ئامانجی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ تونس

لە میدیاکانەوە

26/12/2019‌ 1685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەرمەی تەنگژە بەیەكدا هاتووەكاندا، كە پەیوەندییەكانی توركیا بە زۆرێك لە دەوڵەتانەوە و بەتایبەتیش دەوڵەتانی حەوزی دەریای ناوەڕاست شێواندووە، ئەمە جگە لە ناكۆكییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا، لەو ئاسن و ساتەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا سەردانی تونسی كرد.

بەتەنیشت ڕوپاماییە (مجاملە) دبلۆماسیەكانەوە لەپیرۆزباییكردن لە قەیس سەعیدی سەرۆكی تونس،  بێگومان ئەردۆغان خاوەن كۆمەڵێك ئامانجیشە‌، كە لە پشت سەردانەكەوە خۆیان مەڵاسداوە.

ئەردۆغان پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی ئیسلامی سیاسی تونسدا هەیە، كە هێشتا خاوەن هەژموونە لە تونس و حیزبی نەهزە بە سەرۆكایەتی ڕاشد غەنووشی سەركردایەتی دەكات، كە نزیكە لە ئەردۆغانەوە، ئێستاش غەنووشی  بووەتە سەرۆكی پەرلەمانی تونس، هەردوولا لە بازنەی ئیخوانگەراییدا یەكدەگرنەوە.

دوو تەنگژەی گڕگرتووش لە ئارادان،‌ كە پەیوەستن بە هەردوو وڵاتی توركیا و تونسەوە، ئەردۆغانیش گەرەكیەتی تونس لەو دوو تەنگژەیەوە بگلێنێت، كە یەكەمیان تەنگژەی لیبیایەو توركیا ڕاستەوخۆ لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە تێیەوەگلاوە، دووەمیان تەنگژەی دەرامەتە سروشتییەكانی دەریای ناوەڕاستە بە دیاریكردنی سنوری توركیا و لیبیاشەوە.

بۆیە سروشتی بوو كاتێك لە دوای كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆك، ئەردۆغان وتی: لەگەڵ سەرۆكی تونس باسیان لە هەنگاوە شیمانەكراوەكان (محتمل) و شێوازەكانی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات كردووە ‌بۆ وەستاندنی جەنگ لە لیبیا.

سەرۆكایەتی توركیاش هەر ئەوەندەی وت: ئەردۆغان لە سەردانێكی لەناكاودا گەیشتووەتە تونس بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ قەیس سەعیدی سەرۆكی ئەو وڵاتە و هیچ وردەكاری دیكەشی باس نەكرد.

ئەردۆغان لە گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتیشی: تونس پشكداری بنیاتنەر و بەهاداری دەبێت لەچەسپاندنی سەقامگیری لە لیبیاو دەبێت بە زووترین كات ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.

هەروەها قەیس سەعیدی سەرۆكی تونسیش وتی: لە گفتوگاندا باسی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان توركیا و لیبیا نەكراوە سەبارەت بەدیاریكردنی سنووری ئاوی لە دەریای ناوەڕاستی نێوان هەردوو وڵات، چونكە ئەم پرسە پەیوەستن نییە بەسنوورەكانی تونسەوە بۆیە باسی لێوەنەكراوە، لەوانەیە ئەو لێدوانە لە بەرژەوەندی ئەردۆغان و پلانەكانیدا نەبێت، كە گەرەكیەتی تونس پشتیوانی لەو ڕێككەوتنە بكات.

ئەردۆغان هەروەها وتیشی: پەرەسەندنە نەرێنییەكانی لیبیا زیانی بۆ دەوڵەتانی دەوروبەریش هەیە.. لەوەش دڵنیام تونس ڕۆڵێكی بەهاداری دەبێت لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە لیبیادا.

ئەردۆغان جەختی لەوەش كردەوە، كە كە ڕێككەوتننامەكەیان لەگەڵ لیبیا تەنیا پەیوەستە بەهەردوو لایانەوە و یۆنانیش هیچ پاساوێكی نییە تا دژایەتی بكات.

ئەردۆغان باسی لەوەش كرد، كە داوای لە هەریەك لە تونس و جەزائیر و قەتەر كردووە لە كۆنگرەی بەرلین بەشداربن، كە لە سەرەتای ساڵی 2020 لە ئەڵمانیا گرێدەدرێت و تاوتوێی تەنگژەی لیبیا دەكات، ئەوەشی وت: گرنگی بەشداری قەتەر و تونس و جەزائیری لە لوتكەی بەرلین  بە مێركڵ و پۆتیتن ڕاگەیاندووە.

ڕێككەوتنەكەی توركیا و لیبیای مانگی رابردوو یۆنانی توڕە كردووە، ئەسینا دەڵێت: ڕێككەوتنەكە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكات‌و ئەنقەرەش پێی وایە ڕێككەوتنەكە تەبایە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییە دەریاییەكان.

 نووسینگەی ئەردۆغانیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرۆكی توركیا لە سەردانەكەیدا بۆ تونس هەر‌یەك لەوەزیری دەرەوە و بەرگری و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری یاوەریان كردووە.

تونس نزیكەی‌ 500 كلیۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ لیبیادا هەیە و هاوبەشێكی گەورەی ئابوروی لیبیایە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر