پێشبڕكێی سەپاندنی هەژموون.. بنكە سەربازییە بیانییەكان لەسوریا

ڕاپۆرت

26/11/2019‌ 1194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە دەرەكییەكان لەپێشبڕكێدا بۆ سەپاندنی زۆرترین هەژموون بەسەر سوریادا، بۆ ئەوەش دەیان بنكەی سەربازیان لەو وڵاتدا جێگیركردووە .

هەرچی روسیایە لەڕێگای پۆلیسی سەربازییەكەیەوە دەستی بەسەر بنكەی ئاسمانی سیرینی نزیك لەگوندەواری كۆبانیدا گرتووە، ئەویش دوای ئەوەی ئەمەریكا هێزەكانی لەو ناوچەیە كێشایەوە .

جگە لەوەی روسیا هێلیكۆپتەر و سیستەمە موشەكییەكانی لە فرۆكەخانەی قامیشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان جێگیركردووە و بنكەیەكی ئاسمانیشی بۆ فرۆكەی هێلیكۆپتەر تێدا دروست كردووە .

بوونی سەربازی روسیا تەنیا هەر لەو دوو جیگایە نییە، بەڵكو روسیا دوو بنكەی سەربازی هەمیشەیی لەكەناراوەكانی سوریا هەیە، كە یەكەمیان بنكەی ئاسمانی حومەیمیمە لەلازقییە، ئەوەی تریشیان بنكەی دەریایی تەرتووسە لەسەر دەریای ناوەراست .

بوونی سەربازییانەی وڵاتانی بیانی هەر لەسوپای روسیادا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو ئەمەریكا بوونێكی سەربازی بەهێزی لەو وڵاتەدا هەیە بەشێوەیەك ١٣ خاڵی سەربازی لەرۆژئاوای كوردستان و باكوورری سوریا هەیە، ئەوە جگە لە پێنج بنكەی سەربازی لە پارێزگای حەسەكە و پلاندانان بۆ دروستكردنی دوو بنكەی سەربازی نوێ لە نزیك كێڵگە نەوتییەكانی ئەو پارێزگایە .

لەكاتی جێگیربوونی هێزەكانی ئەمەریكا لەو دوو بنكەیە، ئەوە ژمارەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە پارێزگای حەسەكە دەگاتە ٧ بنكەی سەربازی، كە واپێدەچێت هێزەكانی ئەمەریكا بیانەوێت ئەو دوو بنكەیە لەنزیك شارۆچكەی قەحتانییە و گوندی حیمۆ دروست بكەن، كە دەكەونە نزیك كێڵگە نەوتییەكان .

هەرچی توركیایە لەو وڵاتانەیە دەیەوێت هەژموون و باڵادەستی خۆی بەسەر باكوور و رۆژهەڵاتی سوریادا بسەپێنێت، بەشێوەیەك توركیا دوای ئەوەی دەستدرێژی كردە سەر رۆژئاوای كوردستان و شارۆچەكەی سەرێ كانی داگیركرد ئێستا كار لەسەر دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی لەو ناوچەیە دەكات .

سەبارەت بە هەژموونی ئەو بنكە سەربازییانە لەدوای دەستتێوەردانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، ئیلیاس حەننا شارەزای سەربازی و ستراتیژی بە كەناڵی "سكای نیوز عەرەبی" راگەیاندووە، كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا نەخشەی دابەشبوونی بنكە سەربازییەكان لەو ناوچەیە گۆرانكاری ریشەیی بەسەردا هاتووە بەشێوەیەك ئێستا ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵی روسیا و توركیا و ئەمەریكادایە، كە هەریەك لەو وڵاتانە ئامانجی جیاواز و دژبەیەكیان هەیە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا حەننا رایگەیاندووە، كە نەخشەی دابەشبوونی نەوت بنكە سەربازییەكان دیاریدەكات، بەڵام واپێدەچێت ئامانجی سەرەكی ئەمەریكا نەوت نەبێت، بەڵكو مەبەست لێی هاوسەنگی لەگەڵ روسیا و پاراستنی كوردەكانە لەڕێگای نەوتەوە.

هەرچی پەیوەستە بەهەژموونی توركیاوە ئەو شارەزا سەربازییە باسی لەوە كردووە، كە زۆر سەختە توركیا لە سوریا برواتە دەرەوە، توركەكان خەونی دەستگرتن بەسەر نەوتی سوریاشیان هەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی