ئیسرائیل مەودای ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران فراوانتر كردووە

جیهان

03/09/2019‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەئامانجگرتنی پێگە‌ سەربازییەكانی حیزبوڵای لوبنانی لە سوریا و لوبنان لەم دوادواییانەدا، مكوڕبوونی تەلئەبیبە لەبەرتەسككردنەوەی هەژموونی هەرێمی ئێران‌و گروپە چەكدارە پاشكۆكانی وەك یحزبوڵا لە لوبنان، هەروەها حەشدی شەعبی لە عێراق، حوسییەكان لە یەمەن، بۆیە بە ئامانجی لاوازكردنی باڵەكانی ئێران لەناوچەكە، تەلئەبیب مەودایی ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ تاراندا فراوانتر كردووە.

ئیسرائیل هێڵی سووری داناون و ناوچەی قەدەغەكراوی دەستنیشانكردوون، كە پەیوەستن بە چالاكییەكانی ئەو گروپە چەكدارانە لەكردەیی بەقاچاخبردنی چەك لەسەر سنوورەكانەوە و بەرگرتن بە پەرەپێدانی توانستە سەربازییە جۆرییەكانی ئەو میلیشیایانە وەك برەودان بە موشەكە بالستییەكان‌و فڕۆكە كۆنتڕۆڵكراوەكان، كە دەتوانن ئاسایشی ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە، سەرباری ئەمانەش، هێشتا هەڵكشانی ڕووداوەكانی نێوان هەردوولا لەوڵامدانەوەیەكی كورتی یەكتر تێناپەڕێت، چونكە هەردووكیان پەی بەهەڕەشەكانی پێخلیسكانە ناو سیناریۆی جەنگێكی سەراپاگیرو لێكەوتەكانی دەبەن بۆ سەر ئاسایش و سیاسەتی ناوخۆیان.

پەرەسەندنی تەنگژەكە
هەڵكشانە سەربازییەكانی ئەم دوایەی نێوان لوبنان‌و ئیسرائیل، دوا هەڵكشانی سەربازی نێوانیانە، تەلئەبیب ویستی لەڕێگەی فڕۆكە كۆنتڕۆڵكراوەكانەوە بگاتە چەند ئامانجێكی ستراتیژی هێزەكانی حیزبوڵای لە باشووری لوبنان، یەكێك لەبنەكەكانی ئەو حیزبەشی لە سوریا بۆمبارانكرد و چەند چەكدارێكی لێ كوشتن. 

لە وەڵامدا حیزبوڵڵا چەند موشەكێكی دژە تانكی گرتنە‌ ئیسرائیل، كە بوونە هۆی تێكشكاندنی ئامێرێكی سەربازی ئیسرائیلی لە ناوچەی "ئەفبفیم" ی نزیك سنووری باشووری لوبنان.
 
سوپای لوبنانیش ڕایگەیاند، كە ئیسرائیل 40 موشەكی هێشوویی سوتێنەری بەرەو ناوچەكانی باشووری لوبنان هاویشتووە و چەند ئاگرێكی لێكەوتووەتەوە. 

هاوكات نەعیم قاسمی جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا ڕەتیكردەوە هەڵكشانی سەربازی گەورە لەنێوان هەردوولادا ڕوویدا بێت‌و وتی: ئەمەی ڕوویداوە وەڵامدانەوەی دوژمنكارییە نەوەك دوژمنكاری بێت، ئەمەش دژییەكە لەگەڵ لێدوانەكانی حەسەن نەسروڵڵا، كە پێیوایە ئەو كارەی ئیسرائیل شكاندنی ڕێساكانی پێكدادانە، كە لە ساڵی 2006 لە نێوان هەردوولادا پەسەند كراوە، بەڵێنیشیدا بە خێرایی وەڵامی تەلئەبیب بداتەوە، بەو دوو فڕۆكە كۆنتڕۆڵكراوە ئیسڕائیلییەوە، كە ‌نەسروڵڵا‌ بەكردەی خۆكوژی وەسف كردن و ڕاگەیەندرا، كە بۆمبڕێژكراوبوون.

ئەمەش واتای ئەوەیە ئیسڕائیل لە دۆخی سیخوڕیكردنەوە چووەتە دۆخی بۆمبڕیژكردنی فڕۆكە كۆنتڕۆلكراوەكانەوە لەئەنجامدانی كردەی سەربازی دژ بەحبزبوڵڵا‌ وەك بەئامانجگرتنی بارەگانی یان تیرۆركردنی ئەندامەكانی. 

لە ترسی كاردانەوەی حیزبوڵڵا، سوپای ئیسرائیل مۆڵەتی سەربازەكانی لە ناوچەی باكووری وڵات وەستاند وەك ئامادەسازییەك بۆ هەر كاردانەو‌ەیەكی حیزبوڵا دژ بە تەلئەبیب.

كاردانەوەی ئیسرائیل
لەیەكەم كاردانەوەدا بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی: هێرشە سەربازییەكەی حیزبوڵڵا قوربانی لێنەكەوتووەتەوە. 

هێرشە سەربازییەكەی حكومەتەكەی دژ بە حیزبوڵا و حەشدی شەعبی لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئێرانە لە ناوچەكە، هەروەها قسەكەری سوپای ئیسرائیلیش هەڕەشەی لە  میشیل عۆنی سەرۆكی لوبنان كرد، كە جەنگێكی سەراپاگیری وەك ئەوەی ساڵ 2016 یان لە دژ بەرپا دەكەن.

ئیسرائیل لەوە دەترسێت حیزبوڵڵا پەنابەرێتەبەر شەڕی پارتیزانی وەك ڕفاندن و كوشتنی سەربازەكان، لە پەرەسەندنی توانستە سەربازییەكانی ئەو حیزبەش دەترسێت ، بە تایبەتیش پەرەپێدانی پڕۆژەی موشەكەكان، كە بەوردی و لە دووری چەند مەترێكەوە ‌ئامانجەكانیان دەپێكن، سەرباری توانستی موشەكەكان لە هەڵگرتنی كلاوە جەنگی و تەقینەوەكان. 

بۆ ئەوە ئیسرائیل هێزەكانی خۆی لەسەر سنووری لوبنان بڵاوەپێكردووە، ئەمەش واتای ئامادەباشی سوپایە بۆ هەر سیناریۆییەكی شیمانەكراوە(موحتەمەل)

هەڵوێستی لایەنەكان:
پشكداری حیزبوڵڵا لە پێكهێنانی زۆرینە لە پەرلەمانی لوبنان و بەشداریشی‌ لە پێكهێنانی حكومەتدا گرێكویرەیەكی گەورەیە، دەكرێت ئەو حیزبە دەوڵەتی لوبنانی لەجەنگێكی نابەرانبەرەوە بگلێنێت دژ بە ئیسرائیل، هەر بەرەنگاربوونەوەیەكی نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵاش واتای تێوەگلانی سوپای لوبنانە.

میشیل عۆنی سەرۆكی ئەو وڵاتە پێیوایە ئەوەی ئیسرائیل كردوویەتی شكاندنی سەروەری لوبنانەو لەو بارەوە رایگەیاند، پرسەكە دەباتە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان. 

لەو لاشەوە سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنانی گەرەكییەتی وڵاتەكەی لە بەرەنگاربوونەوەیەكی سەربازی بپارێزێت، بۆیە داوای لە پاریس و واشنتۆن كرد لای ئیسرائیلییەكان دەستتێوەردان بكەن و بارگرییەكە خاوكەنەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش هۆشداری هەڵگیرسانی جەنگێكیدا لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، لە هەمان كاتیشدا ئەركی نێردەكەی (هێزەكانی یۆنیفیل) لە باشووری لوبنان بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە درێژكردەوە. 

واشنتۆنیش نیگەرانییەكانی خۆی لەو دۆخە نەشاردووەتەوە، لەو بارەوە مایك پێنسی جێگری سەرۆكی ئەمریكاش لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پشتیوانی واشنتۆنی بۆ ئیسرائیل دەربڕی.

فەڕەنساش ناڕەزایی خۆی لە دۆخەكە نیشاندا ، ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنساش لەگەڵ نەتەنیاهۆ و حەسەن ڕۆحانی پەیوەندی گرتووەو داواشی لە هەموو لایەنەكان كردووە بەرپرسانە ڕەفتار بكەن و ئاشتی لە ناوچەكە بپارێزن.

سنوری هەڵكشاننی ڕووداوەكان
پەرەسەندنی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی گۆرەپانی لوبنانی و ئیسرائیلی دەریانخستووە، كە هیچ لایەكیان ئامادەی چوونەناو جەنگێكی سەراپاگیر نین، كە نازانرێت بە چی كۆتایی دێت؟ هەر لایەكیان هەوڵ دەدات پارێزگاری لە ئابڕوومەندی خۆی بكات، نەتەنیاهۆ بە پیكەنینەوە وتی: هیچ زەرەر و زیانێكمان پێنەگەیشتووە، نەسڕوڵاش هەرەشەی خستنەخوارەوەی هەر فڕۆكەیەكی كۆنتڕۆلكراوی كرد، كە دێتە ئاسمانی لوبنانەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە هەردوولا بە جۆرێك لە جۆرەكان تەنگژەكەیان تێپەڕاندووە.

جەنگ بۆ ئیسرائیل هەڵەكانی ئەم حكومەتەی ئێستای كەمدەكاتەوە لە وەرگرتنی متمانەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ئایندەدا، بۆیە بۆ مسۆگەركردنی متمانەداری دەنگدەر خۆیان لەجەنگ دووردەخەنەوە. 

سەرباری پەرۆشی ئیسرائیل بۆ هەڵنەگیرسانی جەنگ، بەڵام ڕێگەش نادات حیزبوڵڵا ببێتە خاوەن چەكی جۆری، كە هاوسەنگی لە ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە. 

حیزبوڵڵاش مەبەستی پاراستن و پابەندبوونە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە (1701)، كە لە دوای جەنگی ساڵی 2006 وە دەرچووە و‌ دەڵێت: نابێت هیچ جەنگێكی ئایندەی نێوان هەردوولا لەسەر خاكی لوبنان بەرێوەبچێت، بۆیە دوا پێكدادانەكانی نێوان هەردوولا لەسەر خاكی سوریا بوو.

بەگشتی، كاردانەوەكانی نەتەنیاهۆ و نەسڕوڵڵا،  ئاماژەن بۆ ئەوەی، كە سەختە بەرەنگاربوونەوە ڕووبدات، بۆیە سیناریۆی (وەڵامدانەوە سنووردارەكان) جێگەی جەنگی گرتووەتەوە. 

هاوكات جەنگ لە بەرژەوەندی ناوخۆیی و دەرەكی حیزبوڵڵادا نییە، ئەو لە سوریا و یەمەنیش باری گرانە و تێوەگلاوە، ئەمەش‌ متمانەداری ئەو حزبەی لای هاووڵاتییان كەمكردۆتەوە كە بۆیان ئاشكرا بووە ئەو حزبە باڵێكی ئێرانە لە ناوچەكە ، هەر ئەمەش وای لێ دەكات خۆی بپارێزێت لە هەر سەركێشییەكی دیكە كە توانستەكانی دادەچۆڕێنێت.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە