ئەردۆغان پلانێك بۆ قەدەغەكردنى هه‌ده‌په‌ داده‌ڕێژێت

کوردستان

26/02/2021‌ 963 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەیەکی شیکاریی تورکی ئاشکرای کردووە کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەژادپەرستی تورکی پلانێکی مەترسیداریان دژ بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و سیاسەتمەدارانی ئەو پارتە بەدەستەوەیە، بەشێوەیەک نەوەک هەر دەیانەوێت ئەو پارتە دابخەن، بەڵکو پلانی ئەوەیان هەیە بەیەکجارەکیی لەسەر نەخشەی سیاسیی تورکیا بیسڕنەوە و کۆتایی بە ژیانی سیاسیی سیاسەتمەدارەکانی بهێنن.


 بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی پێگەی ( Aktifhaber)ی تورکی، هەریەک لە رەجەب تەییب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی پلانی ئەوەیان هەیە لەدوای داخستنی هەدەپە ڕێگە نەدەن ئەو پارتە لەژێر ناوێکی تردا بگەڕێتەوە بۆناو ژیانی سیاسیی لە تورکیا، بەشێوەیەک حکوومەت کۆتوبەندێکی ئەوتۆ دەخاتە سەر ئەو پارتە کە نەبێتەوە بە ناوکی درووستبوونی پارتێکی سیاسیی نوێ.

پێگەکە دەڵێت قەدەغەکە هەر بەوەوە ناوەستێت، بەڵکو ئەردۆغان پلانی ئەوەی هەیە قەدەغەی هەمیشەیی کاری سیاسیی بەسەر سیاسەتمەدارانی هەدەپەدا بسەپێنن و بەیەکجارەکی هەموو جۆرە جموجۆڵێکی سیاسییان لێ قەدەغە دەکرێت.

هەرچەندە بەپێی دەستووری تورکیا ئەندامانی ئەو پارتانەی قەدەغە دەکرێن، لەوانە دامەزرێنەرانی ئەو پارتە، بۆیان نییە بۆماوەی پێنج ساڵ لەڕێکەوتی قەدەغەکردنەکەوە کاری سیاسیی بکەن، بەڵام ئەردۆغان پلانی هەیە قەدەغەکە بەرانبەر بە هەدەپە بگۆڕێت بۆ قەدەغەی هەمیشەیی.

هەروەک بەپێی ماددەی ١٠١ ی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا، دەکرێت داوای داخستنی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بکرێت.
ئاكۆ ئاڵى