كەركوك هەرێم بەرەو دابەشبوون دەبات
یەكێتی پرۆژە بۆ بەشدارینەكردن لەحكومەت ئامادە دەكات

عیراق

27/06/2019‌ 9009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان سێ كاندیدەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رەتكردەوە، ئەوەش كێشەكانی ئەو دوو حیزبەی زیاتركردووەو پێكهێنانی حكومەتی دواخستووە.

یەكێتی نیشتمانی رۆژی چوار شەممە ناوی سێ‌ كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستووەتە بەردەم پارتی دیموكرات، كە ئەوانیش بریتیبوون لە عومەر ئینجە، خالید شوانی، رزگار عەلی، بەڵام پارتی هەرسێ‌ ناوەكەی رەتكردووەتەوەو لەبەرانبەر ئەوەدا پێشنیازی ناوی هەریەكە لەفەرەیدوون عەبدولقادرو عەبدولرەحمان مستەفای كردووە، بەڵام یەكێتی بەو ناوانە رازی نییە.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، لەبەرانبەر رەتكردنەوەی ناوەكان، زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ ئەوەن ئەگەر پارتی ئامادەنەبێت بەدانانی پاریزگاریكی كورد لەپشكی یەكێتی بۆ كەركوك ئەوا بەشداری لەپێكهێنانی كابینەكەی مەسرور بارزانی ناكەن‌و ناوی كاندیدەكانیان بۆ كابینەی نۆ رادەست ناكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی لای وایە پارتی دەیەوێت بە دەنگی دهۆك حوكمرانی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە ئەوان لایان وایە هەولێر شەراكەتەو سلێمانی و هەڵەبجەش زۆرینەی یەكێتی و لایەنەكانی ترن، بۆیە دەیانەویت وەك خولی پیشوو بەوە رازی نەبن، كە كابینەكە بەبێ ئەوان پێكبهێنرێت و پۆستەكانی ئەوان بەبەتالی بهێڵریتەوە.

پەرلەمانی كوردستان لە 12ی ئەم مانگەوە مەسرور بارزانی لەپشكی پارتی دیموكرات وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان راسپاردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە بەهۆی كێشەكانی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك تائێستا بۆ ئەو مەبەستە هیچ هەنگاوێك نەنراوە.

پارتی‌و یەكێتی لە ساڵی 2017وە لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كێشەیان هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەسەر ناوێك رێكناكەون، ئەوەش ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو حیزب دروستكردووە.

 زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی خەریكی دارشتنی پلانێكی نوێن بۆ بەرەو رووبوونەوەی قەلەمرەوی پارتی، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرۆژە و توێژینەوەیەك ئامادەكراوە تەسلیم بەمەكتەب سیاسی یەكێتی كراوە، كە خۆی لەچەند بوارێك دەبینێتەوە.

هەفتەی رابردوو مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەهۆی نەهاتنە پێشەوەی پارتی بۆ پرسی پارێزگاری كەركوك هێرشی توندی كردە سەر مەسعود بارزانی‌و رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ دوو ئیدارەیی نین، بەڵام ئەگەر پارتی نەیەتە پێشەوە، ئەوە ئەوان نەوت‌و گازی سنووری خۆیان رادەست ناكەن‌و خۆیان مامەڵەی پێوە دەكەن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەوەی مەحمود سەنگاوی لەوتاری هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئەوە یەكێكە لەپرۆژەكانی یەكێتی لەرووی ئیدارییەوە نەوت و گازی خۆیان مامەلەی پێوە بكەن و تەسلیم بەهەولێرو حكومەتی هەرێمی نەكەن و لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ بكرێت بۆ ئەوەی موچەی ناوچە نفوسی بەجیا خەرج بكرێت و رادەستی ئەنجوومەنی پاریزگاكان بكرێت.