بۆچی ڕوسیا بوونی سەربازی خۆی لەرۆژئاوای كوردستان بەهێز دەكات؟

کوردستان

17/11/2019‌ 2649 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری فراوانبوونی ڕووبەری قەڵەمڕەووی ڕژێمی سوریا لەم دوایانەدا بە هاوكاری هاوپەیمانەكانی، كەچی ڕوسیا بەردەوامە لە برەودان بە بوونی سەربازی خۆی لە سوریا و بە تایبەتیش لە ناوچەی قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیاش لە 14 نۆڤەمبەر ڕایگەیاند، دەستیكردووە بە بنیاتنانی بنكەیەكی سەربازی‌و هەلیكۆپتەرەكانی لێجێگیركردووەو بە موشەكی زەوی بە ئاسمانیش دەیپارێزێت. 

چەند ڕاپۆرتیكیش ئاماژە بەوە دەدەن، كە مۆسكۆ لەگەڵ دیمەشق كەوتووەتە گفتوگۆ بۆ بەكرێگرتنی فڕۆكەخانەی قامیشلی بۆ ماوەی 49 ساڵ بەهەمان شێوەی بەكرێگرتنی هەردوو بنكەی حەمیم و تەڕتوس.

ئامانجی جۆراوجۆر 
ئەم هەنگاوەی مۆسكۆ‌ پرسیارگەلێكی زۆر لای هێزە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەكان دەورژێنێت، كە پەیوەستن بە گۆڕانكارییە سیاسی و مەیدانییەكانی سەر گۆڕەپانی سوریا، ڕوسیاش لەسەر زاری ڤلادیمێر پۆتین لە 3 ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو لە كۆڕبەندی "ڤالدای بۆ گفتوگۆی نێودەوڵەتی رایگەیاند، كردە سەربازییە فراوانەكان لە سوریا كۆتاییان هاتووە، بۆیە گرنگە قورسایی بخرێتەسەر گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ تەنگژەی سوریا.

ئەمەش ئاماژەیە، كە ڕوسیا‌ نیازی نییە وردە وردە‌ بوونی سەربازی خۆی لە سوریا بەرتەسك بكاتەوە، دوای ئەوەی بە دەستتێوەردانی لەسێبتیمبەری  2015  هاوسەنگی هێزی لە بەرژەوەندی ڕژێمی سوریا گۆڕی. 

ئەم هەنگاوەشی هۆكاری سەرەكی بوو بۆ هەڵكشانی ڕادەی‌ بارگرژییەكانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا و بە تایبەتیش لەگەڵ ئەمریكادا، كە ڕەخنەی توندی لە مۆسكۆ گرت بە پشتیوانیكردنی سیاسی و سەربازی ڕژێمی سوریا و میلیشیا پاشكۆكانی لەڕێگەی پاڵپشتی ئاسمانییەوە.

بە دروستكردنی بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە قامیشلی، ئەوە دەردەكەوێت مۆسكۆ چەند ئامانجێكی دیكەی هەن وەك:

پەیامێكە بۆ هاوپەیمان و نەیارەكانی
مۆسكۆ بەم هەنگاوە تازەی پەیامێكی بەهێز ئاراستەی هێزە هاوپەیمان و نەیارەكانی دەكات بەوەی نیازی نییە لەقۆناغی ئایندەدا بوونی سەربازی خۆی لە سوریا بەرتەسك بكاتەوە، نەیارەكانیشی چاوەڕێی ئەو هەنگاوەیان دەكرد، كە شوێنی مۆسكۆ پڕبكەنەوە.

هەروەها بە كشانەوەی ئەمریكا توركیا بە مەبەستی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای كوردستان، كە پێشتریش مۆسكۆ تاوتوێی ئەم پرسەی كردووە، بۆیە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی هەنگاوێكی لەو جۆرە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیدا ناسازێت.


پەیامەكەی مۆسكۆ هەر بۆ واشنتۆن و ئەنقەرە نییە، بگرە بۆ ئێرانیشە، كە بوونی سەربازی مۆسكۆ لەسوریا جێگەی نیگەرانییەتی.

وریایی لە ئاست تەگبیرسازییە ئەمنییەكان
مۆسكۆ بەوردی چاودێری جوڵە سەربازییەكانی ئەمریكا دەكات لەباكووری سوریا، بە تایبەتیش دوای ئەوەی واشنتۆن لە 13 نۆڤەمبەر هێزەكانی لە باكوری سوریا بڵاوەپێكردن. 

رۆوسیا لەسەر زاری لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ناڕەزایی خۆی بەرانبەر ئەو جوڵەی ئەمریكا دەربڕی و تۆمەتباریشی كرد بەوەی واشنتۆن گەرەكییەتی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سوریا داببڕێت و نیمچە دەوڵەتێكی تێدا دابمەزرێنێت.

پاراستنی دەستكەوتەكان
مۆسكۆی وای دەبینێت ئەو ڕۆڵە سیاسی و سەربازییەی لە ساڵی 2015وە لە سوریا گێڕاویەتی، هاوسەنگی هێزی لە سوریا گۆڕیووەو بەری بە فراوانبوونی هەژموونی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان گرتووە، بۆیە ناكرێت پاشەكشە بكات و دەستبەرداری ئەو دەستكەوتانەی بێت، كە پێشتر بەدەستیهێناون.

مۆسكۆ پەی بەوەش دەبات، كە هاوسەنگی هێز لە سوریا بەشێوەیەك گۆڕاوە لەگەڵ ئامانج و لێكدانەوە ستراتیژییەكانی خۆیدا یەكانگیرە، بەشار ئەسەدی هێشتەوە لەدەسەڵات و نەیهێشت هەمان سیناریۆ‌ی لیبیا دووبارە بێتەوەو پوچەڵ كردەوە. 

لە هەمان كاتیشدا دەزانێت ئەو هەنگاوە تێچوونەكەی زۆرە و لەوانییە لە دواتردا ئەو تێچوونەی بكەوێتە ئەستۆ، بۆیە دەبێت بە لایەنی كەمەوە لە مەودایەكی نزیك و مامناوەندا، بوونی خۆی لە سوریا قایمتر بكات، لەوانەشە لە قۆناغی ئایندەدا بەرژەوەندییەكانی مۆسكۆ ببنە ئامانجی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان، چونكە لە ناو ڕێكخراوە تیرۆرستییەكاندا كەسانی بە ڕەگەز ڕوسی و دەوڵەتانی ئاسیایی ناوەڕاست و قەوقاز بوونیان هەیە.

فشارخستنەسەر كوردەكان
ئەو هەنگاوەی مۆسكۆ ئاماژەیە بۆ ئارەزوومەندی مۆسكۆ لە فشارخستنەسەری زیاتر بۆ سەر كوردەكان و بە تایبەتیش هێزەكانی سوریای دیموكرات تا بیانخاتەپاڵ سوپای سوریاوە، سوودیش لەو پێدراوە تازانە وەربگرێت، كە كردە سەربازییەكەی توركیا لە باكوری سوریا هێناونییە ئاراوە، هەروەها سوود وەرگرتن لەو لیكتێگەیشتنانەی كە توركیا لەگەڵ هەریەك لە واشنتۆن و مۆسكۆ پێیان گەیشتووە.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر