ئێران تەحەددای ترامپ دەكات.. ئەمریكا ناوێرێت پەلاممارمان بدات

جیهان

11/05/2019‌ 2309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران بەردەوامە لە توندكردنی لێدوانەكانی بەرانبەر بە وڵاتە یەكگرتووەكانیئەمریكا ، كە داوای لە ئێران كردبوو بێتە سەر میزی گفتوگۆ بۆ دانوستان لەسەر رێكەوتنێكی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ناوەكییەكەی ئەو وڵاتە.

رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران بەدوور نەزانی ، داواشی لەڕژێمی ئەو وڵاتە كرد، كە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ دانووستاندنی ڕێكەوتنێكی ناوەكی نوێ .

ئێرانییەكان لەوەڵامدانەوەی ئەو لێدوانەی ترامپ زۆر دوانەكەوتن ، بەجۆرێك یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی "تاران گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن ناكات " ، گوتیشی واشنتۆن بوێری ئەوەی تێدا نییە هێرشی سەربازیمان بكاتە سەر " ، ئەوەش بەپێی ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز گێراویەتییەوە.

ترامپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "ناكرێت رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران بەدوور بگرین " ، هەروەك وتی: پێویستە لەسەر سەركردایەتی ئێران پەیوەندیم پێوە بكەن و دابنیشین تاگفتوگۆ لەسەر ڕێكەوتنێكی ناوەكی باش بكەین ، كە یارمەتییان بدات لەو قەیرانە ئابوورییە دەربازییان بكات ".

ئەو لێدوانانە دوای ئەوە دێت كە واشنتۆن رایگەیاند، كە بەهۆی بوونی هەڕەشەكانی ئێرانەوە كەشتی فرۆكەهەڵگر و فرۆكەی مووشەكهاوێژیان رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كردووە.

پیشتریش سوپاسالاری ئەمەریكا جۆزیف دانفۆرد گوتبووی كە بڕیاری ناردنی كەشتی فرۆكەهەڵگری " ئەبراهام لینكۆڵن "  بۆ ئاوەكانی كەنداو  بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی ئێرانە لە ناوچەكە".

هەروەك براین هۆك نیردەی ئەمەریكی بۆ كاروباری ئێران باسی لەوە كردبوو كە ناردنی كەشتی فرۆكەهەڵگر پەیامێكی سیاسی نییە ، بەڵكو ' بۆ بەرگری لەخۆكردنە ، دوای ئەوەی زانیاری لەسەر هەڕەشەی دوژمنكارانە لەگۆڕێدابوون ".

هۆك لە لێدوانێكی تایبەتیشیدا بۆ كەناڵی "سكای نیوز عەرەبی" وتبووی "هەستمان كردووە  رژیمی ئێران دەیەوێت بەچەند كارێكی دوژمنكارانە هەستێت ، بۆیەش كەشتی فرۆكەهەڵگرمان ناردووە تاوەكو بۆ هەر هێرشێك ئامادە بین ".

وەرگیران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی