كۆسرەت رەسوڵ بڕیاری گەڕانەوەی چەند كادرێكی هاوپەیمانی بۆ ناو یەكێتی دەردەكات

کوردستان

13/11/2019‌ 9479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی، بڕیاری بۆ گەڕانەوەی چەند كادرێكی حیزبەكەی دەركردووە، كە پەیوەندیان بەهاوپەیمانی نیشتمانی بۆ دادپەروەری كردبوو.

بەپێی نووسراوێك، كە تایبەت دەست شارپرێس كەوتووەو مێژووەكەی بۆ مانگی هەشت دەگەڕێتەوە، كۆسرەت رەسوڵ بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراوەو وەك جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بڕیاری گەڕانەوەی بۆ چەند كادرێك دەركردووە.

هەر  بەپێی نووسراوەكە، لەگەڵ بڕیاری گەڕانەوە، ئەو كەسانە خراونەتەوە سەر ئەرك‌و پۆستەكانی پێشوویان‌و دەستبەكاربوون.

ساڵی 2017 بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری یەكێتی لەو حیزبە جیابووەو حیزبێكی بەناوی هاوپەیمانی نیشتمانی راگەیاند‌و چەندین كادر لەیەكێتییەوە پەیوەندییان پێوەكرد، بەڵام دواتر ناوبراو گەڕایەوە ناو یەكێتی.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە مانگی داهاتوو كۆنگرەی چواری یەكێتی ببەسرێت‌و لەناو بەشێك لەكادرانی ئەو حیزبە ناڕەزایی دروست بووەو گومان لەسەر ئەو بڕیارە دروست بووە.

هـ ـ ح