لێکۆڵینەوەیەک : نەخواردنی ماسی لە جگەرەکێشان زیاتر تەمەنی مرۆڤ کەمدەکاتەوە

هەمەڕەنگ

21/07/2021‌ 985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەوەی دەرخستووە کە نەخواردنی ماسیی بەبەردەوامی لەجگەرەکێشان زیاتر کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی تێکڕای تەمەنی پێشبینیکراوی مرۆڤ هەیە.

 
زاناکان وتویانە کەمی ئاستی ترشە چەورییەکان و کەمی ئۆمیگا ٣ لەناو سیستەمی خۆراکیدا تاڕادەی پێنج ساڵ تەمەنی مرۆڤ کەمدەکاتەوە، لەبەرئەوەی وەک زانراوە کە ئەو چەورییەی لەناو ماسیدا هەیە بۆ تەندرووستیی دڵ و ڕێگریکردن لە بە کڵۆبوونی خوێن بەسوودە.

 
بەراورد بە کاریگەرییەکانی جگەرە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە جگەرەکێشان ٤ ساڵ لە تێکرای تەمەنی پێشبینیکراوی مرۆڤ کەمدەکاتەوە، لەکاتێکدا  کەمی ئەو چەوریانەی لەناو ماسیدا هەیە، پێنج ساڵ تێکرای تەمەنی مرۆڤ کەمدەکاتەوە.

لەوبارەیەوە، دوکتۆر مایکڵ ماکبێرنی توێژەری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی گێڵف لە کەنەدا دەڵێت " ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لەیابان  تێکڕای پێنوێنی ئۆمیگا ٣  لەسەروو لەسەدا ٨ دەبێت ، تێکرای تەمەنیش لەو وڵاتە بەراورد بە  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ٥ ساڵ زیاترە کە تێکرای پێنوێنی ئۆمیگا ٣ تێیدا نزیکەی٥٪.

بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، جگەرەکێشان و کەمی ئۆمیگا ٣ دوو فاکتەری مەترسین لەسەر تەندوروستیی مرۆڤ کە بەئاسانی دەتوانرێت گۆڕانکاریان تێدا درووست بکرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی