گەورەترین‌و گرانترینە لە جیهاندا..
بۆچی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا جیاوازو تایبەتە؟

عیراق

02/01/2020‌ 2172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گرنگی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەعێراق هەر لەپێگەكەیدا نییە، كە كەوتووەتە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەڵكو باڵیۆزخانەكە چەندین تایبەتمەندی هەیە، كە وایلێدەكات ببێت بەباڵیۆزخانەیەكی جیاواز و دەگمەن .

بەگوێرەی تۆڕی 'فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا گەورەترین باڵیۆزخانەیە لەجیهاندا، بەشێوەیەك رووبەرەكەی بەقەد رووبەری شاری ڤاتیكان دەبێت، كە لەسەر رووبەری ١٠٤ فەدان بنیادنراوە، بەوەش پێنج ئەوەندەی گەورەترین باڵیۆزخانەی پێشووی ئەمەریكا، كە لەیەریڤان بوو گەورەترە .

باڵیۆزخانەكە لەساڵی ٢٠٠٩ و دوای كۆمەڵێك كاری بیناسازی، كە نزیكەی ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی تێچوو كرایەوەو جێگای ١٦ هەزار كارمەند و بەڵێندەری تێدا دەبێتەوە .

كۆمەڵگەی باڵیۆزخانەكە دەكەوێتە سەر رووباری دیجلە لەرۆژئاوای پردی ١٤ی تەمموز ، لە ٢١ باڵەخانە پێكدێت بەقەبارەی ٨٠ یاریگای تۆپی پێ، بەوەش لە كۆمەڵگەی نەتەوە یەكگرتووەكان گەورەتر دەبێت، كە بارەگاكەی لەنیۆیۆركی ئەمریكایە .

سەبارەت بە بەشەكانی كۆمەڵگەی باڵیۆزخانەكە ئەوە لە پێنج بەشی سەرەكی پێكدێت، كە ئەوانیش شەش كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون ، ئاو و ئاوڕۆ و پاشەرۆكان، ویستگەی بەرهەمهێنانی وزە و دوو باڵەخانەی دیبلۆماسی و بەشێكی تایبەت بە كاتبەسەربردن.

جگە لەمانە باڵیۆزخانەكە سینەما، چێشتخانە و سوپەرماركێت و هۆڵی وەرزشكردن و مەلەوانگە و یاریگای بالە و تۆپی پێی تێدایە .

ئەركی پاراستنی باڵیۆزخانەكە بەهێزەكانی مارێنز سپێردراوە، بۆ ئەوەش دیواری باڵەخاكەنای دوو ئەوەندە‌و نیوی باڵیۆزخانەكانی تر بەهێزكراوە، ئەوە جگە لەبوونی پێنج دەروازەی ئەمنی توندو دەروازەیەكی دۆخی لەناكاو.

دیزاینە ئەندازیارییەكەی باڵیۆزخانەكە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام بەجۆرێك دیزاین كراوە بتوانێت لەژێر سایەی بڕانی بەردەوامی ئاو و كارەبای بەغداو درووستبوونی گرژییە ئەمنییەكان، كە ناوبەناو سەرهەڵدەدەن لەڕووی ئاو و وزەوە پشت بەخۆی ببەستێت.
 
بەرزی دیواری باڵیۆزخانەكە لانیكەم دەگاتە ٩ پێ، كە لە چیمەنتۆی كۆنكرێتی بەهێز دروستكراوە بەشێوەیەك بەرگەی هێزی تەقینەوەیەك  دەگرێت، كە بەهۆی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو یاخود مووشەك یان بەركەوتنی گولەی هاوەن رووبدات .

لەناوەوەدا زۆر بە جیاواز قایمكاری بۆ كراوە وەك ئەوەی قەڵایەكی ئەمەریكی بێت دژ بە بۆمبە بایۆلۆجییەكان، بەجۆریك بە سیستەمی پاككردنەوەی هەوا لەهەر هێرشێكی كیمیایی، یان بایۆلۆجی تەیار كراوە ، ئەوە جگە لە پەنجەرەی بچووك بچووك، كە لە درز دەچن.

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا دەكەوێتە ناوچەی سەوز، كە ناوچەكە رووبەرەكەی ١٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت و هەزاران یەكەی نیشتەجێبوونی لێیە و ئێستا خاوەن ماڵەكان بەهۆی بەكارهێنانی ماڵەكانیان مانگانە كرێیان پێدەدرێت .

ناوچەی سەوز بەسەلامەتترین ناوچەی بەغدا هەژمار دەكرێت، كە ئێستا نزیكەی پێنج هەزار بەرپرس و بەڵێندەری مەدەنی تێدا نیشتەجێیە، بەشێوەیەك بەدیواری  كۆنكرێتی و تەلی دڕكاوی گیراوە و لەهەردوولاوەشی رووباری دیجلەیە و چەندین خاڵی پشكنینی بەهێزیشی لەهەردوو لای باشوور و رۆژهەڵاتەوە بۆ دانراوە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی