رۆژئاوای كوردستان لەنێوان ئەمەریكاو هەڕەشەی توركیا بۆ بەزاندنی سنوور

کوردستان

08/10/2019‌ 1481 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی دەڵێت: كێشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر سنووری توركیا و سوریا تەنیا ٥٠ بۆ ١٠٠ سەرباز دەگرێتەوە لە هێزەكانی یەكە تایبەتەكان و ئەوانیش دەگوازرێنەوە بۆ بنكەیەكی تری سەربازی ناو خاكی سوریا .

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، كە نزیكەی ٥٠ بۆ ١٠٠ سەربازی یەكە تایبەتەكان لەو ناوچەیە بوون، نابێت مەترسی كوشتن، یان پێكران، یان ئەسیربوونیان لەسەر بێت ئەگەر هاتوو توركەكان بڕیاریاندا سنوور ببەزێنن و لەگەڵ كوردەكان كەوتنە شەڕەوە .

بەرپرسە ئەمەریكییەكە جەختیكردووەتەوە، كە كارەكە پەیوەندی بە كشانەوە لە سوریاوە نییە، دووبارە بڵاوكردنەوەی هێزەكان لەهیچ حاڵەتێكدا مانای هەڵكردنی گڵۆپی سەوز نییە بۆ توركیا بۆ ئەوەی پەلاماری كوردەكان بدات .

ئەوە لەكاتێكدایە، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت: هۆشداری داوەتەوە سەرۆكی توركیا بەوەی ئەگەر یەك سەربازی ئەمەریكی ئازاری پێبگات ئەوە "كێشەیەكی گەورە " درووست دەبێت .

سەرۆكی ئەمەریكا دەشڵێت: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە ئەردۆغانی وتووە: ئەگەر هەر كارێك بكەن پێمان وابێت ئەوە لەسنوور دەرچوونە لە سوریا، ئەوە ئابوورییەكەتان روبەڕووی ئاكامێكی خراپ دەبێتەوە.

لای خۆشییەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن رایگەیاند، ئەوان پشتگیری پرۆسە سەربازییەكەی توركیا ناكەن‌و هۆشداریش دەدات لەوەی ئاكامەكانی پرۆسەیەكی لەو جۆرە بۆ توركیا و ناوچەكە و دەرەوەش تێكچوونی سەقامگیری دەبێت .

هەروەها پنتاگۆن لە بەیاننامەیكدا رایگەیاندووە، مایك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا هۆشداری داوەتەوە هاوتا توركییەكەی بەوەی هەر جوڵەیەكی تاكلایەنەی توركیا مەترسی دەبێت بۆسەر توركیا .

بەڵام وەزارەتی بەرگری توركیا لە تویتێكدا رایگەیاندووە، ئەوان هەموو ئامادەكارییەكانیانتەواو كردووە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی گریمانكراو بۆ سەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات .

لەبەشێكی تری تویتەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیادا هاتووە، درووستكردنی ناوچەی ئارام كارێكی پێویستە بۆ  سەقامگیری و ئاشتی بۆ سورییەكان تاوەكو بتوانن لە ئارامیدا بژین.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی