دوایین زانیاریی لەسەر دانوستانی دیمەشق‌و ڕۆژئاواى كوردستان ئاشکرادەکرێت

کوردستان

06/12/2021‌ 2379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ميدياى ڕوسیی چەند نهێنییەک سەبارەت بەدانوستانی نێوان ڕژێمی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان تایبه‌ت بەئایندەی ڕۆژئاواو هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکراده‌كات، ده‌ڵێت:"مۆسکۆ مەبەستیەتی هەرچۆنێک بێت دەسەڵاتی دیمەشق بگەیەنێتەوە ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)".


ڕۆژنامەی "نیزاڤیسیامایا گازێتا"ی ڕوسیی لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت:"لەم ماوەیەدا مۆسکۆ پەیوەندیی بەلایەندیکردنی بەلایەنە کوردییەکانەوە چڕترکردۆتەوە بۆئەوەی هاوکاریی لەگەیاندنەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوکاری مۆسکۆ بکەن، بۆئەوەش ئەگەری نوێی دانوستانی کوردو دیمەشق کارلێکی ئابوریی‌و سیاسیی ئەو دوو لایەنە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕژێمی سوریا سورە لەسەرئەوەی هێزە کوردییەکان کە کۆنترۆڵی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردوە بەتەواوەتیی هەڵبوەشێنرێنەوەو کێڵگە نەوتییەکانیش بگەڕێنرێنەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق، لەکاتێکدا کوردەکان زۆر بەلایانەوە گرنگە بەشێوەیەکی یاسایی دان بەستاتۆکەیاندا بنرێت.

لەوبارەیەوە، ئەنتۆن مارداسۆڤ توێژەر لەپەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەواشنتۆن‌و پسپۆڕ لەئەنجومەنی ڕوسی بۆ کاروبارە نێودەوڵەتییەکان وتویەتی:"چڕکردنەوەی دانوستانی نێوان هەسەدەو دیمەشق بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بەپرسی سوریا دەگەڕێتەوە".

ماداسۆڤ دەڵێت:"ئیدارەی بایدن هەڵوێستێکی مامناوەندی لەپرسی سوریا وەرگرتوە، لەکاتێکدا واپیشان نادات کە هیچ گرنگییەکی ئەووتۆ بەدۆخی ئەو وڵاتە دەدات‌و قەیرانی سوریا کاری لەپێشینەی ئەو نییە کە ڕەنگە ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئیدارەی بایدن نایەوێت مشتومڕی ناپێویست بوروژێنێت‌و پارێزگاری لەبونی سەربازیی خۆی لەسوریا بکات".

دەشڵێت:"هەرچەندە کوردەکان لەناوەندە دیبلۆماسیی‌و سەربازییەکانەوە گەرەنتیان لەواشنتۆنەوە وەرگرتوەو شاندە ئەمریکییەکان بەردەوام سەردانى ناوچەکەیان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەست بەنیگەرانی دەکەن‌و بڕیاری ترەمپ بۆ کێشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان‌و کشانەوەی کتوپڕی ئیدارەی بایدنیان لەئەفغانستان لەبەرچاوە".

توێژەرە ڕوسییەکە لەکۆتاییدا دەڵێت:"کوردانی سوریا دەرگای دانوستان لەگەڵ مۆسکۆو دیمەشق داناخەن، بەڵام پێناچێت گەڕی نوێی دانوستانی ڕژێم‌و هەسەدە هیچی تازە لەخۆبگرێت، لەبەرئەوەی هەرچەندە بەرپرسانی کورد دەڵێن ئامادەن هاوکاریی لەگەڵ دیمەشق بکەن تەنانەت لەبابەتی دەرهێنانی نەوتیشدا، بەڵام ئەوانیش لەڕوی سیاسییەوە کاری لەپێشینەی خۆیان هەیە کە دیمەشق هەرگیز ئەو دەستکەوتانەیان پێنادات".