گرفتە دەروونییەكان لەنێوان هەرزەكاراندا زیادیكردووە

تەندروستی

23/05/2020‌ 320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی نووسینگەی ئەوروپای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرایكردووە، كە لە ئەوروپا گرفتە هۆشەكییەكان لەنێوان ئەو كەسانەی تەمەنیان لەنێوان ١١ بۆ ١٥ ساڵیدایە ڕووی لە زیادبوون كردووە.

ڕێكخراوەكە باسی لەوە كردووە لێكۆڵینەوەكە هەڵسەنگاندنی بۆ رەفتاری تەندروستی و كۆمەڵایەتی منداڵانی قوتابخانەكان لەو چینە تەمەنە لە ٤٥ دەوڵەتدا كردووە . 

باس لەوە كراوە، كە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ تەندروستی هۆشەكی هەرزەكاران لەژمارەیەك لە وڵاتان پاشەكشەی كردووە .

لێكۆڵینەوەكە روونیكردووەتەوە، كە تەندروستی هۆشەكی لەگەڵ گەشەی منداڵان پاشەكشە دەكات، لەوەشدا بەتایبەت كچان لەمەترسیدان. 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كە لە هەر چوار هەرزەكار یەكێكیان وتویەتی لانیكەم لەهەفتەیەكدا جارێك هەست بە شلەژان و كاردانەوە و قورسی خەوتن دەكات . 

لای خۆیەوە دكتۆر هێنری بی كلۆج بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێكخراوی تەندتووستی جیهانی لە ئەوروپا دەڵێت: زۆربوونی ژمارەی كچان و كورانی ناوچەی ئەوروپا ئەوانەی باس لەبوونی لاوازی تەندروستی هۆشەكیان دەكەن جێگای مەترسییە هەموو لایەكمانە.

لێكۆڵینەوەكە لە ٢٢٠ هەزار منداڵی قوتابخانەكانی لەئەوروپا و كەنەدا گرتووەتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی