كارە سەرەكی‌و لەپێشبینەكانی ڤلادیمێر پۆتین لەساڵی 2020 دا

مەلەفی تایبەت

07/01/2020‌ 1005 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی (La Nouvelle Tribune) بڵاویكردەوە، كە لە ساڵی نوێدا روسیا بەردەوام دەبێت لە بەهێزكردنی پێگەی خۆی وەك وڵاتێكی مەزن و پەرە بەچارەسەركردنی ئەو ئالینگارییانە دەدات، كە رووبەرووی دەبنەوە، ئەمەش بەگوێرەی ستراتیژییەتە سیاسییەكەی.

لە ساڵی 2019دا، روسیا زۆر لایەنی ناچاركرد قسەی لەسەر بكەن و ئێستاش دەیەوێت بەردەوامی بە سەپاندنی دیدو شێوە تایبەتەكەی بدات‌و ئەمەش هەبوونی روسیا لەسەر گۆڕەپانی نێو دەوڵەتی بەهێز دەكات.

بەگوێرەی رۆژنامەكە، كرملن رووبەرووی ژمارەیەكی زۆر لەپرسیارو ئەو پرسانە دەبێتەوە، كە پێشبینی ئەوە دەكرێت پێشكەوتنی بەرچاوی تێدا بەدیبهێنێت. 

بۆ نمونە، وردە وردە پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و كییڤ ئاسایی دەبنەوە، پێش ئەوە دانوستانەكان لە ساڵی 2016ەوە وەستێنرابوون، بەڵام هاتنە سەر دەسەڵاتی ڤلادیمیر زیلنسكی هاوسەنگیەكانی هێزی گۆڕی. 

لە ئەنجامی ئەمەشدا، لە 29ی دیسەمبەری رابردوودا، پرۆسەی گۆڕینەوەی دیلەكان و زیندانییەكان لە نێوان ئۆكرانیا و دۆنباس جێبەجێكرا، دوای گۆڕینەوەی یەكەم، كە لە 7ی سێپتەمبەردا ئەنجامدرا.

رۆژنامەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، سەرەرای ئەوەی روسیا بواری بە دەسەڵاتدارانی كییڤ داوە مانۆر بكەن، بەڵام ئەوەش دووپات دەكاتەوە تا ئێستا دانوستان سەبارەت بە نیمچە دورگەی قرم دەستی پێنەكردووە.

پرسێكی گرنگی تری كرملن بریتییە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین و ئێران، بەوەی چین بە شێوەیەكی بەرچاو بەردەوامە لە سەپاندنی خۆی وەك هێزێكی بە هەژموون لە رۆژهەڵات، ئێرانیش بەهەمان شێوە پێگەی خۆی دەسەپێنێت لە ناوچەكە بەتایبەتی دوای بەهێزكردنی رۆڵی خۆی لە جەنگی سوریادا.

ئێستا پێدەچێت ئەو سێ وڵاتە، لەسەر هەمان شەپۆل لەنگەر بگرن و لە نزیكبوونەوە ناوەستن، بۆ نموونە لە ماوەی 27 تا 30 دیسەمبەر زەریای هیندی مانۆڕی دەریایی (روسیا-چین-ئێران)ی هاوبەشی بە خۆوە بینی.

رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەم هاوپەیمانییە ستراتیژییە لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا، راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە جەنگی سوریا، بەوەی مۆسكۆش یەكێكە لە پایەكانی ئەم ململانێیە تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هاوكاری رژێمی ئەسەد بكات تا جارێكی تر بێتەوە سەر رێگا تەندروستەكەی خۆی، هەروەها لە ساڵی 2020 دا پێدەچێت رۆڵێكی یەكلایی كەرەوە ببینێت لەم پرسەدا تا ئەو رادەیەی رەنگە بە تەنیا بتوانێت چارەسەری پرسی سوریا بكات لەلایەنی سیاسی و مرۆییەوە، ئەمەش داواكاریەكی زۆر سەخت دەبێت.

ئەوەشی ئاماژەیە بۆ سەركەوتوویی ئەم بژاردەو خستنە رووە، رۆڵگێڕانی بوو لەخاوكردنەوەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی توركیا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا