عەلاوی: بارزانی جەختیكردەوە هەرێم بەشێكی دانەبڕاوە ‌ لەعێراق‌و هەولێر دەیخاتە خزمەتی بەغدا

عیراق

29/05/2019‌ 3194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی رۆژی سێ شەممە سەردانی هەولێری كردووەو چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مەسعود بارزانی ئەنجامداوە، ئەوەش لەسەر داواكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی.

عەلاوی لەمیانی قسەكردنیدا بۆ بەرنامەیەك، كە كەناڵی سۆمەرییە بڵاویدەكاتەوە رایگەیاند، لەسەر داواكاری عادل عەبدولمەهدی چووم بۆ هەولێر پاش ئەوەی، كە سەردانی كردبووم بۆ ماڵەوە و پێ وتم كێشەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی هەیە لەوانە هەناردەی نەوت، منیش قسەم لەگەڵ بارزانی كردو وتی: "ئێمەش مافمان هەیە"، ئەوەشی دووپاتكردەوە وەفدێكی رەسمی لەپاش جەژن سەردانی بەغدا دەكات.

عەلاوی راشیگەیاند: بارزانی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبوون لەكۆبوونەوە سیاسییەكان، ئەوەشی دووپاتكردەوە بارزانی وتویەتی: كوردستانی عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لە عێراق و هەموو توانای خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی لە ئایندەدا كوردستان لە خزمەتی حكوكەتی عێراقیدا بێت.

لەچوارچێوەیەكی تردا عەلاوی ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەمەریكا لە دانوستاندایە لەگەڵ بەعسییەكان، ئەم بابەتەم لە ئەمەریكییەكان بیستووە.

دەربارەی دیدگای ئەو بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، وتی : لەمەودا بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكەم‌و خۆم بۆ هیچ پۆستێك كاندید ناكەم، چونكە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هیوا بڕە و نوێنەرایەتی پشكپشكێنەی تائیفی دەكات.

لەبارەی سەدامەوە پرسیاری لێكرا، ئایە ئەگەر خاوەن بڕیار بویتایە سەدامت لە سێدارە دەدا، عەلاوی وتی : بەم شێوەیە لە سێدارەم نەدەدا، بەلام من تێدەگەم بۆچی كوێتی داگیركرد، دۆخی لە جەنگی ئێراندا چۆن بوو، بۆچی هاورێكانی دەكوشت، بۆچی هەزاران بەعسی كوشت، بۆچی عێراقی وێرانكرد و یەكێتی لەگەڵ سوریا تێكدا، كێ پاڵی پێوەنا لە بڕیاری عەرەبی دەربچێت و نەوت بە نهێنی بفرۆشێ، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەسەر ئەم خالانە دادگایی نەكرا

وەرگێڕان: حیلمی رەسوڵ رەزا