وردەكاری رێككەوتنی نێوان لایەنەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئاشكرادەكرێت

عیراق

17/01/2021‌ 570 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری پێشوتری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاشكرایدەكات، لەكۆتا كۆبونەوەی سەرۆكایەتییەكان‌و لایەنە سیاسییەكان ڕێككەوتون لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەمانگی حوزەیرانەوە بۆ كاتێكی دیكە.

بەها ئەعرەجی لەتویتێكدا كە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵایكردوەتەوە نوسیویەتی:"هەڵبژاردنی پێشوەختە لەكاتی خۆیدا ئەنجامنادرێت‌و دواخستن‌و دیاریكردنی وادەی نوێش بەرپرسیارێتییەكەی لەئەستۆی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانە".

ئەعرەجی باسی لەوەشكردوە، بەشێك لەلایەنەكان دەیانەوێت لەوادەیەكی نزیكدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەتایبەت لەمانگی موحەڕەمدا بێت‌و هەست‌و سۆزی خەڵكی بقۆزنەوە، جەختی لەوەشكردوەتەوە، بەمنزیكانە وادەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕادەگەیەنرێت.

هەرچەندە پێشتر سەرۆك وەزیرانی عێراق مانگی شه‌شى ئه‌مساڵى بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوختە له‌عێراق دیاریكردبوو، بەڵام لەگەڵ نزیكبونەوەی ئەو وادەیە، دەنگۆی دواخستنی هەیەو لەئێستاشدا لایەنەكان كۆبونەوە ئەنجامدەدەن‌و ئامادەكاری بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی دەكەن لەئێستاوە.

هاوكات لەبارەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكان، هەفتەی پێشوو سەرۆكایەتییەكانی عێراق كۆبونەوە، بەڵام بەفەرمی هیچ شتێكیان لەبارەی دواخستنیەوە ڕانەگەیاندوە.