فڕۆکەوانه‌كه‌ى کەسى سەرەکیی پیلانەکە بوه‌
ئه‌مریكا 638 جار هه‌وڵیداوه‌ كاسترۆ بكوژێت

مەلەفی تایبەت

08/05/2021‌ 3484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی بەڵگەنامە نهێنییەکان کە بەمدواییە لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی)یەوە ئاشکراکراوە، ئه‌و ئاژانسه‌ 638 جار هەواڵی تیرۆرکردنی فیدڵ کاسترۆی ڕێبەری کۆچکردوی وڵاتی کوبای داوە.


لەبەڵگەنامەکاندا باس لەوەشکراوە، چەندین ڕێگای جیاواز بۆ لەناوبردنی کاسترۆ بەکارهێنراوە، لەوانە جگەرەی ژەهراوی‌و نەعلی ژەهراوی‌و بۆمبی دەستی‌و بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل.

باس لەوەشکراوە، کۆنترین هەوڵی تیرۆرکردنی کاسترۆ ساڵی 1960 بووە کاتێک سیخوڕەکان 10 هەزار دۆلاریان خستە بەردەم فڕۆکەوانی فڕۆکەکەی ڕێبەری کوبا بۆئەوەی لەڕێگای گەڕانەوە لەنێوان پراگ بۆ هاڤانە ڕووداوێک بۆ لەناوبردنی دروستبکات.

بەڵگەنامەکان ئەوەشیان دەرخستووە، کەسایەتی سەرەکیی پیلانەکە (خۆسییە ڕائول مارتینیز)ی فڕۆکەوانی کوبیی‌و سیخوڕی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بووە کە سەرپەرشتی گەشتی گواستنەوەی کاسترۆی بۆ وڵاتی چیکوسلۆڤاکیا کردووە.

بەپێی بەڵگەنامەکان، مارتینیز بەخێرایی ئەو زانیاریانەی گەیاندۆتە ویلیام مۆرای بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بەوەی ئەو گەشتە ئەنجامدەدرێت‌و پێویستە هەوڵی لەناوبردنی بدرێت، بەڵام بەرپرسانی سی ئای ئەی لەهاڤانا داوایانکرد کە دەبێت پرۆسەکە ڕابگیرێت، بێئەوەی بتوانرێت پەیوەندی بەفڕۆکەوانەکەوە بکرێت، لەکاتی گەڕانەوەشیدا فڕۆکەوانەکە ئاماژەی بەوەکرد، نەیتوانیوە کە ئەو ڕووداوە ڕێکبخات کە دەبوو بەهۆیەوە کاسترۆ بکوژێت.

ئاژانسە ئەمریکییەکە باسی لەوەشکردووە، فیدڵ کاسترۆ لەوکاتەوە لەساڵی 1959 دەسەڵاتی گرتۆتەدەست، تەحەدای 11 سەرۆکی ئەمریکاى كردوه‌و لەچەندین پیلانی تیرۆرکردن‌و کودەتا بەسەرکردنیشدا ڕزگاری بووە.

و: ئاکۆ ئاڵی