دید و بۆچوونی ئۆباما سەبارەت بە ئەردۆغان چۆن بوو؟

جیهان

20/11/2020‌ 2245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی سەبارەت بە پەیەوەندییەكانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دەڵێت: پەیوەندییەكانم لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتی دووسەرە بوو نەوەك لەسەر بنەمای باوەڕبوونی هاوبەشمان بە دیموكراسی و پێودانگەكانی.

ئۆباما لە بیروەرییەكانیدا كە لەژێر ناونیشانی "زەوی بەڵێنپێدراو" سێشەممەی ڕابردوو بڵاوكرایەوە، باسی لەوە كردووە لەو كاتەی لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا ئەردۆغان سەرۆك وەزیری توركیا بوو، ئەو گومانی لەوە هەبووە ئەردۆغان پابەندی بنەما دیموكراسییەكان و سەروەری یاسا بێت، بەڵكو ئەو تەنها خەمی ئەوەی بووە پێگەی خۆی لە حوكمڕانیدا پتەوتر بكات.

ئۆباما لەوبارەوە نووسیویەتی: هەندێك چاودێری سیاسی پێیان وابوو دەكرێت ئەردۆغان سامپڵێكی فرەیی میانەڕووی نوێگەری ئیسلامی سیاسی پیادە بكات و ببێتە جێگرەویەك بۆ سیستەمە ستەمكارە سیوقڕاتی و جوڵانەوە توندڕەووەكانی ناوچەكە، من دڵم بەو بیرۆكە گەشبینییە خۆش بوو، بەڵام لە گفتوگۆكانم لەگەڵ ئەردۆغاندا گومانم سەبارەت بەو بیرۆكەیەم بۆ دروست بوو.

ئۆباما لە بیرەوەرییەكانیدا ئاماژەی بە لێكەوتەكانی تەنگژە ئابوورییە جیهانییەكەی ساڵی 2008  كردووە، لە چوارچێوەی جیهانێكی گۆراودا نموونەی بە توركیا هێناوەتەوە كە ئەو كات دیموكراسی تیایدا گەشەی كردووە، لە كاتێكدا تەوژمی پاشەكشێی دیموكراسی لە دوای جەنگی ساردەوە بەرەو هەڵكشان بوو، هێزە كۆنەپاریزەكانیش خەریك بوو پشتی یەكیان دەگرت، ئەمەش مەترسی ئەوەی دروستكرد بوو كە ئابووری جیهان تووشی تەنگژەی زیاتر بكات.

ئۆباما بەردەوام دەبێت: "دەوڵەتی توركیا بەرەو هەڵكشان بوو، نموونەیەك بوو بۆ جیهانگیری ئەرێنی و ئابوورییەكی گەشەسەندوو، سەرباری ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی و هەڵگەڕانەوە سەربازییەكان، كەچی توركیا وەك دەوڵەتێكی زۆرینە موسوڵمان، هەر لە ساڵی پەنجاكانەوە تا ڕادەیەكی زۆر هاوپەیمانی خۆرئاوا بوو، توانیبووی ئەندامێتی خۆی لە ناتۆدا بپارێزێت و هەڵبژاردنێكی ڕێكخراویش ئەنجام بدات و پەیڕەوویش لە سیستەمی ئابووری بازاڕ ئازاد بكات، دەستورێكی عەلمانی دابڕێژێت كە بنەماكانی نوێگەری وەك مافەكانی ئافرەتی تێدا بەرقەرار بێت.

ئۆباما دەڵێت: " لە ساڵی 2002  ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان هاتنە سەر حوكم، لە زۆر كاتدا بانگەشیان بۆ شەعبەویەتی ئیسلامی دەكرد".

ئۆباما باسی ئەوەش دەكات كە ئەردۆغان بە ڕوون و ڕاشكاوی سۆزداری ئیخوان موسلمین و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بوو، ئەو سۆزدارییەی ئەردۆغان واشنتۆن و تەلئەبیبی تووشی دڵەڕاوكێ كردبوو، سەرباری ئەوەش حكومەتەكەی ئەردۆغان پابەندی دەستوری وڵاتەكەی بوو، لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسیشدا وابەستەی ئەركەكانی بوو، بە باشی كەرتی ئابووری وڵاتەكەی بەڕێوە دەبرد، بە ئومێدی ئەندامێتی لە یەكیەتی ئەوروپادا، دەستی بە ئەنجامدانی زنجیرە چاكسازییەكیش كردبوو.

هەر بە گوێرەی قسەكانی ئۆباما، ئەو كاتێك لە ڕەفتارەكانی ئەردۆغان بێزار بووە كە سەرۆكی توركیا لە ساڵی 2009  لە پرسی دانانی ئەندرس فۆگ ڕاسموسن- ی سەرۆك وەزیرانی دانیماڕك بە ئەمینداری گشتی ناتۆ ناڕەزایی دەربڕیووە، ئەمەش یەكێك بوو لەو پرسانەی سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بەرامبەر ئەدۆغان گۆڕی.  
 
لەو لوتكەیەی ناتۆدا ئەردۆغان ڕێنمایی دابوو بە تیمەكەی دەنگ بۆ ڕاسمسۆن نەدەن، چونكە حكومەتی دانیماڕك چاودێری نەخستبۆسەر بڵاوكرنەوەی وێنە كاریكاتێرییەكانی محەمەد پێغەمبەر كە لە ساڵی 2005 لە ڕۆژنامەیەكی دانیماڕكیدا بڵاوكرانەوە.

ئۆباما لەوبارەوە دەڵێت: "ئەردۆغان لەم پرسەدا وڵامدەرەوەی داواكارییەكانی ئەوروپا نەبوو سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەری، كاتێك ڕازی بوو كە بەڵێنی پێدرا جێگرەكەی ڕاسمسۆن تورك بێت و سەردانی ئایندەی منیش بۆ توركیا بێت، ئەو كات پێم گوت كە ئەگەر ڕاسمسۆن بە ئەمینداری ناتۆ دانەنرێت، تەوژمی ڕای گشتی لە ئەمریكا كاریگەری نەرێنییانەی دەكەوێتەسەر".

ئۆباما بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "دەبوو لە 8 ساڵی حوكمڕانی خۆمدا چوارچێوەیەك بۆ پەیوەندییەكانم لەگەڵ توركیادا دابڕێژم، بەرژەوەندی خودی هەردووكیشیمان لەوەدا بوو برەو بە پەیوەندی دوولایەنەی خۆمان بدەین، توركیا چاوی لە پشتیوانی ئەمریكا بوو تاوەكو ببێتە ئەندامی یەكیەتی ئەوروپا، چاوی لەوەش بوو لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی جوداخوازە كوردەكاندا پشتیوانی سەربازی و هەواڵگری پێشكەش بكەین، ئێمەش پێویستمان بەوە بوو توركیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جێگركردنی سەقامگیری لە عێراق و سوریادا هاوكار و یارمەتیدەرمان بێت.

ئۆباما لە كۆتایدا دەڵێت: "بە گشتی هەڵوێستی ئەردۆغان سەبارەت بە داواكارییەكانی من دۆستانە و نەرمونیان بوو. كاتێك گوێم بۆ قسەكانی ڕادەگرت، كەمێك خۆی دەچەماندەوە و ڕیتمی دەنگی بەرز دەبۆوە، ئەو پێی وابوو ستەمی لێكراوە و بێڕێزی پێكراوە. ئەو كات گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە بەردەوامی پابەندبوونی ئەردۆغان بە دیموكراسی و سەرورەی یاساوە، تەنها و تەنها پەیوەستە بە پاراستنی كورسی دەسەڵاتەكەی لە توركیا. 

سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا 
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر