شارپرێس وردەكاری کۆبوونەوەکانى سەرۆكایەتی هەرێم بۆ سلێمانی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

04/05/2021‌ 1222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەسەر وردەكاری كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكان لە سلێمانی، وتەبێژی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكایەتی هەرێم پرۆژەیەكیان هەیە بۆ نوسینەوەی دەستور، بەڵام پێویستی بە میكانیزمێكە بۆ نوسینەوەی.

ئەمڕۆ سێ شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە یاوەری هەریەك لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر جێگرانی سەرۆكی هەرێم گەیشتە شاری سلێمانی، سەرەتا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردوو لەگەڵ رێكخەری گشتی و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبەدا كۆبویەوە.

بەختیار محەمەد، وتەبێژی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بە شارپرێسی راگەیاند، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەسیاسیەكان پرسی نوسینەوەی دەستورێكە بۆ هەرێمی كوردستان كە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان و كەسایەتییەكان بەشداربن لە نوسینەوەیدا، دواجار دەستورێكی گشتگیر بۆ هەرێمی كوردستان بنوسرێتەوە.

وتیشی، مەبەستێكی تری سەردانەكە باسكردن بوو لە یەك دەنگی كورد، كە هەرێمی كوردستان لە ئایندە رووبەڕووی تەحەدیاتی نوێ دەبێتەوە، هەم لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكانی عێراق و هەم لە شێوازی حكومڕانی هەرێم، بۆئەوەی بە یەكگوتاری بتوانن تێیپەڕێنن.

"سەرۆكایەتی هەرێم پرۆژەیەكیان هەیە بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێم و پێویستی بە میكانیزمە، میكانیزمەكە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ حزب و لایەنەكان ئەوانەی دنیابینی خۆیان بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان خستۆتەڕوو، پشتگیری لەو هەوڵەی سەرۆكی هەرێم دەكەن" بەختیار محەمەد وای وت.

باسی لەوەشكرد، بەپێی میكانیزمەكە لیژنەیەك بۆ نوسینەوەی دەستور پێكدەهێنرێت، ئەولایەنانەی بڕیاریان داوە بەشداربن لە نوسینەوەی دەستوردا بەپێی ئەو میكانیزمە بەشداردەبن، كۆبونەوەی تریش دەكرێت لەسەر ئەو پرسە.

سەبارەت بە كاتی نوسینەوەی دەستور وتی، دەستور بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە و بۆ تەنها كەسێك و لایەنێك نییە و پێویستی بە كۆدەنگییە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەرێمێك كە خاوەن دەستور نییە نوسینەوەی ئاسان نییە و پێویستی بە كاتە.

لەبارەی هەڵوێستی حزبی سۆسیالستەوە ئاماژەی بەوەكرد پشتگیری هەوڵەكەی سەرۆكی هەرێمیان كردووە و ئامادەی خۆیان نیشانداوە بۆ بەشداریكردن لە نوسینەوەی دەستوردا، وتی، سەرۆكایەتی هەرێم لەگەل ئەوەدایە دەستورێكی گشتگیر بۆ هەرێمی كوردستان دروستببێت و هەمولایەنە سیاسیەكان و كەسایەتیەكان و كرێكار و فەرمانبەران بەشداربن لە نوسینەوەی دەستوردا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا چەند پرسێک گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، یەکێک لەوانە پرسی یەک گوتاری کوردە بۆ داهاتوی عێراق و چۆنیەتی پاراستنی دەسکەوتەکانی کورد لە بەغدا.

ئاماژەى بەوەشکرد، پرسێکی دیکە کە گفتوگۆی لەبارەوەکرا پرسی نوسینەوە و تەواوکردنی دەستوری هەرێمی کوردستانە، ئێمە لەگەڵ دەستورێکی پیشکەتوو مەدەنیدان، دەستورێک کە سیستەمی پەرلەمانی و سەروەری یاسا و شەفافیەت و پرەنسیپەکانی لامەرکەزی لە خۆیدا کۆبکاتەوە.

سەرۆكایەتی هەرێم، دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان روویان لە دەباشان كرد، لەگەڵ هاوسەرۆكانی یەكێتی و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبەدا كۆبونەوە، دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەكە هیچ یەكێك لە ئەندامانی شاندی سەرۆكایەتی هەرێم و شاندی یەكێتی ئامادەنەبوون قسە بۆ دەزگاكانی راگەیاند بكەن.

كۆتا وێستگەی سەردان و كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ حزبی سۆسیالست دیموكراتی كردستاندا بوو لە گوندی گۆڵەخانە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای ئەو حزبەدا كۆبویەوە.

دوای كۆتایهاتنی كۆبونەوەكە، محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە كۆبونەوەی پێشووی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنەسیاسیەكاندا باسكرا، ئه‌مڕۆدا جارێكی دیكه‌ جه‌ختكرایه‌وه‌ و میكانیزمی كاركردنی مه‌له‌سه‌ی ده‌ستور ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

ئەوەی زانراوە ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكایەتی هەرێم باسكردنی پرسی نوسینەوەی دەستوربووە، وتەبێژی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، سەرۆكایەتی هەرێم پرژەیەكیان ئامادەكردووە بۆ نوسینەوەی دەستور و تەنها میكانیزمەكەی ماوە.

پرۆژەی دەستوری هەرێم لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا بە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی پەسەندكرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لایەنەكانی ترەوە پرۆژەكە نەخرایە راپرسییەوە.

ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی دروستكردن بە بەشدارنی حزبەكانی بەشدار لە حكومەتی هەرێم كە پێكهاتبوون لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەگرتوو كۆمەڵ، بۆ نوسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم، هەرچەندە لیژنەیەكە بەشی زۆری پرۆژەكەی نوسیەوە، بەڵام بەهۆی داخستنی پەرلەمانەوە وادەكەیان كۆتایهات و نەیاتوانی نوسینەوەی رەشنوسەكە تەواو بكەن.