هێرش سەلیم: ئێمە لەكارەسات گەڕاینەوە بەرەو سەقامگیری دەڕۆین

کوردستان

14/07/2020‌ 1000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دكتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەم وتووێژەدا باس لەداكشانی ڕێژەی تووشبووان و گیانلەدەستدانی كۆرۆنا دەكات لەشاری سلێمانی، هەروەها دۆخی ئەو كەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن، لەدوابەشی وتوێژەكەش بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن لەسەر كاریگەری بەڕێوەچوونی مەراسیم و پرسەی شێخ محەمەدی كەسنەزان لە سەر تەندروستی شاری سلێمانی.

لەسەرەتای وتووێژەكەدا، كە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئەنجامیداوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایڕەسی كۆرۆنا ئەگەر نەشڵێم دابەزیووە بەڵام لە ئاستێكی سەقامگیردایە واتە بەرزبوونەوە نییە و نزمبوونەوەیەكی واش نییە كە بڵێین ئەمە نزمبوونەوەیە چونكە دەبێت ئێمە ماوەیەكی 10 ڕۆژ بۆ دوو هەفتە سەقامگیریەك بە ئامارەكانەوە ببینینەوە ئەو دابەزینەش كە هەیە بیبینین ئینجا دەتوانیین بڕیاربدەین و بڵێین ئاماری توشبووەكان ڕوو لە داكشانە ڕوو لە نزمبوونەوەیە هاوكات ژمارەی كۆچككردوو-گیان لەدەستدان كەم بۆتەوە ئەوە شتێكی بەرچاوە و دیاریشە بەڵام ژمارەی توشبوون ئێستا لە ئاستێكی سەقامگیردایە نزمبوونەوەیەكی وەهاش نییە بتوانیین بڕیاری لەسەر بدەین كێرڤەكە ڕوو لەخوارەوەیە.

واتە ژمارەی توشبووان كەمیكردووە؟ لەوەڵامدا د. هێرش سەید سەلیم وتی: بەڵێ ژمارەی توشبوون كەمی كردووە بەڵام ئەمە ئامارێكی كورتە ئەوە نییە بڵێن لەماوەی دوو هەفتەدا كەمی كردووە بۆیە لەڕووی زانستییەوە دەبێت كاتێك بڵێین ڕوو لە داكشانە كە سەقامگیریەكی تەواو هەبێت لە دابەزینی ژمارەكان ئینجا دەتوانیین بڵێن ئامارەكان ڕوو لەخوارەوەیە و بەرەو داكشان دێت.

دەربارەی ئەوەی باس دەكرا سلێمانی لەبەردەم كارەساتێكی گەورەدایە بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەكرا ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا بەرزبێتەوە؟ جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی ئێمە بەڕاستی نەگەیشتینە ئەو كارەساتە و لەكارەسات گەڕاینەوەی بەرەو سەقامگیری دەڕۆین ئەگەر بەم شێوە خۆپارێزییە بەردەوام بێت، ڕاستە ژمارەی تووشبوون زۆر زیادیكرد 80% بۆ 85% ئەو خەڵكانەی، كە لە سلێمانی تووشی نەخۆشیەكە بوون دەتوانم بڵێم بەشێوەیەكی هێواش نەخۆشییەكەیان گرتووە یاخود لە بنەڕەتەدا هەر نیشانەشیان نەبووە ئەو ژمارە زۆرە وایكرد كە زۆرینەی خەڵك تووش ببێت، ئامارەكان لەوە زیاتر هەڵنەكشاوە ئیتر ئایا گۆڕینی كەشوهەوایە یاخود هەرخۆی ڤایڕەسەكە لەم ماوەیەدا بەشێوەیەك لە شێوەكان لاوازتر دەربكەوێت، ئێستا ئیتر خەڵك وای لێدێت بەرگری پەیدا بكات بەرامبەر ڤایڕەسەكە كە پێی دەڵێن (immunize) چونكە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان تووشبوون هەروەها ژمارەیەكی زۆر زۆریش چاك بۆتەوەئەمە وایكردووە كە ئێستا ئامارەكان ڕوو لە داكشان بێت كەواتە ئێمە نەگەیشتینە ئەو كارەساتەی كە باس دەكرێت.

هەروەها ئەوەشی وت: بەڵام ترسی ئەوەمان هەیە ئەگەر هاوڵاتیان پابەندنەبن یان كەمتەرخەمییەك بنوێنن لە مەسەلەی خۆپارێزی ڕێی تێدەچێت كە هەڵكشاندن ڕووبداتەوە جەخت لەوە دەكەینەوە كە هاوڵاتیان وانەكەن كەشتێك ڕوو بدات یاخود كەمتەرخەمی بنوێنن لە خۆپارێزی بۆ ئەوەی ئامارەكان بەو شێوە سەقامگیریە بهێڵینەوەو ڕوو لەداكشان بێت.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ئامارانەی ڕادەگەیەنرێن ئاماری دروستن یاخود زیاترن؟ د. هێرش سەید سەلیم وتی: بەڵێ لەوانەیە زیاتریش بێت ئێستاش هەر تووشبون هەیە، مەسەلە ئەوە نییە ڕایناگەیەنیین، مەسەلە ئەوەیە زۆربەیان ناچێتە ئاماری ئێمەوە چونكە زۆربەی نەخۆشەكان لەڕێگەی هێڵە گەرمەكانەوەیە وە لەڕێگەی ڕاوێژكردن بە پزیشكانەوە یان لە ڕێگەی كلینكە تایبەتییەكانەوەیە دەستنیشان دەكرێن بەپێی نیشانەكانیان یاخود بەپێی سیتی سكانەكەی بۆیان دەگیرێت بەبێ ئەوەی هیچ پشكنینی ڤایڕەسەی كۆرۆنایان بۆ بكرێت لەو ڕێگەیەوە دەست نیشانی دەكەین كە هەموو نیشانەكانی لەگەڵ ڤایڕەسی كۆرۆنایە دەڕوات بۆیە دەنێردرێنەوە ماڵەوە و لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرێن و چاودێری خۆیان دەكەن ئەگەر گۆڕانكاری بەسەر باری تەندروستییان پەیوەندی دەكەنەوە بە سەنتەرەكانی ئێمەوە ئەمانە نەچوونەتە داتا و ئامارەكانی ئێمەوە بۆیە ئەمانە ژمارەیەكی زۆرن ئەگەر ڕۆژانە ئێمە لە نەخۆشخانەكانی خۆمان 15 حاڵەت داخل بكەین بەدڵنیاییەوه ‌80%لەماڵەوە داخڵ دەبێت ئەوەیە وایكردووە كە ئەوانە نەچنە ناو ئامار و داتاكانی ئێمەوە بۆیە ئەو ژمارە زۆرە ئێستا لەماڵەوەیە و ئێمە ناتوانیین ڕایبگەیەنیین.

دەربارەی بەڕێوەچوونی مەراسیم و پرسەی شێخ محەمەد كەسنەزان لەسلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دەڵێت" ئێمە هەمیشە ووتومانە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و قەڕەباڵغیەك ئەگەر زیادبوونی ژمارەكان هەیە وە بەدڵنیاییەوە هەر واشبووە بەڵام ئەگەر تۆزێك واقیعی بین ئێران لەپێش ئێمەوە تووشبوو ئێران دەمێكە ئەو حاڵەتی داكشان و هەڵكشانی ڤایڕەسەی تێپەڕاندووە، ئەوەشی كە هاتووە تا ئێستا هیچ كەسێك لەوانە سەردانی نەخۆشخانەكانی ئێمەی نەكردووە بۆ ئەوەی كە هەڵگری ڤایڕەسی كۆرۆنا بێت یاخود نیشانەی تێدا بێت بۆیە تێبینیمان كردووە كە ئەوانەی كە هاتووشن پێشبینی دەكرێت ئەگەر تووشبووبن ئێستا چاكبوونەتەوە بەڵام هەر خۆی لەخۆیدا قەرەباڵغیەكە مەترسیدارە بۆ سەر بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسەی كۆرۆنا ئەگەر 10-15 كەسی تێدا بێت لەوانەیە دەروێشەكانی هەرێمی كوردستان كە سەردانی ئەو شوێنەیان كردووە ئەوانە تووش ببن بە ڤایڕەسەی كۆرۆنا."

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئەوەشی ڕاگەیاند ئەوان وەك لایەنی تەندروستی شارەكە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرسە و مەراسیمەكە نەبوون، لەو ڕوەوە دەڵێت" ئێمە ڕێگەمان نەداوەو بەهیچ شێوەیەك ڕازی نەبووین زووش ئێمە بە بنەماڵەكەمان ڕاگەیاندبوو كە "حەزەر" بكەن لە مەسەلەی كۆبوونەوە و كۆكردنەوەی خەڵك ئەوان خۆیان وتیان ئێمەش دەسەڵاتمان نییە لەبەر ئەوەی ئەم بابەتی دینی و عەقیدییانەی ئەوان باوەڕیان پێیەتی وایكردووە هەتا لایەنی ئەمنی ئاسایشیش نەیتوانی كۆنتڕۆڵی ئەوە بكات چ جای ئێمە وەكو تەندروستی بتوانیین ڕێوشوێن "ئیجرائات" لەگەڵ ئەوە بكەین.

دەربارەی پێشبینییەكان كەدەوترێت لە 2-3 هەفتە شوێنەوارەكانی هاتنی دەروێشەكان بۆ سلێمانی دەردەكەوێت؟ د.هێرش سەلیم وتی: خۆی لەماوەی 10 ڕۆژدا دەبێت شوێنەوارەكانی دەربكەوێت ئەگەر ئامارەكان بەو شێوەیە زیادیكردبێت و دەریشكەوت كە ئەو خەڵكانە لەڕێی تەكیەكەوە تووش بوون، لەڕێی پرسەكەوە تووشبوون ئەوكاتە دەتوانیین بڵێن بەڵێ مەترسی ئەوە دەردەكەوێت.