ئەمریكا دڵی كورد دەداتەوە.. دیوی دووەمی سەردانەكەی پێنس بۆ هەولێر

کوردستان

24/11/2019‌ 2942 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەدوا پۆستیدا لە سۆشیال میدیا، مایك پێنس سەبارەت بەسەردانەكەی بۆ هەولێر، نووسیویەتی: شانازی بوو لەبری دۆناڵد ترامپ چاوم بە نێچیرڤان بارزانی كەوت لەهەولێر.

رۆژی شەممە مایك پینس جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەناكاو گەیشتە سەربازگەی عەین ئەلئەسەد-ی ئەنبار، كە 100 میل لەبەغداد-ی پایتەختی عێراقی پڕ كێشە و گرفت-ەوە دوورە.

ئەوانەی لەگەلی بوون جگە لە كارین پینس-ی خێزانی، هەریەك لەمارك شۆرت سەرۆكی ئەركانی ئەمریكا و كیس كیلۆگ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەك رۆژنامەنووس.

بەقسەی ماگی هاپرمان رۆژنامەنووسی نیویۆرك تایمز 15 رۆژنامەنووس لەگەڵ پێنس بوون، بۆیە تێكڕای میدیاكانی ئەمریكا بەچڕی رووماڵی هەردوو سەردانەكەی پینس-یان كرد بۆ عەین ئەلئەسەد و هەولێر.

ماری كەس لینگی رۆژنامەنووسی نیویۆرك پۆست ئەڵێت: "لە عەین ئەلئەسەد، كارین پینس، خواردنی پێشكەش بە 150 سەرباز كرد ، كە بریتیبوو لە شیرینییەكی خۆش، بەكرێم داپۆشرابوو، نێوان توێكانیشی هەمووی مۆز بوو".

ئەمەی سەرەوە، تێكڕا دیوی یەكەمی سەردانەكە بوو، دیوی دووەمی سیاسی و دیپلۆماسی سەردانەكە ئەوەیە، كە ئەمریكا دڵی كورد دەداتەوە.

لەبارەی گەشتەكەی پێنس بۆ هەولێر، رۆژنامەی یو ئێس تودەی نووسویەتی: پێنس دووپاتیدەكاتەوە، كە گەشتەكە فرسەتێك بوو بە نوێنەرایەتی ترامپ بۆ جەختكردنەوە لەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی، كە هەیە لەنێوان ئەمریكا و كورد لەسەرەتای دروستبوونی شەڕەوە لەناوچەكە.

بەرپرسێكی سەربازی باڵای ئەمریكا-یش بۆ فۆكس نیوز دەڵێت: ئامانجی سەردانەكەی پێنس دڵنیاكردنەوەی كوردەكانە، كە تا ئێستا هاوپەیمانی ئەمریكان، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی ئەمریكا لە مێژە پاڵپشتی مافی كورد دەكات و ئیدارەی ترەمپ-یش سورە لەسەر ئەو پشتیوانییە.

ھەر ئەو بەرپرسە سەربازییە بۆ ڕادیۆی ئین پی ئار باسی لەوە كردووە، لەدوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بەرپرسە كوردەكە (مەبەست سەرۆكی ھەرێم) پێنس لە چەند دەقیقەیەكی پێكەوەیی قسەكردندا وتوویەتی هەر گۆڕانێك هەبێت لەناوچەكە قازانجی ئەوانە.

ھەروەھا بەرپرسێكی ئیداری لە كۆشكی سپی بۆ رۆژنامەی پۆلیتیكۆ دواوەو دەڵێت: ترامپ زۆر سوور بووە لەسەر ئەو سەردانە و ماوەی سەردانەكە و بڕیارەكەی ترامپ تەنیا سێ رۆژ بووە.

ئەو بەرپرسە هۆكاری سەردانەكەی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، كە ترامپ دەیەوێت بۆ ئەمریكییەكانی بسەلمێنێت، كە وێرای كێشەی ناوخۆیی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران، گرنگی دەرە بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی كوردەكان.

هەر ئەو بەرپرسە جەختی لەوەشكردەوە، كە پێنس بەبەرپرسە كوردەكانی كوردستانی عێراق و كوردەكانی سوریای راگەیاندووە، هەردوولا تەباو پێكەوەبن.

بەپێی پۆلیتیكۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سوپاسی پینس-ی كردووە بۆ سەردانەكەو و وتویەتی: هیوادارین بەردەوام بین لەپەیوەندییەكانمان لەگەڵ ترامپ بۆ گەشەپێدانی زیاتر لەداهاتوودا.

هەر بەپێی پۆلیتیكۆ لە سەربازگەی عەین ئەسەدەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان جێگری سەرۆكی ئەمریكا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بووە و پینس پیوتووە لەئێران دووركەونەوە و هانی حكومەتەكەت بدە لەكێشەكانی  ئێرانەوە نەگلێت.

پێنس لە پەیوەندییەكەیدا جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە رێز لە داوای خۆپیشاندەران بگرن و وتووشیەتی ئەمەمان بەئاشكرا بە ئێرانیش راگەیاندووە سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئێران.

ئەم قسانەی پێنس لەكاتێكدایە لە 1ی ئۆكتۆبەرەوە خۆپیشاندانەكان لە عێراق بەردەوامە و ژمارەی كوژراوانیش لە هەڵكشاندان، بۆیە پێشتریش مایك پۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا رۆژی دووشەممەی پێشوو تەئكیدیكردەوە، ئەمریكا ئامادەیە سزا بسەپێنێت بەسەر هەر بەرپرسێكی عێراقی، كە تێوەگلاوە بە گەندەڵی و دەستی سورە بە خوێنی خۆپیشاندەران.

هاوكات فان گۆمز یەكێك لەو رۆژنامەنووسانەی، كە هاوڕێی پینس بووە، دەڵێت:  جێگری سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ 5 دەقیقە بەجیا كۆبوونەوە، جگە لە كۆبوونەوە فراوانەكەی زۆرێك لە بەرپرسانی ئەمریكا و كوردەكان پێكەوە بوون".

هەروەها فۆكس نیوز لە دواهەمین گەڕی هەواڵەكانی بڵاویكردەوە، پێنس بە نێچیرڤانی وتووە: هیواخوازم لە ئایندەدا كوردەكان ئایندەیەكی گەش و پڕ ئاشتیان هەبێت.

جێگری سەرۆكی ئەمریكا و تیمەكەی دوای گەیشتنیان بۆ ئەڵمانیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتی ئوردن، لە سەربازگەیەكی ئەمریكی لەبەرەبەیانی 23 نۆڤێمبەر لە ئوردنەوە بە فرۆكەی بارهەڵگری سی 17 بەرێكەوتوون بۆ سەربازەی عەین ئەلئەسەد و دواتریش بۆ دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ سەردانی هەولێر-یان كردووە.

ئامادەكردن: لوقمان غەفوور