داوای وردبینیكردن لەگرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم دەكرێت

ئابوری

06/08/2020‌ 1276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، وەك ڕێكخراوێكی تایبەتمەندی بواری زانیاری نەوت و غازی سروشتی، بەگرنگی زانی كۆمەڵێك ڕاسپاردە و پێشنیار ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی بكات لەبارەی "وردبینكردنی گرێبەستەكانی نەوت"ەوە.

ڕێكخراوەكە، بەگرنگ دەڕوانێت لەوردبینكردن لە گرێبەستەكانی نەوت و بڕوای وایە ئەگەر ئاڕاستەی دروست وەربگرێت هەنگاوێكی گرنگە بۆ دەستنیشانكردنی هەڵەكان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی و بەیەك پاكێج هەموو گرێبەستەكان بخاتە بەردەستی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ گرێبەستێك ببوردرێت لەوردبینیكردن، بەتایبەت دۆر مەبەستیەتی "گرێبەستی ٥٠ ساڵەی هەناردەكردنی نەوت، ٢٥ ساڵەی غازی سروشتی، ڕوسنەفت، گرێبەستی ئەمباركردن و هەناردەكردنی "تی پكۆ"، گرێبەستی فرۆشتن" بخرێتە بەردەستی تیمەكەی دیوانی چاودێری دارایی، چونكە زۆترین گومان لەسەر ئەم گرێبەستانەیە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، دوای وربینكردنی تیمی"ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان بۆ بەشێك لە گرێبەستە نەوتییەكان، دەركەوت "ئاڵوگۆڕ" لەپشكی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان ڕوویداوە، بەجۆرێك لەهەندێك شوێن پشكی كۆمپانیاكان هێندە زیادە چاوپۆشی لێناكرێت، چونكە پشكی كۆمپانیاكان بووە بە ٨٠%، پشكی حكومەتی هەرێمیش بووە بە ٢٠%، لەبارەی سروشتیدا پشكی كۆمپانیاكان دەبێت ٢٠% بێت.

وریا هەورامی بەڕێوەبەری ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەموو گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم "بەرهەمێنانی هاوبەشە" سروشتی گرێبەستی "بەرهێنانی هاوبەش" وایە تاكەكەس دەتوانێت ئاڕاستەیان بكات، بۆیە بەڕێز ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان بەرپرسیارە لەبارەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكانەوە، بۆیە گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێزیان بانگهێشتی كوردستان بكاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی لیژنە پەیوەندیدارەكانی دامەزراوەكانی چاودێری بداتەوە.

رێكخراوی دۆر پێی وایە، جێگەی پرسیارە كەرتی نەوتی هەرێمی تا پێش ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەكی گشتی ٥٧ گرێبەستی هەبووە، بەپلەی یەكەم (دی ئێن ئۆ، وێنسترین زاگرۆس، گنەڵ ئینێرجی توركی، مۆڵی هەنگاری، ئیم ئۆڤی نەمساوی، كەی ئین ئۆسی كۆری)سودی یەكەم و دوومیان لێوەرگرتووە، بەڵام دوای ئەوە كۆمپانیای گنەڵ ئینێرجی توركی لە ١٤ی گرێبەستی هەرێمی كوردستان ناوی هەیە و بووە بە یەكەمی بێ ڕكابەر.

وریا هەورامی بەڕێوەبەری ڕێكخراوی دۆرۆ بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، تیمی ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان كە لە ساڵی ٢٠١٤ وە ٢٦ ڕاپۆرتیان لەبواری نەوت و غازی سروشتی بڵاوكردووەتەوە، ئامادەن وەكو پاشكۆی وربینكردن ئاسانكاری و هاوكاری پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی بكەن، ووتی: "وردبینكردنی گرێبەستەكانی نەوت ئەزموونێكی گرنگە بۆ كوردستان".

کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکە