زۆر ئاوخواردنەوە مرۆڤ لەچەندین نەخۆشیی دەپارێزێت

تەندروستی

04/06/2021‌ 835 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پۆرتاڵی " بەوابە ئەلئەهرام"ی میسری، پسپۆڕێکی خۆراکیی ئاشکرایکردووە کە زۆر خواردنەوەی ئاو یارمەتی پاراستنی تەندرووستیی جەستە دەدات و کەسەکە لەتووشبوون بە چەندین نەخۆشیی دەپارێزێت.

پێگەکە لە ئەحمەد دیاب راوێژکاری خۆراکپێدانی چارەسەری گواستوویەتییەوە کە وتویەتی" زۆر خواردنەوەی ئاو یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات، لەبەرئەوەی حەزی خواردن کەمدەکاتەوە و بەشێوەیەکی ڕێژەیەیی هەستی تێربوون و پڕبوونی گەدە بە کەسەکە دەبەخشێت".

دیاب ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە یەکێکی تر لە سوودە گەورەکانی ئاو زۆر خواردنەوە ئەوەیە کە مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ کەمدەکاتەوە، بەشێوەیەک، بەپێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەکی ئەمەریکی، ئەوکەسانەی رۆژانە زیاتر لە پێنج کوپ ئاو دەخۆنەوە، ئەوە بەراورد بەوانەی رۆژانە دوو کوپ ئاو دەخۆنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ  بەڕێژەی لەسەدا ٤١ کەمتر دەبێتەوە.

پسپۆرە میسرییەکە ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە کەمخواردنەوەی ئاو دەبێتە هۆی درووستبوونی ژانەسەر، لەبەرئەوەی جەستە وشک دەبێتەوە و لەئاکامدا ئازار لەسەری کەسەکەدا درووست دەبێت.

یەکێکی تر لەسوودەکانی زۆر خواردنەوەی ئاو بریتییە لە گەشکردنەوەی پێست و ڕەونەقدارکردنی، ئەمەش لای خۆیەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر پاراستنی تەندوروستیی پێست و جوان و کراوەی دەکات.

دیاب روونیکردۆتەوە کە ئاو خواردنەوەی زۆر جەستە لە ژەهر و پاشەڕۆکانیش پاکدەکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر بێت و لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی