پەیامەکانی داعش لە هێرشەکانی ئەمدواییەیدا چین؟

عیراق

02/05/2021‌ 1043 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی بەفەرمی کۆتاییهاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەعێراق و سوریا راگەیاندراوە، بەڵام ناوبەناو ئەو ڕێکخراوە لێرەو لەوێ کردەوەی تیرۆریستی دژ بە هێزەکانی پیشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجام دەدات، لەماوەی دوورۆژی رابردووشدا، ئەو ڕێکخراوە لەچەندین شاری عێراق هێرش و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە.

بەرپرسانی ئەمنیی عێراقیی رایدەگەیەنن کە لە شەوی هەینی رابردووەوە تاوەکو رۆژی شەممە بەهۆی زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستی داعش لەناوچە جیاجیاکانی عێراق،  ١٨ عێراقیی گیانیان لەدەستداوە.
ئەو هێرشانە پرسیارێکی هێناوەتە گۆڕێ کە ئایا داعش جارێکی تر بەهێزەوە گەڕاوەتەوە گۆڕەپانەکە، یان هۆکاری ئەو هەڵکشانە لەناکاوەی هێرش و چالاکییەکانی داعش چییە؟.

لەوبارەیەوە خالید یەعقوبی شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقیی دەڵێت "کەمتەرخەمیی ئەمنیی" هۆکاری هەڵکشانی هێرشەکانی داعشە، کەبەلای ئەوەوە ئەو کەمتەرخەمییە پەیوەندی بە ململانی سیاسییەکانەوە هەیە.

یەعقوبی بە کەناڵی "حوڕڕە"ی ئەمەریکی وتووە: کاتێک عێراق لەپێشوازی هەڵبژاردندا دەبێت، ئەو کەمتەرخەمییە ئەمنییە درووستدەبێت، لەبەرئەوەی دۆسیەی سیاسیی کاریگەریی لەسەر دۆسیەی ئەمنیی دەبێت، ئەو کەمتەرخەمییەش لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە دەقۆزرێتەوە.

یەعقوبی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان هەوڵی شێواندنی ئاسایشی عێراق دەدەن، تاوەکو دەستکەوتی سیاسیی بەدەست بهێنن، هەروەها وتوویەتی:"رەوتگەلێکی سیاسی هەیە کە تەنها دەتوانێت لەدۆخی ئاژاوە و بێسەرەوبەرەییدا بژیت و گەشە بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی ناوی ئەم رەوتانە بهێنێت.

لای خۆیەوە، ئەیاد عەنبەر شرۆڤەکاری سیاسیی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەمدواییە وەک جۆرێک لەگەڕانەوەی داعش هەژمارناکرێت، بەڵکو ئەو ڕێکخراوە دەیەوێت پەیامی ئەوە بنێرێت کە هێشتا ماوە و لەسەر گۆڕەپانەکە ئامادەیە.

سەبارەت بە رووداوەکانی ئەمدواییە عەنبەر دەڵێت: ئەو گەڕانەوەیە بەهێزەوە نییە، بەڵکو تاکتیکێکی دیاریکراون بۆ قۆستنەوەی ئەو ناوچانەی لەڕووی ئەمنییەوە فشەڵن، واتە جۆرێکە لە ناردنی پەیام کە ئەویش ئەوەیە کە لەسەر گۆرەپانەکە ماوە و دەتوانێت تاکتیکی گەڕانەوە بەکاربهێنێت.

ئەو شرۆڤەکارە عێراقییەوە وایدەبینێت کە هۆکاری هێرشەکانی ئەمدواییە شکستی ئەمنیی دەزگا ئەمنییەکانی عێراقە، بەوپێیەی سەرەرای ئەوەی ڕێکخراوی داعش لەناو عێراقدا شکستیپێهێنراوە، بەڵام سەرچاوەکانی هێشتا وشک نەکراون، ئەوە جگە لە بڵاوبوونەوەی فیکری ئەو ڕێکخراوە.

عەنبەر ئاماژەى بەوەشکردوە کە کەموکوڕی لە ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنییدا هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە ئەو ناوچانەی لەساڵانی رابردوودا بەناوچەی گەرم هەژماردەکران، هێشتا داعش بوونی تێیاندا هەیە، بۆیە داعش خۆی کاتی ئەنجامدانی هێرشەکانی دەستنیشان دەکات.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی