ئەردۆغان ئەوروپا لەنێوان تیرۆرو حكومەتەكەی سەڕاجدا سەرپشك دەكات

ڕاپۆرت

19/01/2020‌ 1891 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، كار لەسەر برەودان بەپێگە و هەژموونی سەربازی خۆی لەلیبیا دەدات، ئەمەش لەڕێگەی هێنانی ئەو میلیشیا و چەتانەی گومانی توندڕەویی‌و تیرۆرو ئەندامێتی ڕێكخراوە جیهادییەكانیان لەسەرە بۆ ناو ڕێزەكانی حكومەتەكەی سەڕاج بۆ پشتیوانیكردن لەڕەووتی ئیسلامی سیاسی، كە خودی ئەردۆغان یەكێك لە برەوپێدەرانی ئەو ڕەووتە.

 زۆرێك لە ڕاپۆرتەكان باس لەگەیشتنی چەتە سورییەكان دەكەن بۆ شەڕكردن لەڕێزەكانی میلیشیاكانی حكومەتی لیبیا، سەرباری ئەوەی حكومەتەكەی سەڕاج ئەوە ڕەتدەكاتەوە، بەڵام پێنوێنەكان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن.

لەوتارێكدا، كە لە گۆڤاری پۆڵۆتیكۆدا بڵاوكراوەتەوە، سەرۆك كۆماری توركیا هۆشداری ئەوەیداوە ئەگەر لەلیبیا حكومەتەكەی سەڕاج بكەوێت، ئەوا ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان شوێنپێیەكیان دەبێت لە ئەوروپا.

ئەردۆغان ئەوەشی نووسیووە، ئەگەر حكومەتە شەرعییەكەی سەڕاج بگلێت، ئەوا ئەوروپا ڕووبەڕووی كۆمەڵێك گرفت‌و هەڕەشە دەبێتەوە، كە دیارە ئەردۆغان گەرەكیەتی هەمان سیناریۆ شكستخواردووەكەی لە سوریا دووبارە بكاتەوە و لەلیبیاش سەركێشییەكی دیكە بكات‌و دەیەوێت خۆی بكاتە دەمڕاستی لیبییەكان و بە ناوی ئەوانیشەوە‌ قسە بكات.

ئەردۆغان جەختی لەوەشكردەوە، كە ڕێگەی ئاشتی لە لیبیا بە ئەستەمبوڵدا تێدەپەڕێت‌و وتیشی: ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان، بە هەمان شێوازی داعش و قاعیدە، كە لە سوریا و عێراق بەزین، دووبارە لەسەر پێخۆیان دەوەستنەوە و خۆیان دەگرنەوە.

ئەردۆغان هەروەها وتی: ئەوان مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی لیبیا دەكەن بۆ شەڕ دژ بە تیرۆر و ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن، كە پێویستە یەكێتی ئەوروپا ئەوە نیشان بدات/ یاریزانێكی بەهێزە لەسەر گۆڕەپانی جیهانی.

دەستتێوەردانە سەربازییەكەی‌ توركیا لەلیبیا دەمەتەقێ و مشتومڕێكی فراوانی لەو وڵاتەو دەرەوەی دروست كرد و تەنگژەی لیبیاشی ئاڵۆزتر كردووە، كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەوڵی چارەسەركردنیدایە، ئەو دەستتێوەردانە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری توندڕەووەكان لەناو خاكی لیبیادا.

ڕاپۆرتە میدیاییەكان هۆشداریان داوە لەوەی داعش جەنگەكەی تەڕابلوس دەقۆزێتەوە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە لەلیبیا، ئاماژە بەوەش دەكەن،‌ لەو ساوەی توركیا دەستوەردانی كردووە و چەتەكانی سوریای ڕەوانەی ئەو وڵاتە كردووە، ژمارەی چەكدارە توندڕەووەكان لە لیبیادا زیادیان كردووە.

پوڵ سیلڤای جێگری سەرۆكی دەستەی سوپاسالاری هاوبەشی ئەمریكا لەو بارەوە رایگەیاندووە،‌ لەوساوەی موشیر خەلیفە حەفتەر جەنگی ڕزگاركردنی تەڕابلوسی پایتەختی ڕاگەیاندووە، ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا تێبینی زیادبوونی ژمارەی ئەو توندڕەووانەی لەلیبیادا كردووە.

پێگەی مۆنیتۆر لەسەر زاری سیلڤاوە بڵاویكردەوە، كە جەنگە چاوەڕوانكراوەكەی تەڕابلوسی پایتەخت ڕووبەرێكی جوڵە و ئازادی دەبەخشێتە ئیسلامییە توندڕەووەكان و گەرانەوەی داعش.

ڕێكخراوی داعشی توندڕەوو پێشتر شوێنە سەرەكییەكەی لەلیبیا شاری سرت بوو، دواتر لە لایەن سوپای لیبیاوە لەو شارە وەدەرنران.

سەرچاوە: عەەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر