داعش شەرێكی نهێنی بەرپا دەكات.. راپۆرتێكی هەواڵگری ئابڕووی توركیا دەبات

جیهان

13/05/2019‌ 4068 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتێكی هەواڵگیری هۆڵەندی ئاشكرایكردووە، كە رێكخراوی داعش لەئێستادا خاكی توركیا بەكاردەهێنێت وەك بنكەیەكی ستراتیژی بۆ گێرانەوەی هێزی رێكخراوەكەی‌و دەستپێكردنی جەنگێكی نهێنی لەئەوروپا، ئەمەش بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئینتل نیوز"، كە تایبەتمەندی لەكاروباری هەواڵگری هەیە.

لەهەڵسەنگاندنی راپۆرتەكەدا هاتووە، كە بۆ یەكەمجار بازنەی هەواڵگری گشتی ئاسایش ناسراو بە (ئیفید) بەزمانی هۆڵەندی لەهۆڵەندا بڵاویكردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی " جێهێشتنی سوریا.. جیهادی جیهانی تا ئێستا مەترسییە بۆسەر ئەوروپا".

راپۆرتەكە لە 22 لاپەڕە پێك هاتووەو باسی ئەوەی كردووە حكومەتی توركیا وەها تەماشای رێكخراوە توندڕەوەكانی وەك قاعیدەو داعش ناكات، بەوەی هەڕەشەیەكی ئەمنی راستەقینە بن.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەجیاتی ئەوە، بازنەكانی ئەمنی توركیا زیاتر گرنگی بەكوردەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل دەدەن.

لەگەل ئەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا هەندێك جار رێكار بۆ رووبەرووبونەوەی داعش‌و قاعیدە دەگرنە بەر، بەڵام بەرژەوەندییەكانی توركیا بەردەوام لەگەڵ كارە یەكەمینەكانی ئەوروپا لەرووبەرووبونەوەی تیرۆردا یەكناگرنەوە.

لەراپۆرتەكە ئەوەش هاتووە، كە بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی لەبەرژەوەندییەكاندا هەیە، توركیا بووەتە ناوەندێكی گەورە بۆ پەڕینەوەی هەزاران چەكداری بیانی، ئەوانەی چوونە نێو خاكی سوریا بۆ شەڕكردن لەبەرژەوەندی رێكخراوە توندڕەوەكان لەماوەی جەنگی ئەهلی لەو وڵاتەدا، لە هەمان كاتدا راپۆرتە هەواڵگیرییەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات چوار هەزار چەكداری داعش و قاعیدە هەڵگری رەگەزنامەی توركین‌و مەترسین بۆ سەر ناوچەكە.

هەروەها سەرەرای ئەوانەی باسكران، توركیا بووەتە مۆڵگەی هەزارەها هەواداری قاعیدەو داعش، هەردوو رێكخراوەكە توانیویانە پارێزگاری لە چالاكیەكانیان بكەن لەو وڵاتەدا.

راپۆرتەكە دووپاتیدەكاتەوە، میتۆدی دەستێوەرنەدان لەلایەن حكومەتی توركیاوە، وای كردووە بەئازادی هاتووچۆ بۆ ئەم رێكخراوانە هەبێت تاكو كار لەو وڵاتەدا بكەن. 

لەهەمان كاتدا ئەم دوو رێكخراوە سەقامگیریی رێژەیی توركیایان قۆستۆتەوە لە پێناو دانانی پلان بۆ هێرش كردنە سەر دەیان ئامانجی رۆژئاوا، هەروەها باس لەوەش كرداوە پلان دادەنرێت بۆ ئاراستە كردنی جەنگێكی نهێنی لەكیشوەری ئەوروپا، ئەمەش بە گوێرەی هەواڵگیریی هۆڵەندا.

سەرچاوە: سكای نیوز 
وەرگێڕان : حلمی رەسول رەزا