ئێران ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە نادات كار بكات

جیهان

07/07/2020‌ 506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لەكاتی ئامادەبوونی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەرلەمان، بەمەبەستی پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نادەن بەئارەزووی خۆیان و چۆنیان بوێت ئاوا لەناو ئێراندا كار بكەن.

قالیباف لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، دەبێت هەموو لایەك بزانن كۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگە نادات ئاژانسەكە لەناو ئێران دەستی كراوەبێت و چۆنی بوێت بەوشێوەیە بجوڵێتەوە و بێ هیچ كۆتوبەندێك كار بكات و هەوڵ بدات كارە سیخوڕی و هەواڵگرییەكانی دەوڵەتە نەیارەكانی ئێران تەواو بكات.

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان بەرانبەر بە زیادبوونی داواكارییەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە و وڵاتانی ئەندام لە ڕێكەوتننامەی ناوەكی، ئێرانیش سیاسەتی كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بەرانبەر بە ڕێكەوتننامەی ناوەكی پەیرەو بكات.

دوای پاشەكشەی ئەمەریكا لە رێكەوتننامەی ناوەكی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز، كە لەساڵی ٢٠١٥ واژووكرا، ئێران بەشێكی زۆر لە پابەندییەكانی بەرانبەر بە ڕێكەوتنەكە كەمكردووەتەوە و پیتاندنی لەو ڕێژەیە زیاتر بەرزكردووەتەوە، كە بەپێی رێكەوتنەكە بۆی دیاریكراوە .

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی