هەڕەشەی سزادان دەکات.. کازمى سێ رۆژ ماتەمینی بۆ رووداوی سوتانى نەخۆشخانەى ئیبن خەتیبەوە راگەیاند

عیراق

25/04/2021‌ 794 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بەهۆی روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبەوە کە تیایدا ٢٣ کەس گیانیان لەدەستدا، سێ رۆژ ماتەمینی سەرانسەری راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سێ رۆژ ماتەمینی بەهۆی روداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە کۆرۆنا لەسەر تاسەری وڵات راگەیاند.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رایگەیاند، ئەم جۆرە روداوانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کەمتەرخەمیکردن هەیە و دەبێت دەستبەجێ هەموولێکۆڵینەوەکان دەست پپێبکەن و هەریەک لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و ئاسایش و بەشی چاککردنەوە و وەرشەی نەخۆشخانەکە و هەر کەسێک پەیوەندی بە روداوەکەوە هەبێت و دەرکەوێت کەمتەرخەمی کردووە لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

سەرۆک وەزیران جەختیکردوەتەوە نابێت هیچ کەس بڵێت ئەمە شۆرتی کارەبا بووە، ئەمە شەرمەزارییە، لەمەودوا هەر فەرمانگەیەک بە شۆرتی کارەبا ئاگر بکەوێتەوە سەرجەم کارمەندەکانی لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

کازمى ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بکرێت و ئەنجامەکەشی ئاشکرا بکرێت و  ئەوانەی کەمتەرخەمیانکردووە سزا بدرێن، دەشڵێت، کەمترخەمی کردن و پشتگوێخستن لەم جۆرە کارانە هەڵەنیە، بەڵکو تاوانە، هەر بۆیە دەبێت هەموو ئەوانەی کەمتەرخەمییان کردووە بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن.

سەرۆک وەزیران داواشی کرد لیژنەیەک لە سەرجەم وەزارەتەکان پێکبهێندرێت بۆ بەدواداچوون و پشکنینی دۆخی سەلامەتی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و ئوتێل و شوێنە گشتییەکان لەماوەی یەکه هەفتەدا لەسەر تاسەری عێراقدا ئەنجامبدرێت.

ناوبراو روونیشیکردوتەوە، دەبێت هەر فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەک خودی بەڕێوەبەرەکەی پشکنین بۆ فەرمانگەکەی بکات و سەلامەتی فەرمانگەکەی دەستنیشان بکات.

کازمی رجەختیشیکردەوە کە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بە شەهید هەژمار دەکرێن و هەموو مافێکی شەهیدانە بۆ بنەماڵەکانیان دەبڕدرێتەوە و بریندارەکانیش گەر پێویست بکات، لەسەر ئەرکی حوکەمت دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات و ئەگەر پێویستیش نەکات کۆی چارەسەرەکانیان لە ناو خۆیی وڵات بێ بەرامبەر پێیان دەدرێت.

شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا لە بەغدا کەوتەوە و بەوهۆیەوە ٢٣ کەس گیانیان لە دەستدا و دەیانی دیکە برینداربوون.

س.هـ