كاردانەوەی بڕیاری سعودییە بۆ ئازادكردنی ژنان‌و كچان لەگەشتكردن

هەمەڕەنگ

03/08/2019‌ 833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتی شاهانەی سعودییە بڕیارێكی دەركرد بەوەی، كە ئافرەتان دەتوانن گەشت بكەن‌و بچنە دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی پرس بەگەورەكانی ماڵ بكەن.

رۆژی هەینی یاسایەكی نوێ لە سعودییە ئاشكراكرا، ئافرەتان دەتوانن داوای بەدەستهێنانی گەشتنامە (پاسپۆرت) بكەن‌و بە تەنیا گەشت بكەن، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ نزیكبوونەوە لەیەكسانی ژن و پیاو.

هەروەها ڕێگە بە ئافرەت دەدرێت بۆ تۆماركردنی ساڵی لە دایكبوونی منداڵەكانی و ئازادیی هاوسەرگیری كردن و جیابونەوە.

دەسەڵاتی شاهانەیی سعودییە چەندەها كۆتوبەندی كۆمەڵایەتی لەسەر ئافرەتان داناوە، چالاكوانانی مافەكانی ئافرەتان دەڵێن: بەردەوام لەهەوڵداین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی ئافرەت لەو وڵاتەدا.

وڵاتی سعودییە بە شێوەیەكی بەرفراوان كەوتووەتە بەر تیشكی میدیاكانی جیهانەوە سەبارەت بە مامەڵەكردنی لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیدا بە تایبەتی ئافرەتان، ئەوەش بە هۆی ئەو رێژە زۆرەی هاووڵاتیانی سعودی، كە داوای مافی پەنابەری لە وڵاتانی ئەوروپی دەكەن.

حاكمی راستەقینە و باڵادەستی سعودییە، محەمەدی كوڕی سەلمان، لەهەوڵێكی راستەقینەدایە بۆ كەمكردنەوەی كۆتوبەندی سەر ئافرەتانی وڵاتەكەی، هەر لەبەر ئەم هۆكارە ساڵی پار قەدە‌غەكردنی شۆفێری ئافرەتانی نەهێشت، بەم هەنگاوانەش دەیەوێت وڵاتەكەی لە دواكەوتویی بپارێزێت.

بەڵام لە هەمان كاتتدا چەند چالاكوانێكی مافی ئافرەتانی لە وڵاتەكەی بێدەنگ كردووە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا بەشێكیانی داونەتە دادگا

چی دەگۆڕێت؟
لە سیستەمی وڵاتی سعودییە، باوك، مێرد، برا چاودێرن بەسەر ئافرەتانەوە، لەدوای دەرچوونی نوێترین بڕیاریش سەبارەت بە سەفەركردنی ئافرەتان، ئافرەتان هێشتا دەبێت پرس بەپیاوەكانیان بكەن بۆ دەرهێنانی گەشتنامە و نوێكردنەوەی.

بەڵام بڕیاری شاهانە، لەڕۆژنامەی فەرمی خۆیان، كە لە شاری ئوم قوڕا دەردەچێت، بڵاویكردووەتەوە هەر هاووڵاتییەك، كە تەمەنی ٢١ ساڵ بێت، مافی بەدەستهێنانی گەشتنامەی هەیە و دەتوانێت بە بێ پرسكردن بە هیچ كەسێك سەفەر بكات.

هاتنە دەرەوی ئافرەتان لەو وڵاتەدا دەبێتە هەلێكی گونجاو بۆ كاركردنی ئافرەتان، لە ژێر یاسای: هەموو هاووڵاتییەك مافی كاركردنی هەیە بە بێ رەچاوكردنی تەمەن و ڕەگەز.

كاردانەوەی ئافرەتان چییە ؟
زۆرێك لەئافرەتانی سعودییە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی ئەو هەنگاوە گرنگەیان كردووە، مونا سەلمان، كە ئافرەتێكی سعودییە لە تویتەر نوسیویەتی: رەگەز و جیلی مێینە بە تەواوی ئازاد دەبێت وەك براكانیان.

هەروەها كریستین دیوان، سەرۆكی پەیمانگای وڵاتانی خەلیج لەواشنتۆن وتی: ئەگەر ئەم بڕیارە بە شێوەیەكی تەواو جێبەجێ بكرێت، هەنگاوێكی گەورەیە بۆ ئەوەی ئافرەتان كۆنترۆڵی تەواوتی ژیانی خۆیان بكەن و ئازاد بن لە بڕیارەكانیان.

بەڵام هەندێكی تر پێیان وایە ئەم گۆڕانكاریانە جێگەی مەترسییە، یەكێك لەو ئافرەتانە بە هەواڵی رۆیتەرزی وت: پێشبینی بكە كچەكەت گەورە ببێت و جێت بهێلێت و نەگەڕێتەوە ئایە دڵخۆش ئەبیت ؟

سەرچاوە: bbc
وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ