وردەكاری بەئامانجگرتنی ماڵەكەی موقتەدا سەدر

عیراق

08/12/2019‌ 2295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی خۆجێیی پارێزگای نەجەف وردەكاری بەئامانجگرتنی ماڵی موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر لە شاری نەجەف ئاشكراكرد، بەرەبەیانی رۆژی شەممە بە فرۆكەی بێفرۆكەوان هێرشی كرایە سەر .

لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ محەممەد رەزا حەیدەری ئەندامی لیژنەی ئاساش و بەرگری رایگەیاند، سەعات ٣:٤٠ خولەكی بەیانی رۆژی شەممە فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی درووستكراوی ناوخۆ، كە لە گەڕەكەكانی باكووری شاری نەجەفەوە هاتووە بۆمبێكی فڕیداوەتە ماڵی موقتەدا سەدر .

حەیدەری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، فەرماندەیی هێزی ئاسمانی عێراقی جەختیانكردووەتەوە، كە هیچ فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان ئاسمانی عێراقی نەبڕیوە، ئەوەش بەو مانایە دێت، كە فڕۆكەكە لەناوخۆی وڵاتەوە هاتووە .

هاوكات سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە، كە بەهۆی هێرشی فرۆكە بێفرۆكەوانەكە هیچ كەسێك بەرنەكەوتووە، ئەوە لەكاتێكدایە موقتەدا سەدر لەكاتی رووداوەكە لە ئێران بووە .

پێش نیوەرۆی رۆژی شەممەش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەجەف رایگەیاند، فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان لەڕێگای بۆمبێكی درووستكراوی ناوخۆیی هێرشی كردووەتە سەر ماڵی موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر لە ناوچەی حەنانە لە نەجەف .

لای خۆیەوە ساڵح محەمەد عیراقی، كە كەسێكی نزیكە لە موقتەدا سەدرەوە لە پەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: بەئامانجگرتنی ماڵی موقتەدا سەدر وەك وەڵامدانەوەیەكە بۆ فەرمانەكانی شەوی رابردووی موقتەدا سەدر، كە داوای لە "كڵاو شینەكان" كردبوو پارێزگاری لە خۆپیشاندەرانی بەغدا و نەجەف بكەن .

هەروەها وتەبێژی هاوپەیمانی سائیروونیش رایگەیاند، ئامانج لەو رووداوانە گوشارخستنە سەر خۆپیشاندەران و ڕێبەرە سیاسییەكان بۆئەوەی ئەو پاڵیوراوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت قبووڵ بكەن، كە دەستەبژێری سیاسیی دەسەڵاتدار پێشكەشی دەكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی