پارتی ترسی لەسەردانەكەی بافێڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا هەیە

sharpress.net

10512 جار خوێندراوه‌ته‌وه

15/09/2019‌

شارپرێس:
پارتی دیموكرات ترسی لەسەردانەكەی بافێڵ تاڵەبانی بۆ شاری بەغدا هەیە، كە چەند رۆژێكە دەستیپێكردووە.

بافێڵ تاڵەبانی، كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی چەند رۆژێكە بەسەرۆكایەتی شاندێكی حیزبەكەی لەبەغدایەو چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، پارتی دیموكرات ترسی لەو سەردانەی بافێڵ تاڵەبانی هەیە بۆ شاری بەغداو ترسەكەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە كاریگەری لەسەر گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان دابنێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی ترسی ئەوەشی هەیە، كە بافێڵ تاڵەبانی لەو سەردانەی گەرەنتی ئەوە بدات، بە لایەنە عێراقییەكان، ئەگەر هاتوو بەغداو هەولێر رێكنەكەوتن بۆ پرسی نەوت‌و بودجە، ئەوە سلێمانی پابەند نابێت بەوەو دەستبەرداری بەغدا نابێت.

هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی بافێڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا، هەڵمەتێكی میدیایی فراوانی پارتی بەتایبەتی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ سەر ناوبراو دەستیپێكردووەو لەهەڵمەتەكەش باس لەوە دەكرێت، سەردانەكەی بۆ ئەوەیە، كە بافێڵ تاڵەبانی داوا لەعێراق بكات ئەگەر لەگەڵ هەولێر نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەوە سلێمانی پابەند نابێت بەو پرسەوە.

دواین كۆبوونەوەی بافێڵ تاڵەبانی  لەبەغدا لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە بووە، كە لەكۆبوونەوەكە ئاراس شێخ جەنگی راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق ئامادەیبوو گفتوگۆكرا لەبارەی گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ھەرێم و عێراق و ناوچەكە كراوەو تەئكید لە كاری ھاوبەش و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە و ھاریكاری نێوان یەكێتی و رەوتی حیكمە  كرایەوە ، بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ھەولێر و بەغدا و بەھێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بكات. 

ھەر لە دیدارەكەدا بافێڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و عێراق و رایگەیاند، ئەگەر بمانەوێت ھەرێمی كوردستان و عێراق سەقامگیری زیاتر بەخۆوەبینێت پێویستە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان ھەردوولادا بنیادبنرێتەوەو بەسەر كێشەو گرفتەكاندا زاڵبین و كاربكەین لە پێناو بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانداو چەسپاندنی عەداڵەتی كۆمەڵایەتی و حكومەتی ھاووڵاتی بوون، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە.

هـ ـ ح






ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved