شارپرێس:
وڵاتانی ئەمریکاو بهریتانیا دوو لەو وڵاتانەن کە زۆرترین ڕێژەی تووشبوو قوربانیی کۆرۆنایان لەجیهان هەیە، لهئێستاشدا زیاتر له سێ ڤاكسین لهو وڵاتانه پهسهندكراون و دەشیانەوێت پێکوتەی بەرهەمی خۆیان بۆ وڵاتانی دیكه بنێرن، بهڵام كۆماری ئیسلامی ئێران رهتیدهكاتهوه ڤاكسینی دهرهوه پهسهند بكات.
بەرپرسانی باڵای ئێران لەوانه عهلی خامنهیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردووەتهوه: کە هێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمریکا و بریتانیاوە بۆ ئێران قەدەغەیە و ئەگەر ڤاکسین لە وڵاتانی دیکە کە جێگای متمانە بن بکڕدرێت کێشەی نییە، بەڵام "لەبەر بێ متمانەیی بە ئەمریکا و بریتانیا ڕێگە نادرێت بەرهەمەکانیان لە سەر خەڵکی ئێمە تاقی بکەنەوە".
دوای ئهو وتانهی خامنهیی 200 ئەندام پەرلەمانی ئێران لە راگەیهندراوێکدا داوایان لە حکومەتی وڵاتهكه کرد، هاوردەی ڤاكسینی کۆرۆنای ئەمریکی، بەریتانی و فەرەنسی بۆ نێوخۆی ئێران قەدەخە بکرێت و وەزیری تەندروستیی ئێرانیش پشتگیری بۆ داواکارییەکەیان دەکات.
ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاویكردووهتهوه: هۆكاری پهسهندنهكردنی ڤاكسینی دهرهوه ئهوهیه كه کۆمپانیا فایزەری ئەمریکی لە ساڵی 1996، دەرمانێکی لەسەر خەڵکی نایجیریا تاقیکردەوە. ئەو تاقیکردنەوە بەبێ دەستێوەردانی دەوڵەتی نایجیریا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خەڵک بوو، لە ئەنجامی ئەو تاقی کردنەوەدا 11 منداڵ گیانیان لهدهستداو 200 منداڵیش کوێر و کەڕ بوون، یان زیانی گهوره بەر مێشکیان کەوت.
ئهوهشی خستووهتهڕوو: پڕۆژەی ئێم کەی ئۆلترا، ناسراو بە بەرنامەی کۆنتڕۆڵی زەینی ڕێکخراوی هەواڵگری ئەمریکا(سیا) کە پڕۆژەیەکی نهێی بوو و نووسینگەی زانستی ڕێکخراوی سیا له دەیەکانی پەنجا و شەستی زایینی دایڕشت و بەڕێوەی برد، لە ئەو پڕۆژە لێکۆڵینەوەییەدا، بەبێ زانیاری کەسەکان، تاقیکردنەوەی نایاسایی لەسەر مێشکی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەمریکی و کەنەدی و بە ئامانجی دەستێوەردان لە کارە زەینییەکان ئەنجامدرا.
هەروەها لهراگهیهندراوێكدا سەعید نمەکی وەزیری تەندروستی ئێران بڵاویكردووهتهوه: پشتگیری هەڵوێستەکەی عەلی خامنەیی دهكات بۆ نەکڕینی ڤاکسین لە بەریتانیا و ئەمریکا.
وتیشی: "ئەمریکا رێگەی نەدەدا ئێران پارە بۆ کڕینی ڤاکسین بگوازێتەوە، ئێستا چ عەقڵێکی تەندروست باوەڕ بەوە دەکات کە ئەمریکا ڤاکسین بە دیاری بداتە خەڵکی ئێمە".
ئهوهش لهكاتێكدایه له كۆتایی ساڵی رابردووهوه بەریتانیا و ئەمریکا بهكارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە خەڵک دەستی پێکردووە و ملیۆنان کەس لەو وڵاتانە بەکاریان هێناوە، هاوکات وەزارەتی تەندروستیی ئێران و حکومەتی کوبا رایانگەیاندووە: کار لەسەر دروستکردنی ڤاکسینێکی کۆرۆنا دەکەن و ڤاکسینەکەش لە دوو وڵات تاقی دەکرێتەوە.
وەزیری تەندروستی ئێران دهشڵێت: "گومانی زۆر لەسەر شێوەی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنای ئەمریکا هەیە و رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی بەرگریی لەش".
حکومەتی بهریتانیا رۆژی 8ی ئهم مانگه، بڕیاریدا بە رێگەدان بە بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای کۆمپانیای مۆدێرنا، بەوەش بووە سێیەمین ڤاکسین کە حکومەتی وڵاتەکە تا ئێستا پەسەندیکردووە بۆ بەکارهێنان.
دامەزراوەی دەرمانی بریتانیا و دەزگای رێکخستنی دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکانی وڵاتەکە، لە 30ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردودا رەزامەندی نیشاندابوو لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی ئۆکسفۆرد- ئەسترازینیکا، بڕیاریشه لە ماوەی نێوان کۆتایی ئەم مانگە بۆ ناوەڕاستی مانگی شوبات/ ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ وڵاتانی هەژار دابین بکرێت.
پێشتریش لهراگهیهندراوێكدا کریستۆف هێملمەن نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تاران رایگهیاندبوو: "ئێران وەک وڵاتانی دیکە هەوڵدەدات ڤاکسینی کۆرۆنا بەرهەمبێنێت، بەڵام نیگەرانی لەبارەی سەلامەتی ڤاکسینەکە هەیە و ئەوان وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی نایانەوێت ئێران ڤاکسینێک بەرهەمبێنێت کە زیانی لە قازانج زیاتر بێت".
نوێنەرەکەی (WHO) داوای كرد، ئێران ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رابگەیهنێت و دەڵێت، ئەو رێکخراوە بۆ سەلامەتبوونی هەر ڤاکسینێک رێوشوێنی زۆر تووند دەگرێتەبەر و لە هەموو بوارێکەوە تاوتوێی ڤاکسینەکە دەکات، کە زیان بە مرۆڤ نەگەیهنێت.
بهگوێرهی ئامارهكانی وهزارهتی تهندروستی ئێران، تا ئێستا ملیۆنێك و 286 ههزار و 406 كهس تووشی ڤایرۆسهكه بوون و 5968 كهسیش گیانیان لهدهستداوه و ملیۆنێك و 74 ههزار و 887 كهسیش چاكبوونهتهوه.