توركیا لەناوچە ئارامەكە سوریا هیچ پێگەیەكی نابێت

جیهان

23/06/2019‌ 2257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
هێشتا ناوچە ئارامە پێشنیاركراوەكەی سوریا نادیار و لێڵاوییە، سەرباری دووپاتكردنەوە چەندجارەكانی ئەنقەرە، كە هێزە كوردییەكان هەڕەشەیان لێدەكەن، بە تایبەتیش یەكینەكانی پاراستنی گەل، بۆیە توركیا داوای ڕووبەرێكی پاراستن دەكات بۆ وڵاتەكەی.

توركیا ئەو هێزە كوردییانە بە درێژكراوەی پارتی كریكارانی كوردستان دەزانێت كە لە ساڵی 1984 وە دژ بە توركیا دەجەنگن، سەرباری ئەوەش، یەكینەكانی پاراستنی گەل بڕبڕەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتن كە هاوپەیمانی ئەمریكان، هەر ئەوانیش لە چوار ساڵی ڕابردوودا ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) یان بەچۆكداهێنا.

بە گوێرەی وتەكانی "جیمس جێفری" نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆكاروباری سوریا، ئەمریكا و توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسەر ناوچەیەكی ئارام ڕێككەوتوون كە یەكینەكانی پاراستنی گەل لەو ناوچە ئارامەدا بوونیان نەبێت، ئەردۆغان و توركەكانیش ووتیان ئەوان كاتێك بەو ناوچە ئارامە ڕازین كە توركیا بەسەریدا زاڵبێت. 
ه
ێشتا ئەمریكا تەنیا  چەند ووردەكارییەكی كەمی لەبارەی ڕۆڵی توركیا لەو ناوچە ئارامە داوەبەدەستەوە، ئەمەش نیشانەی پرسیاری زۆری دروست كردووە سەبارەت بەو پێشنیارەی خراوەتەڕوو بۆ ناوچەكە.

جیفری گووتی بڕیارە ئەو ناوچەیەی دروستی دەكەین، لە سنوری توركیا و سوریاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات تا دەگاتە سنوری عێراق بگرێتەوە، لەوانەیە هێزە كوردییەكان لەو ناوچانە بكشێنەوە، ئەو ناوچەیەش بەتاڵ بكرێت لە چەكی قورس و هێزەكانی ئەمریكا و توركیاش چاودێری بكەن.

جیفری وتی: بە گوێرەی چەند بنەمایەك، هێشتا گفتوگۆی ووردەكارییەكانی ئەو ناوچە ئارامە دەكەین... ئایا قوڵایی ئەو ناوچەیە چەندە، ئایا توركیا چ ڕۆڵێكی لەو ناوچە ئارامەدا دەبێت.

"شۆن ڕۆبرتسۆن" ی قسەكەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە سەرپەرشتی دۆسیە و پڕۆسەكانی سوریا دەكات، بەیاننامەیەكی بۆ پێگەی "ئەحوال توركیا" ناردووە سەبارەت بە دانوستانەكانی تایبەت بە ناوچە ئارامەكەی سوریا، ناوبراو وتی: گفتوگۆكانمان لەو بارەوە لەگەڵ توركیادا بەردەوامن كە ئاخۆ بە چ میكانیزمێك ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەین، گفتوگۆكانیش دووقۆڵین لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەدا".

هەفتەی ڕابردوو پێگەی "مۆنیتۆر" ی ئەلەكترۆنی باسی ئەوەی كردووە كە هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هێزە ئەوروپییەكان بەشداری پێ بكەن لە پێكهێنانی ئەو ناوچە ئارامەدا، ئەگەر ئەمە ڕوویدا بێت ئەوا ئارەزوویەكی حكومەتی توركیا هاتۆتەدی، بەڵام جیفری ئەوەی پشتڕاست نەكردۆتەوە.

قسەكەرەكە لە نامەیەكی ئەلەكترۆنیدا بۆ پێگەی "ئەحوال توركیا" ووتی كۆششەكانمان بۆ بەزاندنی یەكجارەكی داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن، یەكێك لەو شتانەی باسمان لێ كردووە ئەوەیە كە ئەوروپییەكانیش لە كۆششانە بەشداربن و هێزە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە بكەن، ئەو گفتوگۆیانەمان بەرهەمداربوون و پێویستمان بەوە هەیە هاوبەشەكانمان لەو كۆششانەدا هاوكار و یارمەتیدەرمانبن.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر