دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا دەبێت و پەرلەمانتاران ئازادی دەنگدانیان هەیە

عیراق

27/02/2020‌ 1042 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت: دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە كابینە وەزارییەكەی عەلاوی كراوە دەبێت و پەرلەمانتاران ئازادی تەواویان دەبێت بۆ ئەوەی دەنگ بە وەزیرەكان بدەن یاخود دەنگیان پێنەدەن.

كەعبی لەلێدوانێكیدا دەشڵێت: عەلاوی  پێش گرێدانی دانیشتنی تایبەت بە پێدانی متمانە بە كابینەی حكومەت، كارنامەی حكومەت و  سی ڤی پاڵێواروەكانی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە، كە ئەمە یەكەمجارە لەمێژووی حكومەتەكانی عێراقدا روودەدات.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا كەعبی باسی لەوە كردووە، كە ئەندامانی پەرلەمان هەموویان ئاگاداری  سی ڤی پاڵێوراوەكان بوون، لیژنەیەكیش بەسەرۆكایەتی ئەو دروستكراوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كارنامەی حكومەت بۆ ئەوەش سەرنج و تێبینی و راسپاردەكانیان داوەتە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، ئەویش لای خۆیەوە ئامادەیی پیشانداوە بیخاتە ناو كارنامەی حكومەت و پێوەی پابەند بێت.

بەقسەی عەلاوی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە سەد لەسەد دیموكراتییانە دەبێت و دەنگدانیش بەشێوەی ئاشكرا دەبێت تا خەڵك ئاگاداری هەڵبژاردنی وەزیرەكان بن لەلایەن نوێنەرەكانیانەوە، هەموو پەرلەمانتارێكیش ئازادە چۆن دەنگ دەدات.

كەعبی ئومێدی خواستووە ئەگەر هات و سەرۆك وەزیران و حكومەتەكەی متمانەیان پێدرا سام و شكۆ بۆ دەوڵەت بگێرێتەوە و داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێبكات و هەنگاو بەرەو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بنێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی