توركیاو روسیا لە شەڕی راستەوخۆ نزیكبوونەتەوە

جیهان

28/05/2020‌ 4640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەی سەربازیی ئەمەریكی لە ئەفریقا "ئەفریكۆم" ئاشكرایكرد، كە حكومەتی روسیا بۆ پشتیوانیكردنی بەكرێگیراوانی روسیا فرۆكەی جەنگی لە وڵاتی لیبیا جێگیر كردووە، كە ئەمە ئەگەری شەڕی راستەوخۆی توركیاو روسیای لێدەكرێت .

لەبەیاننامەكەی فەرماندەیی سەربازی ئەمەریكا لەئەفریقادا هاتووە، فرۆكە جەنگییەكانی روسیا پشتیوانی ئاسمانی و پشتیوانی هێرشبەری بۆ گروپی ڤاگنەر (نیمچە سەربازی) دەستەبەر دەكەن، كە بەكرێگیراوی روسین و پشتیوانی سوپای نیشتمانی لیبیا دەكەن لە جەنگەكەیان لەدژی حكومەتی فایز سەرراجە، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە.

باس لەوەش كراوە، فڕۆكەكان لە بنكەیەكی ئاسمانی روسی لەسوریاوە گەیشتوونەتە لیبیا، بەپێی مەزەندەكانیش فرۆكەكان دووبارە بۆیاغ كراونەوە تا خاوەندارییە روسییەكەی بشارێتەوە .

هاوكات ئاژانسی بلوومبێرگ لەسەر زاری جەنەراڵ ستیڤن تاوسەند فەرماندەی فەرماندەیەكەوە گواستوویەتییەوە، كە ماوەیەكی زۆرە روسیا رەتیدەكاتەوە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی لیبیا تێوەگلابێت، بەڵام ئێستا بواری نكووڵیكردن نەماوەتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەنووس  و شرۆڤەكاری سیاسی توركی مەهمەت جانبەكلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، كە توركیا بەمنزیكانە شەش فرۆكەی جەنگی لە جۆری ئێف-١٦ رەوانەی ئاسمانی لیبیا دەكات.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو هەنگاوەی توركیا دوای ئەوە دێت، روسیا چەند فڕۆكەیەكی جەنگی بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی سەر بە جەنەراڵ موشیر خەلیفە حەفتەر رەوانەی لیبیا كردووە.

باسی لەوەش كردووە، ئەو فڕۆكانە لەلایەن كۆمپانیای بەرگری توركیا ناسراو بەئەسیلسان لەساڵی ٢٠١٩ دەستكاری كراون و لەسەر سیستەمی توركی پرۆگرام كراون.

ئەو وتیشی: ئەو فرۆكە دەستكاریكراوانە لەئاسمانی لیبیا و لە هێرشكردنیان بۆسەر هێزەكانی جەنەراڵ حەفتەر ئاستی لێهاتوویان تاقیدەكرێتەوە .

لەئێستادا لیبیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، كە لەلایەك حكومەتێكی دانپێدانراو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری تەرابلووسی پایتەخت بەناوی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی هەیە، كە لەلایەن توركیا و قەتەرەوە پشتیوانی لێدەكرێت، لەبەرانبەردا سوپای نیشتیمانی لیبیا، كە بەشی زۆری خاكی لیبیای لەژێر دەستدایە و دەیەوێت دەست بەسەر شاری تەڕابلووسدا بگرێت و لەلایەن روسیا و فەرەنسا و میسر و ئیماراتەوە پشتیوانی لێدەكرێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی