ڤلادیمێر پۆتین بەردەوامە لەڕاوكردنی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا

جیهان

02/08/2019‌ 2078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" ئەمریكی بڵاوكردەوە، كرملین دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر قۆستنەوەی هاوپەیمانە كلاسیكییەكانی  ئەمریكا، دوای ئەوەی واشنتۆن شكستیهێنا لە دەمكوتكردنی توركیا بە شێوەیەكی توندو یەكلاكەرەوە، كاتێك سیستەمی بەرگری رۆكێتی روسیا ئێس-400 ی كڕی.

بەپێی راپۆرتی گۆڤارەكە، ئەمریكا دەیتوانی توركیا لەسەر كڕینی ئەو سیستەمە سزا بدات، چونكە یاسای رووبەرووبونەوەی دوژمنەكانی ئەمریكای ناسراو بە (كاتسا) چەندین بژاردەی دیاریكردبوو، كەچی ترامپ چەند رێكارێكی سنوورداری هەڵبژارد.

لە 17ی یۆلیۆی رابردوو، ئەمریكا بە شێوەیەكی كۆتایی بڕیاریدا بەشداریكردنی توركیا لە بەرنامەی فرۆكەی شەركەری ئێف-35 بوەستێنێت، كەچی ئەو بڕیارە پەیامی دژ یەكی بە توركەكان گەیاند، بۆیە سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕوای وابوو دەتوانێت مامەڵەكە تەواو بكات بەبێ ئەوەی رووبەرووی رێكاری توندببێتەوە.

دیارە ترامپ لەگەڵ ئەردۆغان هاوسۆز بوو لەدۆسییەی سیستەمی بەرگری، كاتێك لە كۆمەڵەی بیست ئەم پرسیارەی لێكرا وتی: ئەنقەرە خۆی لە دۆخێكی قورسدا بینییەوە، چونكە ئێدارەی پێشوو، باراك ئۆباما رەتیان كردبووەوە سیستەمی پاتریۆتی پێ بفرۆشن، ئەمەش وای كرد هانا بۆ روسیا بەرێت.

گۆڤارەكە وای دەبینێت گرێبەستی ئێس-400، كە نرخەكەی دەگاتە 2.5 ملیار دۆلار، سیاسەتی دەرەوەی مۆسكۆ بەهێز دەكات، جگە لەوەش بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لاواز دەكات دوای ئەوەی روسیا توانی شوێن پێیەكی سەربازی لەناو دڵی وڵاتانی ناتۆدا بكاتەوە، جگە لەمانەش واشنتۆن شكستیهێنا لە سیاسەتی دەمكوتكردن، كە پێویستی بە گوتارێكی روون هەبوو، لەهەمان كاتدا هاوپەیمانەكان هۆشداری روونیاندا لەهەڵسوكەوت كردنی سەربازی لەگەڵ روسیا.

ئەگەر واشنتۆن لەم روەوە خاوی پیشاندا بێت بە گوێرەی گۆڤارەكە، ئەوا مۆسكۆ بەباشی یاری بەكارتە دیبلۆماسییەكانی كرد، دوای ئەوەی توركیا فرۆكەیەكی روسیای لەساڵی 2015 خستە خوارەوە، لەو كاتەدا روسەكان زۆر بەتوندی وەڵامیان دایەوە و پەیوەندییە ئابوورییەكانیان لەگەل توركیادا پچڕاند.

كەچی روسیا پاڵپشتی ئەردۆغانی كرد لە قۆناغی دوای هەوڵی كودەتاكەی 2016، كە لەو كاتەدا ئەردۆغان هەستی بەلاوازی و هەڕەشە دەكرد، سەرۆكی روسیا دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی خستەوە روو، بۆیە هەر دوای ئەوە مامەڵەو گرێبەستی ئێس-400 رێكخرا.

پۆتین ویستی هەڵویستی ئەردۆغان پتەوبكات، كە دەیویست سیستەمی بەرگری وڵاتەكەی ‌و پێگەكەی بەهێز بكات، كەچی ئەمریكا ڕاڕا بوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو خراپی رۆیشت و بەرز و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینی.

لەهەمان كاتدا، گۆڤارەكە وای دەبینێ ئەردۆغان حسایاتی هەڵەی كردبوو، چونكە بڕوای وابوو واشنتۆن هیچ هەنگاوێك ناگرێتە بەر سەبارەت بە هەڕەشەكانی لەوەی توركیا بێبەش دەكات لەفرۆكەی ئێف -35؛ ئەگەر بێت و سیستەمی روسی بكڕێت.

ئەمریكا دژی گرێبەستی ئێس-400 وەستایەوە، چونكە لەوە دەترسا هەربوونی سیستەمی روسی لە وڵاتێكی سەر بە ناتۆدا دەبێتە هۆی ئەنجامدانی سیخوڕی و ئاشكرا بوونی نهێنی تەكنیكی‌و سەربازی لە شەڕكەرەكانی ئێف 25 دا، كە توركیا بەشداری لەدروست كردنیدا دەكرد.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا