەكانی هندستانیش باسیان لەوە كردووە كە دەزگای هەواڵگری مەغریب لەوبارەوە زانیاریان داوەتە هەردوو دەزگای هەواڵگری سریلانكا و هندستان،  زانیارییەكانیش یارمەتیدەربوون لە ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەنجامدەری تەقینەوەكان.

ئاژانسی هەواڵی هندستانیش نووسیویەتی: "مەغرب زانیاری ڕازگری گرنگی پیشكەشی سریلانكا كردووە، ئەمەش‌ هۆكار بوو بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو 9 تیرۆرستەی پەیوەستن بە ڕێكخراوی  داعشەوە".

ڕۆژنامەی "ئوتروك ئیندیا" ی هندی باسی ئەوەشی كردووە كە ڕیبات دوای 48 كاژێر لە تەقینەوە تیرۆرستەكان، ئەو زانیارییانەی داونە سریلانكا و هندستان. ئەوەشی گووت كە مەغریب سەركەوتوو بووە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوویدا.

كۆمەڵەی تەوحید و نور كە زەهران سەركردایەتی دەكات سەر بە سەلەفیەتی جیهادییە، كۆمەڵەكە دابەشبوون بۆ دوو گروپ؛ یەكەمیان كۆمەڵەی تەوحیدی نیشتمانی ئیسلامی كە دژ بە بوزییەكانن و باوەڕیان وایە دەبێت پەیكەرەكان تێكوپێك بشكێندرێن، ئەمانیش ئەوانەن كە لە وێنەكەدا لەگەڵ قەڕزاوی دەركەوتوون، ئەوانە لەژێر كاریگەری بیرۆكە و ووتارەكانی قەڕزاویدان سەبارەت بە جیهاد. كۆمەڵەی دووەم گروپی تەوحیدن كە توندڕەووترن و باوەڕی تۆكمەیان هەیە بە پەنابردنەبەر توندوتیژی بۆ گۆڕینی بیروباوەڕ و چەمكەكان بە زەبری هێز ، ئەو گروپە لە ڕووی بونیاد و هزر‌ییەوە لە ڕێكخراوی داعش دەچن.

ئەو گروپە تیرۆرستییە كە زۆر نهێنی پارێزن لە چالاكییەكانیاندا، زانیارییەكی ئەوتۆ لەبارەیانەوە بەردەست نییە، ئەوان سریلانكایان هەڵبژارد وەك گۆڕەپانێك بۆ كردەوە تیرۆرستییەكانیان تاوەكو لەوێشەوە بیرۆكەی جیهاد بەرەو شوێنەكانی دیكە بڵاوبكەنەوە، سوودیشیان لەو گرفتە سیاسی و نەژاردییانە وەرگرتووه كە نیمچە كەرتەی هندستان و باشووری ئاسیا بەدەستیانەوە دەناڵێنن، بەو پێیەی ئەو دوو شوێنە ژینگەیەكی بەپیتن بۆ بڵاوبوونەوەی بیرۆكەكانیان و پەنادانی لایەنگرانیان، بۆ سەلماندنی ئەوەش كە بەو كردە تیرۆرستییانەیان جێگرەوەی ڕێكخراوی داعش و قاعیدەن. 

ئەو زنجیرە تەقینەوانە كە زەرەرو زیانی گیانی و ماددەی گەورەیان هەبوو، بەرجەستەی ئەو ڕاستییە دەكەن كە ئەو گروپانە خاوەن توانستی گەورەن و خاوەن كەسانی خۆكوژن و خۆیان وەك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی نمایش دەكەن ، ئەمەش ڕێگەیان بۆ خۆش دەكات پشتیوانی ماددەی ئەو گروپانە بەدەستبێنن كە لە نیمچە كەرتەی هندستان  و باشووری ئاسیا خۆیان بە پاڵپشتی ئەو جۆرە گروپە توندڕەوانە دەزانن، ئەمەش دوای ئەوەی داعش و قاعید هێزیان داویە لە كەمی.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە