دانبەخۆداگرتنی ئەمریكا كۆتایی دێت.. تره‌مپ زۆر توڕه‌یه‌ له‌ئه‌ردۆغان

ڕاپۆرت

17/10/2020‌ 3151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەمیانەی پرۆگرامێكی تەلەفزیۆنیدا لەكەناڵى ئاسمانی RT، بەشار جەراری ئەندامی پارتی كۆماری ئەمریكا باسی لەوەكرد، لەئێستادا ترەمپ خەریكە چاو بەهەڵوێستەكانیدا دەخشێنێتەوە لەبەرامبەر ئەردۆغانداو بێزارە لەوكارە قەڵسكارییانەی ئەردۆغان لەچەند دۆسییەكی جۆراوجۆردا پیادەیان دەكات.

جەرار وتیشی:"ئەو هەڵوێستەی تره‌مپ لەقسەو لێدوانەكانی ئەمدوایەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە گوزارشتی لێكراوە كە نیگەرانی ئەمریكای لەڕەفتارەكانی ئەردۆغان دەربڕیوە، بۆیە ئەگەر ئەردۆغان دەستبەرداری كارە قەڵسكارییەكانی نەبێت لەدۆسییە جۆراوجۆرەكانداو بەتایەتیش لەپرسی خستنەكاری موشەكی بەرگری ئێس- 400 ڕوسی، ئەگەری زۆرە تره‌مپ هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر ئەردۆغاندا بگۆڕێت".

جەرار ئەوەشی وت:"لەمدواییانەدا پۆمپیۆ ڕایگەیاندبوو، كارە قەڵسكارییەكانی توركیا لەپرسی خستەنەكاری موشەكی ئێس– 400ی ڕوسی ئاكامی كارەساتباریان دەبێت، لەئێستاشدا هەڵوێست‌و قسەو لێدوانەكانی پۆمپیۆ تاڕادەیەكی زۆر بەرجەستەی هەڵوێستی تره‌مپ دەكەن لەسیاسەتی دەرەوەدا".

وتیشی:"هێشتا دەرفەت لەبەردەم ئەردۆغاندا ماوە پاشەكشە لەو ڕەفتارانەی بكات، خۆ ئەگەر سەرۆكی توركیا بەردەوامبێت لەسەر ئەو ڕەفتارە قەڵسكارییانەی، ئەوا هەڵوێستی تره‌مپیش لەبەرامبەر ئەردۆغاندا دەگۆڕێت‌و بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەچێت". 

به‌وته‌ى جەرار، توركیا لەباكوری خۆرهەڵاتی سوریاو لیبیاو ناگۆڕنی قەرەباغ لەسەر كارە قەڵسكارییەكانی بەردەوامە، لەهەرسێ پرسەكانیشدا هێڵی سوری لەلایەن ئەمریكاو میسرو ڕوسیاوە بۆ كێشراوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ئەردۆغان دەیەوێت ئەجێندای خۆی بەسەر هێزە هەرێمی‌و جیهانییەكاندا بسەپێنێت، "ئەو بەباشی دیمەنە سیاسییە هەرێمی‌و جیهانییەكەی نەخوێندۆتەوە، بۆیە جار لەدوای جار لێدانی كوشندەی بەركەوتوە، لەمەشەوە پێدەچێت دانبەخۆداگرتنی ئەمریكا لەبەرامبەر توركیا بەرەو كۆتایی بێت".

جەرار باسی لەوەشكرد، دیموكرات‌و كۆمارییەكان لەسەر دوو پرس كۆك‌و تەبان: یەكەم دوبارەنەبونەوەی مەرگەساتی ئەرمەنییەكان، دوەم: ڕەتكردنەوەی عوسمانیزمی تازە كە ئەردۆغان گەرەكیەتی زیندووی بكاتەوە.

ئه‌وه‌شى وت:"ئەردۆغان كۆششی ئەوە دەكات یاری لەسەر پەتی ناكۆكییەكانی نێوان تره‌مپ‌و پۆتین بكات، بەتایەتیش لەپرسی كڕینی موشەكی بەرگری ئێس– 400  ڕوسی،  ئەمەش ئەو هەڵە كوشندەیەیه‌ كە ئەردۆغان تێی كەوتوە، چونكە ئەمكارە لەتوانای ئەردۆغان نییە، ئەردۆغان بەمكارەی بەرە بەرە لەزیانگەیاندن بەئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا نزیكدەبێتەوە".  

وه‌كو جەرار باسیكردوه‌، "ئەمریكا بەرپرسیارێتی بەشێك لەڕەفتارە قەڵسكارییەكانی توركیای لەئەستۆدایە، ئەمەش هەڵەی هەردوو پارتی كۆماری‌و دیموكراتەكانە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا كە ئەو كەڵەگاییە لەئەردۆغان قبوڵدەكەن كە نەدەبوو لێی بێدەنگبن".

ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، "لەوانەیە تره‌مپ ئەو هەڵەیه‌ى ئەمریكا لەسیاسەتی دەرەوەدا ڕاستبكاتەوەو ئەردۆغان بوەستێنێت، چونكە تره‌مپ دوو خەسڵەتی هەن: یەكەم تاسەر لەشەقاوە‌و كەڵەگان قبوڵناكات هەروەك ئۆباما لەبەرامبەر ئێراندا كردی، بۆیە ئەگەر خولی دوەمی سەرۆكایەتی بەرێتەوە خۆی بۆ ئەو پرسە تەرخاندەكات‌و سنورێكی بۆدادەنێت، دوەمیش ئەوەیە كە تره‌مپ ناتوانی بێدەنگ بێت لەوەی زیان بەئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا بگات لەقەوقاز كە لەئێستادا توركیا گەمەی پێوەدەكات‌و پشتی ئازەربایجانی گرتوە لەدژی ئەرمینیاو ئاگری شەڕەكە خۆشدەكات، بۆیە لەوانەیە تره‌مپ لەو پرسەدا هاریكاری پۆتین بێت.

جەرار هێماى به‌وه‌كرد، "كاردانەوەی ئەمریكا لەبەرامبەر خستنەكاری سیتسەمی موشەكی بەرگری ئێس- 400 ڕوسی‌و داواكاری چەند ئەندامێكی كۆنگرێس بەسزادانی توركیاو پچڕاندنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە، وه‌ڵامدانەوەیەكی ئەرێنی توندو كاردانەوەیەكی جەرگبڕدەبێت بۆ توركیا، چونكە توركیا بەمكارەی تەنها زیان بەئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ناگەیەنێت، بەڵكو زیان بەهاوپەیمانی ناتۆش دەگەیەنێت، یەكێك لەئاماژەكانیش گواستنەوەی بنكەی سەربازی ئینچه‌رلیكی ئەمریكییە لەتوركیا بۆ دورگەی كریتی یۆنانی كە زیانێكی گەورە بەتوركیا دەگەیەنێت‌و فشارێكی زۆریشی دەخاتەسەر.

ئەندامه‌كه‌ى پارتی كۆماری ئەمریكا ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، ئەمریكا كارێكی باشیكردوه‌ كە سیستەمی بەرگری موشەكی پاتریۆتی بەتوركیا نەفرۆشت، چونكە وه‌كو ئه‌و وتویه‌تى:"دەركەوت ئەردۆغان متمانەی پێناكرێت‌و ڕێز لەبەڵێنەكانی خۆی ناگرێت، ئەو هەڕەشە لەئەوروپا دەكات كە بەلێشاو كۆچبەرانیان بۆ دەنێرێت، كەواتە چۆن دەكرێت متمانەی پێبكرێت‌و پاتریۆتی پێ بفرۆشرێت".

ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، ئه‌ردۆغان لەئێستادا ئاگری شەڕی نەتەوەیی لەقەوقاز خۆشدەكات كە زیان بەئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا دەگەیەنێت، ئەو پرسە چی دیكە چاوی لێ ناپۆشرێت، "بۆیە تره‌مپ باسی لەوەكردوە كە ئەو ئاگرە دەكوژێننەوە كە ئەردۆغان هەڵیگیرساندوە، ئەو بەئەیاسۆفیا دەستیپێكرد، ئەو خۆی وەك عوسمانییەكی تازە نمایشدەكات بەواتا ئاینییە نەژادپەرستییە فاشییەكەی".

وه‌رگێڕان: لوقمان حاجى قادر
سه‌رچاوه‌: كەناڵی ئاسمانی RT