لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی بەهاوسەرۆكانی یەكێتی هەڵبژێران

کوردستان

18/02/2020‌ 6366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی بەهاوسەرۆكانی حیزبەكە هەڵبژارد.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ 3 شەممە بەزۆرینەی دەنگ هاوسەرۆكانی نوێی حیزبەكەی هەڵبژارد، كە بریتین لەبافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاری یەكێتی هەیە و لەمەولا لەلایەن هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی كارەكانی دەكرێت‌و هاوسەرۆكانیش چەند جێگیرێكیان دەبێت.

پرۆفایلی هاوسەرۆكانی یەكێتی
لاهور شێخ جەنگی بورهان نوڕەلا، لەساڵی 1975 لەدایك بووە، ساڵی 1984 لەگەڵ خانەوادەكەی چوونەتە سەر سنوور لەناوچەی گوێزیلەو ماوەی چەند ساڵێك لەو سنوورانە ماونەتەوەو بەشداری راستەوخۆی شۆڕشی نوێی گەلی كوردستانیان كردووە، كە ئەو تەنیا تەمەنی نۆ ساڵان بووە.

سەرەتا لەناوچەی هەڵەدن درێژەی بەخوێندن داوە، بەڵام بەهۆی بۆردومان‌و جەنگەكانی ئەوكات خوێندنگەكەیان وێرانبووەو دواتر چووەتە لای مەلای گوندەكەو لەحوجرە وانەی ئاینی‌و قورئانی خوێندووە.

پاشان چوونەتە ئێران‌و چەند مانگێك لەسەر سنووری ئێران ماونەتەوەو دواتر چوونەتە شاری ورمێ، لەوێ بۆ ماوەی دوو ساڵ خوێندویەتی‌و دواتر چووەتە بەریتانیاو چەند ساڵێك لەو وڵاتە ماوەتەوە.

یەكەم وێستگەی ژیانی سیاسی لاهور شێخ جەنگی ساڵی بۆ ساڵی 1999 دەگەڕێتەوە، كە پۆستی جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا وەرگرتووەو تا ساڵی 2002 بەردەوام بووە، لەدوای ئەو ساڵەش لەگەڵ ئەمریكییەكان كاری كردووە، بەتایبەتی بۆ پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو هێرشی سوپای ئەمریكا بۆ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن.

لەسەرەتای دەركەوتنی تیرۆر لەعێراق‌و هەرێمی كوردستان، ئەمریكییەكان بریان لەوە كردووەتەوە، كە هێزێكی تایبەت دروستبكەن، كە لەسەرەتای ساڵی 2003 ئەو هێزەیان دروست كردووەو لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی رۆڵی گەورەیان هەبووە لەدروستكردنی هێزەكە.

پافڵ تاڵەبانی، دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی  لەدایك بووەو تەمەنی 46 ساڵە، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانییە.

ئەو دوای ڕاپەڕین لەزانكۆی ئۆكسفۆردی‌ بەریتانی‌ سەرقاڵی خوێندن بووە، یەكەم دەركەوتنی ڕاستەقینەشی‌ هەوڵەكانی‌ بوو بۆ دروستكردنی‌ دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی‌ لەپێش پرۆسەی‌ ئازادی‌ عێراق لەلایەن ئەمریكاو دوای‌ دووركەوتنەوەی‌ تاڵەبانیش بەهۆی‌ نەخۆشییەوە، دەرفەتی‌ دەركەوتنی‌ زیاتر بوو.

بافێڵ بەرپرسیاری مەلەفی دژایەتی تیرۆری‌ لەناو یەكێتی‌ هەبووەو لەماوەی رابردووش لەزۆربەی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی بەشداری كردووەو لەكۆنگرەی چواری یەكێتیش بەئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵبژێرا.