داعش لەعێراق بۆ پیلانەكانی پێش راگەیاندنی خەلافەت دەگەڕێتەوە

عیراق

11/07/2019‌ 1297 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی عێراق دوای راگەیاندنی كۆتاییهاتنی داعش جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە هێزەكانیان بەتەواوەتی كۆنترۆڵی رەوشی ئەمنی سەر سنووری سووریایان كردووە ، بەڵام بەردەوامی هێرشی چەكدارانی داعش حكومەتی بەغدای ناچار كرد هەڵمەتێكی نوێی سەربازی بۆ پاككردنەوەی ناوچەكانی نێوان پارێزگاكانی باكوور و رۆژئاوای عێراق لەگەڵ سنووری سوریا دەستپێبكات .

شارەزایان پێیان وایە ئەو ستراتیژە جەنگییە نوێیەی چەكدارانی داعش دەستیان داوەتێ هەوڵێكە بۆ گەرانەوە بۆ هەمان ئەو پلانەی  پێشووتریان و بەتایبەتی ساڵی ٢٠١٤ ، كە لەڕێگایەوە توانیان دەست بەسەر رووبەرێكی فراوانی عێراقدا بگرن ، بەتایبەت هەندێك لەو جموجۆڵانەیان لەهەندێك ناوچە هاوكاتە لەگەڵ زیندووكردنەوەی یادی "راگەیاندنی دەوڵەتی خیلافەت" لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ .

چەكدارانی داعش لەناوچەكانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەتایبەت قەزای بەعاج لەسەر سنووری سوریا ئاستی هێرشەكانیان زۆر فراوان كردووە .

ئەوەش بارودۆخی پێش ساڵی ٢٠١٤ وەبیر دەهێنێتەوە كە تێیدا داعش دەوڵەتەكەی لە موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا  راگەیاند، كە سێیەكی خاكی عێراقی دەگرتەوە .

زۆربەی دانیشتووانی بەعاج عەرەبی سوننەن و قەزاكە دەكەوێتە باكووری چیای شەنگال ، لە رۆژهەڵاتەوە قەزای خەزەرە و لە رۆژئاواوە سنووری سوریایە ، لە باشووریش ناوچەكانی جەزیرەیە، كە تا ئەنبار و سەڵاحەددین درێژ دەبێتەوە .

لەژێر سایەی ترسی روولەهەڵكشاوی دەسەڵاتدارانی عێراق لە گەرانەوەی داعش، كە بەغدا لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٧ سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەدا راگەیاند ، جارێكی تر حكومەتی عێراق پرۆسەیەكی سەربازی بۆ پاككردنەوەی ناوچەكانی نێوان پارێزگاكانی باكوورو رۆژیاوای عێراق تا سەر سنووری سوریای راگەیاند .

لە ئەنجامە بەراییەكانی پرۆسەی "ویستی سەركەوتن" بە هاوكاری هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش ،هێزە عێراقییەكان رۆژی یەكشەممە ١١ پێگەی چەكدارانی داعشیان لە سەربازگە پەناگەیان وێران كردووە ، لەگەڵ برێكی زۆر لە ماددەی جۆراوجۆری ترسناكی چەكدارانی داعش.

لەو بارەوە خەلەف حەدیدی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر قەزای بەعاج لەسەر رووداوەكانی قەزاكە دەڵێت: ناوچەكە بە نۆرە و جارێك لەبەر دەستی سوپای عێراقە جارێك لەبەر دەستی چەكدارانی داعش ، ئەو بارودۆخەشی زۆر بەو ساتانە چواندووە كە پێش ئەوەی داعش شارەكانی عێراق داگیر بكات .

بەڵام پەرلەمانتار ئەحمەد مەدلوول جەربا كە خەڵكی قەزای بەعاجە هۆشداری داوە لە هەڵكشانی مەترسییەكانی داعش لە رۆژئاوای موسڵ و دەڵێت " داعش هەرەشەیەكی گەورەی بۆسەر ناوچەكانی رۆژئاوای نەینەوا درووست كردووە، بەتایبەت ناوچەكانی باشووری بەعاج بەئاراستەی سوریا و باشووری ناحیەی عەبتە و قەزای خەزەر".

جەربا دەشڵێت: ئەگەر حكومەتی ناوەندی بەشێوەیەكی ریشەیی گرفتە ئەمنییەكانی ناوچەكانی رۆژئاوای موسڵ چارەسەر نەكات ئەوە مەترسییەكی گەورە لەسەر موسڵ و هەموو عێراق هەیە .

لە بنەڕەتدا لە قەزای بەعاج لیواكانی سەر بە فیرقەی بیستی سوپای عێراقی لێجێگیر كراوە كە دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی نزیكەی سێ مانگ پێش ئێستا لەناوچەكە كشانەوە دۆسیەی ئەمنی ئەوێیان وەرگرت.

جگە لەوەی چەند گرووپێكی بچووكی چەكداری سوونی لێیە كە بەپێچەوانەی حەشدی شەعبی هیچ چەك و چۆڵ و كەلوپەلێكی سەربازی ئەوتۆیان پێنییە .

پێش ئەو رووداوانە ، پەیمانگای لێكۆڵینەوە جەنگییەكان (ISW)،كە دامەزراوەیەكی لێكۆڵینەوەی ناحكوومییە و بارەگاكەی لە واشنتۆنە ،راپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی " دووەم گەڕانەوەی داعش : هەڵسەنگاندن بۆ یاخیبوونی داهاتووی داعش" نووسیوە دەڵێت داعش سەرەرای ئەوەی هەموو ئەو زەویانەی لەدەستداوە كە كاتی خۆی لەژێر دەستیدابوون ، خۆی بۆ گەرانەوە ئامادە دەكات ، بەڵام بەشێوەیەكی ترسناكتر و توندتر .

بۆ چارەسەركردنی ئەو بارودۆخەی لەگۆرێیە ، وەزارەتی بەرگری عێراق بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە دەستپێكردنی پرۆسەی 'ویستی سەركەوتن"ی راگەیاند ، بەمەبەستی پاككردنەوەی ناوچەكانی نێوان پارێزگاكانی باكووری رۆژئاوای عێراق تا سەر سنووری سووریا.

فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە پرۆسەیەكی فراوانیان بۆ پاككردنەوەی ناوچەكانی نێوان سەلاحەددین و نەینەوا و ئەنبار تا سەر سنووری سوریا دەستپیكردووە .

وتوشیەتی: هیزێكی زۆری سوپا و حەشدی شەعبی بەشداری پرۆسەكە دەكەن ، ئەوە جگە لە بەشداریكردنی حەشدی عەشائیری سووننەكان .

هەروەها لەبەیاننامەكەدا باس لەوە كراوە كە پرۆسەكە چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت و هێزی ئاسمانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیش پشتیوانی پرۆسەكە دەكەن .

وەرگێڕان:  ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی