نهێنی دوو پەیوەندی تەلەفۆنی گرنگی قاسم سلێمانی

عیراق

25/05/2019‌ 3271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی بابەتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە كردووە، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران دوو پەیوەندی تەلەفۆنی زۆر گرنگی لەگەڵ هەریەك لەعەسائیبی ئەهلی حەق لە عێراق ‌و ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانەوە ئەنجامداوە.

بەپێی رۆژنامەكە، لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨ ، قاسم سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هاتووەتە دەرەوە  و دەستی كردووە بە وەرگرتنی چەند پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ، كە كۆبوونەوەكە باس لەچۆنییەتی وەڵامدانەوەی دابەزینی فرۆشتنی نەوت كراوە، كە بەهۆی گەمارۆكانەوە درووست دەبێت . 

هەر بەپێی رۆژنامەكە، یەكەم پەیوەندی بۆ بەرپرسانی عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی حیزبوڵلای عێراقی بووە، كە تێیدا سلێمانی وتوویەتی: برایان مۆڵەتی منتان پێیە ، لەماودوا ئاراستە راستەكە بگرن، كە بەپێی ئەوەی رۆژنامەكە باسی كردووە ئەو دوو گرووپە سەر بە ئێرانن ، دوای بەزاندنی داعش دەیانەوێت ٥ هەزار سەربازی ئەمەریكی لەعێراق بكەنە دەرەوە .

هەرچی پەیوەندی تەلەفۆنی دووەم بووە بۆ حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵلای لوبنانی بووە ، كە بەپێی ئەوەی لە رۆژنامە ئەمەریكییەكەدا هاتووە سلێمانی وتوویەتی: هاوپەیمانی ئەمەریكی –سەهیۆنی پیلانت لەدژ دەگێرن و گەردەلوولەكە وا دێت .. حازر و ئامادەبە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، دوای هەفتەیەك لەو دوو پەیەندییە تەلەفۆنییە كاروانی ئۆتۆمبیلی ئەمەریكییەكان، كە بەرەو ناوچەی پارێزراوی سەوز لەبەغدا دەرۆیشتن تووشی تەقینەوەیەك بوون ، لەئاكامدا بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و سێ دیبلۆماتكار  و ئەفسەرێكی سوپای ئەمەریكا كوژران. 

دوای هێرشەكەی بەغدا لە رۆژهەڵاتی سوریاش تەقینەوەیەك بوو ، كە تێیدا دوو سەربازی ئەمەریكی كوژران ، دوای ئەوە هێرش بۆسەر كەشتییەكان دەستی پێكرد، ئەوە جگە لەهێرشی ئەلیكترۆنی بۆسەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی ، كە بووە هۆی ئەوەی بۆماوەی هەفتەیەك كارەكانی رابگرێت .

رۆژنامەكە هەروەها بڵاویكردووەتەوە، واشنتۆن و تاران سەرەرای ئەوەی دەڵێن حەز بە شەڕ ناكەین ، بەڵام پێیان دەخزێتە ناو شەڕەوە ، مێژوو پڕە لە لێكدانەوەی هەڵە و  ئەجێندای شاراوە ، ئەو رووداوانەی بوونەتە هۆی هەڵگیرساندنی ناكۆكییە چەكدارییەكان هیچ كەس نەیدەویست ، ئەوەش بەڵگەیەكە تا بزانرێت هەڵگیرساندنی جەنگ چەندە ئاسانە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی