ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بارزانی‌و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سوریا

کوردستان

18/02/2020‌ 1009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەگەڵ باڵیۆز جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوێك، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق و ئەگەرەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق تاوتوێ كران.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و دوایین هاوكێشە مەیدانییەكانی ئەو وڵاتە و بیروڕا لەبارەی ڕۆڵی لایەنە كوردییەكان لە پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە هەر بارودۆخێكدا ڕێگە لەوە بگیرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی گرفت و چارەنووسی نادیار ببێتەوە و، نابێ بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی دیموگرافی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوو بدات.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی تری ئەو بابەتە بوو، هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەردوولا بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەرز نرخێندرا و جەختیش لە فراوانتركردنی هەماهەنگیی دوولایەنە كرایەوە لە بوارە جیاجیاكاندا.