شارپرێس:
حکومەتی قەتەر ڕەتیکردهوه، لەبەرامبەر داواکارییەکانی ئیمارات دەستبەرداری دۆستایەتی وڵاتانی ئێرانو تورکیا بێت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئهو وڵاتهش دەڵێت:"دەوحە هەڵوێستی ئەو لایەنانە بەرزدەنرخێنێت کە لەکاتی گەمارۆکاندا لەپاڵیدا وەستان".
لوئلوئە خاتر خانمە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی "مەیدان"ی سەر بەتۆڕی "جەزیرە" ڕایگەیاند، "لەڕاستیدا ئیمارات ئەو جۆرە داواکارییەی نەکردوە، لەبەرئەوەی سعودییە نوێنەرایەتی هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کە گەمارۆیان خستەسەر قەتەرو لەگفتوگۆکانیشدا باس لەسیاسەتی دەرەکیی هیچ وڵاتێک نەکراوە، بەڵکو جەخت لەسەر پرەنسیپی دەستتێوەرنەدان لەکاروباری یەکتر کراوەتەوە".
خاتر ئاماژەی بەوەشکردوە، "پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ ئێرانو تورکیا لەوپەڕی باشیدایەو ئەوان هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە بەرز دەنرخێنن کە لەکاتی قەیرانی کەنداوو گەمارۆکانی سەر قەتەر لەپاڵیاندا وەستانو هاوکارییانکردن".
لەماوەی ڕابردودا ئەنوەر قرقاش وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاندبوو، پێویستە قەتەر لەچوارچێوەی هەنگاوەکانی دروستکردنەوەی متمانەی دوولایەنە لەدوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی ئاشتەوایی وڵاتانی کەنداو کە لەمیانی لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لەسعودییە بهسترا، چاو بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی تورکیاو ئێراندا بخشێنێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
