لێكۆڵینەوەیەكی نوێ نهێنی هۆكاری دیارنەمانی دایناسۆرەكان ئاشكرادەكات

هەمەڕەنگ

02/07/2020‌ 890 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زاناكان دەڵێن: دواجار توانیویانە نهێنییەكی ٦٦ ملیۆن ساڵی ئاشكرابكەن، ئەویش ئەوەیە بەركەوتنی تەنێكی گەورە بە زەوی هۆكاری قڕان و لەناوچوونی دایناسۆرەكان بووە.

بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، رووداوی لەناوچوونی چاخی تەباشیری-بالیۆجینی، كە بووە هۆی لەناوچوونی ٧٥٪ی گیا و ئاژەڵەكان، لەناویاندا دایناسۆرەكان، پێشتر لەناوەندە زانستییەكاندا جێگای مشتومڕێكی گەرم بووە .

بەشێك لەزانایان بەو ئەنجامە گەیشتوون، كە هەسارۆكێك كە چێوەكەی ١٠ كیلۆمەتر بووە بەر زەوی كەوتووە، كە ئێستا ئەو دەرچەیەی درووستكردووە لە وڵاتی مەكسیك هەیە، هۆكاری سەرەكی بووە بۆ بڵاوبوونەوەی ماددەگەلێكی زۆر لە بەرهەوەوای زەوی و رێگرتن لە هاتنی تیشكی خۆر، بەو هۆیەوە ماوەیەكی زۆر سەرماو سۆڵەیەكی وێرانكەر زۆر زەوی گرتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێكی تر لە زاناكان دەڵێن: چالاكی گڕكانی ناوچەی دیكان لەهیندستان هۆكاری سەرەكی بووە لەگۆڕینی كەشوهەوای زەوی لەسەر ئاستێكی فراوان و لەناوچوونی داینسۆرەكان، پێشتریش چەند حاڵەتێكی گڕكانی دەستنیشان كراون، كە بوونەتە هۆی لەناوچوونی بەكۆمەڵ .

بەڵام كۆمەڵێك توێژەر بەرابەرایەتی دكتۆر ئەلڤیۆ ئەلیساندرۆ كیارینزا، گەورە توێژەر لە كۆلێژی زانكۆیی لەندەن دەڵێت: ئەوان دوای شیكردنەوەی سیناریۆكان گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی كە بەركەوتنی هەسارۆكەیەكی گەورە دەتوانێت بەیەكجارەكی كۆتایی بەژینگە بهێنێت، كە بۆ ژیانی داینساۆرەكان گونجاو بێت.

هەروەها دەشڵێت: تەنانەت ئەگەر تەقینەوەی گڕكانیش روونەدەن ئەوە لەناوچوونی بەكۆمەڵ هەر ڕوودەدات، لەبەر ئەوەی بەركەوتنەكە ئەوەندە بەهێز بووە، كە توانیویەتی لەسەرانسەری جیهاندا دایناسۆرەكان لەناوببات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی