ئەنقەرە دەیەوێت بەغدا فریودات.. خوێندنەوەی توركیا بۆ كازمی هەڵەیە

ڕاپۆرت

18/05/2020‌ 2910 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا ئومێدەوارە هاتنی مستەفا كازمی و گۆڕانكاری لەدەسەڵاتی جێبەجێكردنی عێراقدا، هەلێكی سەربار بێت بۆ گەیشتن بەئامانجەكەی، كە فراوانكردنی هەژموونیەتی لە عێراق، پارتی دادوگەشەپێدانیش چەند ساڵێكە كار لەسەر ئەو بەرنامەیە دەكات، بە مەبەستی سنورداركردنی هەژموونی ئێران لە عێراقدا، هەروەها وەبەرهێنان لە لاوازی بەرەنگاری دەوڵەتی عێراقدا بكات لە بەرانبەر دەستتێوەردانە دەرەكییەكاندا.

بۆیە ئەنقەرە بە گەرمی پێشوازی لە هاتنەسەركاری كازمی كرد، بەڵێنی ئەوەشی داوە هاریكاری حكومەتەكەی بەغدا بێت لەتێپەڕاندنی ئەركە سەختەكانیدا.

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا پشتیوانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری ئەنقەرەی بۆ بەغدا دووپات كردەوە، بەڵێنی هاریكاری عێراقیدا لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیاش ستایشی كازمی كرد و تی: لای ئێمە بەڵگەنەویستە كازمی سەركردەیەكی سیاسی بەئاگای باردۆخی ناوچەكەیە، گرنگیش بە پەیوەندییەكانی دەدات لەگەڵ توركیادا.

ئەو جوڵەی ئەنقەرە بە ئاراستەی بەغدا و كازمی، واپێدەچێت لەسەر بنەمای زانیارییەكانی بێت دەربارەی مستەفا كازمی، كە ئاراستەی سیاسی‌ سەرۆك وەزیری تازەی عێراق بەرەو بنیاتنانی پەیوەندی دەرەكی هاوسەنگی عێراقە و بە پێچەوانەی ئەوانی پێش خۆی بەلای ئێراندا ناشكێتەوە، توركیا ئەمە بە هەلێك دەزانێت‌ بەوەی لەعێراق نزیك بێتەوە،‌ بە بەڵێنی یارمەتی و هاوكاریكردن لە چەند دۆسییەیەكی وەك بەرەنگاربوونەوەی داعش و دۆسییەی هاوردەكردنی وزەی كارەبا، حكومەتی عێراقی  فریو بدات.

پێدەچێت خوێندنەوەكەی ئەنقەرە بۆ ئاراستەكانی كازمی لەسەر بنەمایەكی هەڵە بنیات نرابن، ئەنقەرە پێیوایە هەر سیاسی و سەركردیەەكی عێراقی لەگەڵ ئێران نەبێت، یارای ئەوە هەیە لەگەڵ توركیا بێت. 

سەخت و ئەستەمیشە ئەو ڕێسایە بەسەر كازمیدا بچەسپێت، چونكە كازمی پرسی هاوسەنگی پەیوەندییەكانی عێراقی لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر و جیهاندا بەستووەتەوە بە سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی عێراقییەوە.

كازمی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ ئەردۆغان وتی: عێراق لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزی دووسەرە، چاو بۆ پەیوەندی هاوبەشبەندی بەهێزتر دەگێڕێت لەگەڵ توركیادا.

لە بەیاننامەكەی حكومەتی عێراقیشدا هاتووە، كە هەردوولا پرسی بەشە ئاوییەكان و چۆنییەتی برەودان بەئاڵوگۆڕی بازرگانی وەبەرهێنانیان و بوارەكانی دیكەی وەك وزە و ئاوەدانكردنەوە جوڵەی هاووڵاتییان و هەماهەنگكاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایان تاوتوێ كردووە.

لەم ساڵانەی دوایدا عێراق بووەتە شوێنێك بۆ پەلهاویشتنی هێزەكانی توركیا، بەو پێیەی عێراق بووەتە بوار و پشتێنەیەكی ئەمنی زیندوو بۆ توركیا.

بە پاساوی ڕاوەدوونانی گەرێلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، توركیا بەردەوام دەستوەردانی لەخاكی عێراقدا كردووە، لە ڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە، كۆششی ئەوەی كردووە لەدەرەوەی بەزەفت و ڕێسا عێراقییەكان، كە بەبازاڕكردنی نەوتی خستووەتە دەست حكومەتی مەركەزی و كۆمپانیای سۆمۆ‌وە، بگاتە سامانە نەوتییەكانی باكوری عێراق.

مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیا وتی: ئاسایشی عێراق لەهەموو شتێك گرنگترە و عێراقیش لەو پرسەدا ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو وڵات.

عێراق دەمێكە ساكاڵای لە توركیا هەیە سەبارەت بە كردەی ڕاوەدوونانە سەربازییەكانی دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكەكەیدا، ئەنقەرەش بە تۆپی دوورهاوێژ و بۆردومانی ئاسمانی و هێرشی سەربازی وشكانی ئەو جوڵە سەربازییانەی درێژە پێداوە.

ئەوەی وایكردووە لەم ساڵانەی دوایدا ئەنقەرە پێی لێڕاكێشێت و پەلبهاوێژێتە ناو خاكی عێراقەوە، لاوازی دەوڵەتی عێراق بوو، كە سەرقاڵی دۆخی نالەباری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابوورییەكەی بووە، دەستەبژێرە فەرمانرەواكەشی خراپ ئیدارەی دەوڵەتیان داوە‌ و دەرامەتە جۆراوجۆرەكانیان بەفیڕۆداون.

ئەم لاوازییەی عێراق دەرگای بۆ ئەمریكا و ئێران خستەسەرپشت، كە دەستتێوەردان لە ناو خاكی عێراق بكەن و توركیاش لاسایی ئەو‌انی كردەوە.

جگە لەوەی ئەنقەرە لە هەوڵی فریودانی دەوڵەتی عێراقی دایە، كە هاریكاریان لەگەڵدا بكات، هەروەك ئێرانیش بەدوای ئەو لایەنانەدا دەگەڕێت، كە هاوكاری دەكەن و كاری بۆ ئاسان دەكەن و لە مەشیاندا سەركەوتوو بووە.

توركیا لە قۆزتنەوەی گروپی ئیخوان موسلین لە عێراق شكشستیخوارد، چونكە سەركردە ئیخوانەكانی عێراق لاوازن و لە زۆر كاتیشدا لە بەرە ئێراندان، بەو ئامانجەی پشكیان لەدەسەڵاتدا هەبێت، بۆیە زیاتر گرنگیدانی خۆی لەسەر توركمانەكانی عێراق كۆكردووەتەوە‌ تا بیكاتە پاساوێك بۆ دەستتێوەردان بە گشتی و بە تایبەتیش دەستتێوەردان لە پرسی كەركوك، كە دەوڵەمەندە بە نەوت، بۆیە بالۆرەی ئەوەی لێدەدا، كە پشتیوانییانە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان، لەمەشیاندا لێدوانی بەرپرسە توركە حیزبی و حكومییەكان بەئاشكرا هەستی پێدەكرێت بە تایبەتیش پارتەكەی دەوڵەت باخچەلی و ئیبراهیم كاڵن- ی قسەكەری فەرمی حكومەتی توركیا كە ماوەیەك پێش ئێستا گوتی كەركوك كورد و توركمانی لێدەژین، بەڵام شارەكە شاریكی توركمانییە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر