كشانەوەی ترامپ لەڕێكەوتننامە ئەتۆمییەكە بۆ شكاندنی ئۆباما بووە

جیهان

15/07/2019‌ 834 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی دوایین دزەكردنی زانیارە دیبلۆماسییەكان كشانەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لە ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تێكدانێكی دیبلۆماسی بووەو نیەیتی شكاندنی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمێریكای لەپشتەوە بووە، كە ئەوەش لە دووتوێی یاداشتنامەیەكی دزەپێكراوی باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا ئاماژەی پێكراوە.

لەو یاداشتەدا، كە لە ڕۆژنامەی مەیڵ ئۆن سەندەی(Mail on Sunday) بڵاوكراوەتەوە (سێر كیم دارۆك) ئەو هەنگاوەی ترامپ بە (تێكدانێكی دیبلۆماسی) ناوزەد دەكات و وەك لەڕۆژنامەكەشدا هاتووە ئەو یاداشتە بەدوای بانگەوازی (بۆریس جۆنسن)ی وەزیری دەرەوەی پێشووی بەریتانیا نووسراوە، كە داوای لە حكومەتی ئەمریكا كردبوو بۆ نەكشانەوە لەڕێكەوتننامە ئەتۆمییەكە، كە لە چوارچێوەی بەندەكانیدا ئێران بەڵێنیدابوو بەسنوورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییە هەستیارەكان و ڕێگەدان بەگەڕانەوەی پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ پشكنینی ئەو چالاكییانە بەرانبەر بە هەڵگرتنی ئەو سزایانەی، كە ئابووری وڵاتەكەی ئیفلیج كردبوو، بەڵام دۆناڵد ترامپ لەو بڕوایەدا بوو  ڕێكەوتنامەكە ناتەواوە و شەرمهێنە.

زانیارییە دزەپێكراوەكان چیدەڵێن؟
وەك ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە، دوای گەڕانەوەی جۆنسن لە ئەمریكا لەنووسینێكدا سێر كیم ئامەژەی پێداوە، كە دۆناڵد ترامپ پێدەچێت لەبەر "هۆكاری تایبەت (شەخسی)" پاشەكشە لە ڕێكەوتننامەكە دەكات لەبەر ئەوەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوو ڕێكەوتننامەكەی ئیمزاكردووە.

لە یاداشتەكەی یەكەمجاریدا، كە بەر لەهەفتەیەك بڵاوكرایەوە و لەوێدا ڕەخنەی لە كۆشكی سپی (ئیدارەی ترامپ) گرتبوو كاردانەوەی توندی سەرۆكی ئەمریكای لێكەوتەوە و بووە مایەی دەستلەكاركێشانەوەی باڵیۆزی بەریتانیا لە پۆستەكەی.

بەڵام لە دواین دزەپێكردنی زانیارەكاندا باڵیۆزەكە ئاماژە بەوە دەكات، كە ڕاوێژكارەكانی سەرۆك هاوڕای یەكتر نین، لەپاش كشانەوە لە ڕێكەوتننامەكەش كۆشكی سپی ستراتیژی "ڕۆژ بە ڕۆژ"ی نەبووە، كە چی پێویستە بكرێت دوای كشانەوە لە ڕێكەوتننامەكە.

وەك ڕۆژنامەكە ئاماژەی پێكردووە لەو یاداشتەدا، كە دراوەتە جۆنسۆن باس لەو ناتەباییە دەكات، كە لە نێو كۆشكی سپی بەئاسانی هەستی پێدەكرێت و جگە لە سەرۆك دەیبینن، ناوەڕۆكی پرسەكە ئەوەیە كۆشكی سپی دەستیداوەتە كردەیەكی تێكدانی دیبلۆماسی لەبەر ئەوەی پێدەچێت هۆكارەكە تایبەت بێت، چونكە ڕێكەوتننامەكە هی ئۆبامایە.

سەرباری ئەوەش ڕاوێژكارەكان هیچ بەرچاوڕونییەكیان لە بارەی ستراتیژی (ڕۆژی دواتر) لەبەردەستدا نییە و لە ڕۆشنایی پەیوەندییەكانی ئەم بەیانییەی وەزارەتی دەرەوەش دەردەكەوێت، كە هیچ پلانێكی ئامادەشیان نییە بۆ شێوازی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیاندا چ هاوپەیمانە ئەوروپییەكان چ هاوپەیمانەكانی ناوچەكە وەك لە دووتوێی دوا زانیارە دزەپێكراوەكاندا هاتووە.

هۆشداریدانەكانی پۆلیسی بەریتانیا
دزەپێكردنی ئەو زانیارییانە لەم كاتەدا سەرباری ئەو هۆشداریاانەی پۆلیسی بەریتانیایە بۆ هۆكارەكانی ڕاگەیاندن لەبارەی قەدەغەكردنی بڵاوكردنەوەی هیچ زانیاریەك لەبارەی یاداشتە دیبلۆماسییەكان.

ئەو هۆشداریدانەی پۆلیسی بەریتانیا شەپۆلێكی توندی ناڕەزایی لە لایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندن و هەندێك ئەندام پەرلەمان لێكەوتەوە، كە بەرگری لە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەكەن و لەو بارەیەوە لە بەیاننامەی دووەمی پۆلیسی بەریتانیادا هاتووە ئەو ڕۆژنامەوانانەی، كە زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاودەكەنەوە ئەگەری هەیە یاسای تایبەت بەپاراستنی نهێنییە فەرمییەكان پێشێل بكەن.

لە میانەی یەكەم دزەپێكردنی نامە ئەلیكترۆنییەكانی باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەمێریكا بەڕێوەبەری كۆشكی سپی بە "كاڵفام و بێ توانا" وەسفدەكات و لەبەرانبەریشدا دۆناڵد ترامپ باڵیۆزی بەریتانیا بە "كەسێكی زۆر بێمێشك" وەسفدەكات و ئامادەش نییە، كە مامەڵەی لەگەڵدا بكات و پەیوەندیدار بەو پرسەش حوكمەتی بەریتانیا دەستیكردووە بەلێكۆڵینەوەیەكی ناوخۆیی لەبارەی چۆنییەتی كردەی دزەپێكردنەكە و هەر لەو بەستێنەدا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو(سێر كیم) نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەشكردو ڕایگەیاند، "چیتر محاڵە" لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

هەر لەو بارەیەوە پۆلیسی بەریتانیاش لێپێچینەوەیەكی لەبارەی یەكلاكردنەوەی هۆكاری دزەپێكردنەكان دەستپێكردوە و لەو بەستێنەشدا(نیل پاسۆ)یارمەتیدەری ئەفسەری پۆلیس لە ئەسكۆتلاندیار(پۆلیسی لەندەن)ڕایگەیاندوە "لەناو خەڵكدا جێی گرنگیپێدانە"كە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە بدرێنە دادگا.

سەرچاوە: BBC عەرەبی
وەرگێڕان: بەرزان حەمەخورشید