ئەمەریكییەك دوای 37 ساڵ بەهەڵە زیندانیكردن پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی بەرنامەی "ئەمێریكا گۆت تالێنت"

هەمەڕەنگ

06/06/2020‌ 513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پیاوێكی ئەمەریكی دوای ٣٧ ساڵ بەهەڵە زیندانیكردنی پاڵێوراوی یەكەمە بۆ ئەوەی ببێتە براوەی نازناوی "ئەمێریكا گۆت تالێنت" بۆ بەهرەكان، ئەویش دوای ئەوەی لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی نوێی بەرنامەكە لەرۆژی سێشەممە هەمووانی تووشی شۆك كرد.

ئارچی ویلیامز لەساڵی ١٩٨٢ تۆمەتبار كرا بەوەی ئافرەتێكی ٣٠ ساڵەی لاقە كردووە، هەرچەندە پەنجەمۆرەكەی لەجێگای تاوانەكە دەرنەكەوتبوون و سێ كەسیش شایەتیان دا بەوەی لەكاتی تاوانەكە ویلیامز لەماڵی ئەوان بووە، بەڵام دەسەڵاتداران بەزیندانی هەتاهەتایی سزایاندا.

دوای دەیان ساڵ ڕێكخراوێك، كە بەرگری لە مافی زیندانییە بێتاوانەكان دەكات بڕیاریدا چاو بە دۆسیەی ویلیامزدا بخشێنێتەوە و بەرگری لێبكات، تا لەئەنجامدا ڕێكخراوەكە توانی بێتاوانی ویلیامز بسەلمێنێت و لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٩ بێتاوانی بۆ دەرچوو.

ویلیامز دوای ساڵانێكی زۆر لە سەیركردنی بەرنامەی "ئەمێریكان گۆت تالێنت" لەناو زینداندا، بڕیاریدا بەشداری بەرنامەكە بكات و گۆڕانی تێدا بڵێت.

لەمیانی بەشداریكردنی یەكەم بەرنامەدا، ویلیامز بە گۆرانییەكەی و گێرانەوەی چیرۆكەكەی دادوەرانی بەرنامەكەی تووشی شۆك كرد، كە لەگەڵ جەماوەرەكە بۆ سڵاولێكردنی هەستانە سەر پێ .

سایمۆن كاویلی بەریتانی و دادوەری سەرەكی بەرنامەكە وتی: ئەوەی ئەمرۆ بینیم لەهەموو ژیانمدا لەیادم ناچێتەوە.

ویلیامز دوای وتنی گۆرانی Dont let the Sun Go Down On Me ”, " ، سێر ئیڵتۆن جۆن خاوەنی گۆرانییە ئەسڵییەكە لە هەژماری تایبەتی لە تویتەر وتی: "فرمێسكم لە چاوەكان هات".

دادوەرانی بەرنامەكە پێشبینی دەكەن ویلیامز یەكێك لەبەرچاوترین پاڵێوراوەكانی بەدەستهێنانی نازناوەكە بێت، كە براوەكە بڕە پارەیەكی زەبەلاحی پێدەدرێت و گرێبەستی لەگەڵ واژوو دەكرێت بۆ ئەوەی بەهرەكانی پێشكەشبكات.

بەرنامەی ئەمێریكا گۆت تالێنت لە دیارترین بەرنامەكانی پێشكەشكردنی بەهرە جیاوازەكانە لە جیهاندا و لەچەندین وڵاتی تریش بەرنامەی هاوشێوەی هەیە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی